ئەگەر شاهم، وەگەر شاهین و بازم يا رسول الله
|
وەتەن ئاوارە و هێلانەوازم يا رسول الله
|
بە ڕۆژ پەروانەیێکی دڵشکاو و بێ پەڕوباڵم
|
بە شەو شەمعێکی پڕ سۆز و گودازم يا رسول الله
|
لە تێغی قەهر و ڕوتبەی ئیلتیفاتی تۆوەیە قوربان
|
ئەگەر گەردەنکەچم یا سەرفەرازم يا رسول الله
|
بە وەرچەرخاندنێکی ڕووت هەتا هەم کەوتووم بێناز
|
بە لوتفێکت لە عالەم بێ نیازم يا رسول الله
|
لە تێکۆشینی ڕزگاری منی ئاوارەدا کول بوون
|
هەموو باپیرەکانی دڵنەوازم يا رسول الله
|
ئیتر هەر خۆت ئەبێ چارەم بفەرمووی چونکە هەر خۆتی
|
تکاکارم، موعینم، چارە سازم، يا رسول الله
|
ئەزانم خۆ خیلافی ئەمری تۆم زۆر کردووە، ئەمما...
|
کوڕی خۆتم بە لوتفی تۆ ئەنازم يا رسول الله
|
نەجاتم گەر بدەی زوو بۆ تەوافت حازرم، یەعنی...
|
بە کەعبەی ڕووت ڕووەو خاکی حیجازم يا رسول الله
|
غوڵامێکم ئەوا خۆم خستە قاپی غیرەتی تۆوە
|
بەناو «مەحموود» م ئەمما هەر «ئەیاز»م يا رسول الله
|