شوکری خودا کە قادری موشکیل گوشایە غەوس
|
بۆ غونچەیی دڵی من و تۆ بای سەبایە غەوس
|
شوکری خودا کە مەنزەری دنیا و قیامەتە
|
بۆ ئێمە یەعنی جامی دوو گیتی نەمایە غەوس
|
شوکری خودا کە بۆ دڵی پڕ چڵکی مەعسیەت
|
وەک سەیقەلێکی ژەنگی کەدوورەت زەدایە غەوس
|
ماهێکی وایە ساکینی بورجی ویلایەتە
|
شاهێکی وایە خاوەنی تاجی ڕەزایە غەوس
|
ئەولادی چیرەدەستی شەجاعەتمەدارە شەیخ
|
ئەحفادی خۆشەویستی شەفاعەتپەنایە غەوس
|
یەکدانە دوڕڕەکەی سەدەفی فاتمەی بەتوول
|
تاقانە سەروەکەی حەسەنی موجتەبایە غەوس
|
مورغی درەختی عالەمی ئەڕواحە، دانەشی
|
فەرموویە خۆی کە نووری تەجەللی خودایە غەوس
|
میهری سوپیهری مەعریفەتە و هەوری ڕەحمەتە
|
دەریایی لوتفە، مەنبەعی جوود و عەتایە غەوس
|
سەرداری خێڵی قادری و نەقشەبەندییە
|
ئوستادی هۆزی ئەهلی تەکێو خانەقایە غەوس
|
حەپسی نەجاتی مەحزە، غەمی عەینی شادییە
|
زام و برینی مەڵحەمە، دەردی دەوایە غەوس
|
عەنقایی قافی غیرەتە، بازی تەریقەتە
|
قوربییەتی سەعادەتە، یەعنی هومایە غەوس
|
کەنناسی ڕێی موریدە، موریدی خەلیفەیە
|
فیرقەی خەلیفە شێخن و شێخی مەلایە غەوس
|
بڕوانە حیشمەتی کە لە عەرسەی بوزورگییا
|
ئەسپ و وەزیری مەملەکەتی، فیل و شایە غەوس
|
قوتبی زەمان ئەگەر نییە ئەی مونکیرینە بۆچ
|
پێی وا لەبانی شانی هەموو ئەولیایە غەوس
|
ئەبدال، ئەگەر ڕیجال، ئەگەر ئەوتاد، ئەگەر وەلی
|
بەخوا هەموو پەپوولەن، ئەوان و چرایە غەوس
|
لەم چۆڵی پڕ لە حۆلی بیابان و زوڵمەتە
|
وەک «خدر»ی زیندە ڕابەری ڕێگەی هودایە غەوس
|
سەحنی مونیفی دائیرەیی سیححەتی وجوود
|
قوببەی شەریفی مەرکەزی دار الشِّفایە غەوس
|
بۆ ئاستانەکەی وەرە ئەی تیرە دڵ نەخۆش
|
هەر حوجرەیێکی «ڕۆتکەن»ی سەد کارەبایە غەوس
|
دار و درەختی حەسرەتی عوودی قومارییە
|
خاشاک و خۆڵی ڕەشکی عەبیری خەتایە غەوس
|
بۆ دەستی ڕەعشەداری لەپێکەوتووانی عەشق
|
یادێکی ئیعتیدالی قەدی سەد عەسایە غەوس
|
بۆ قەتڵی زەیبەقی هەوەس و هەژدەهای لەعین
|
تلیاکە خاکی، مەرقەدی ئیقلیمیایە غەوس
|
خۆزگەم بە خۆم کە خاکی نەزەرگەی ئەوم بە ڕۆح
|
چونکی نەزارەیێکی هەزار کیمیایە غەوس
|
بێخود نەکەی خەیاڵی تەداوی بە غەیری ئەو
|
لوتفێکی سەد دەوای وەکوو عَرَق النِّسایە، غەوس
|