دیوانی بێخود/و
1
editبِحَمْدِ الله عەجایب نەوبەهارێ نیکهەت ئەفزا بوو | لە باخی خانەدانێ غونچەیێکی تازە پەیدا بوو |
محەممەد عارفی مەخدوومی زاتێکی حەسەن خوڵقی | لە بەحری مەعریفەتدا في الحَقيقَة دوڕڕی یەکتا بوو |
خیرەد بۆ ساڵی تەئریخی لە دایکبوونی ئەو فەرمووی: | لە جۆباری نەجابەت سەرونازێ جیلوەئارا بوو |
2
editفەلەک ئیمساڵ لەگەڵمان هەر بە پەشم و کین و حیددەت بوو | بەراتی بۆ هەموو شێخ و مەلا ڕەنج و مەرارەت بوو |
بەشی خەڵقی «بەهارە»ی بێ «مرۆر»ی سیححەت و شادی | بەشی ئێمەش هەموو «حاجی بەیان»ی دەرد و میحنەت بوو |
ڕەفیقێکمان هەبوو ئێمەی غەریقی بەحری زەحمەت کرد | بەڵام خۆی وەک دوڕڕی یەکتا سەدەف بەرداری ڕەحمەت بوو |
ئیمام و واعیزی مزگەوتی پاشا شێخ عومەر یەعنی | خەلیفەی نەقشبەندی، خادیمی شەرع و دیانەت بوو |
کە پرسیم ساڵی غوفرانی لە مامۆستای خیرەد، فەرمووی: | ئیمامێ بازی ڕۆحی ئاشیان ئارای جەننەت بوو |
وەلی عەهدی لەپاش خۆی شێخ محەممەد بوو بِحَمدِ اللّه | لە عەسری خۆشیا هەر ئیشی تەدریس و ئیمامەت بوو |
خودا کوێری نەکەی ئەو خانەدانی عیلم و عیرفانە | هەتا عالەم بمێنێ، چونکە هەر یانەی فەزیلەت بوو |
3
editلە یارانی وەفاداران ئەدیبێکی زەکی مابوو | لەپڕ پشتی لە دنیا کرد و ڕووی بۆ موڵکی عوقبا بوو |
ئەمینی عاسیمەی غیرەت، زەکی بەگ خادیمی میللەت | دەبیری مەکتەبی قودرەت، وەزیری شاری بەغدا بوو |
بە یادی زیارەتی خاکی وەتەن هات بۆ سولەیمانی | کەچی ناگەهـ وەفاتی کرد و ڕۆحی جەننەتارا بوو |
بڵا با ناڵە هاودەم بێ، قەدی چەشنی ئەلف خەم بێ | زیای ڕۆژی فەرەح کەم بێ، شەوی غەم زوڵمەت ئەفزا بوو |
لە بێخود ساڵی کۆچی ئەو زەعیمەم پرسی و فەرمووی: | کە بەدری بورجی عیرفان و مەعارف ئیمشەو ئاوا بوو |
4
editهاتە بەزمی ئێمە دوێنێ شەو برۆداسێ بەدەو | هەر بە ناکامی پەڵەی سەبری دڵی کردم درەو |
هات ئەما چی هات!؟ وەکوو گوڵ دەم لەبالەب پێکەنین | چوو، ئەما چی چوو!؟ وەکوو نێرگس دوو چاوی پڕ لە خەو |
خوسرەوێکی وا بە ناز و عیشوە هێند شەکری شکاند | بووم بە فەرهاد ئاخری بۆ گفتوگۆی شیرینی ئەو |
هەرکە چاوی کەوت بە ئەبرۆی دەسبەجێ قازی وتی: | لێ بدەن مەیتەر کە ئیمشەو جەژنە، دیمان ماهی نەو |
گەر بە زەڕ بۆی دەس بدایێ شێخ تەماشا کردنی | زوو جل و خەرقەی ئەنایە ڕەهن و پێناوی گرەو |
چینی کاکۆڵی کە پەخشان بوو بەلای ملیا، وتم: | سەر بیلادی شەرق ئەچێ وا دیارە هۆردووی غەربی شەو |
دڵ کە کونکون بوو ئەبێ جارجارە ڕازی دەرکەوێ | دەنکە دەنکە نیسک و نۆک هەر دائەدەن بێژنگ و کەو |
وەهـ چ خۆشە تا سبەینێ دەم لەسەر غونچەی دەمی | من وەکوو بولبول بناڵم، ئەو بخوێنێ چەشنی کەو |
قەت بە گۆشتەوزوون نەزانی قەرتماغەی زامی دڵ | پێستەکەی لێ لادە بێخود تێ ئەگەی کردوویە هەو |
5
editجەمال فەهمی کە ساڵۆنی زەفافی پڕ تەدارەک بوو | بِحَمْدِ اللّه بە تەئریخ کاری خێری لێ موبارەک بوو |
6
editدەمێکە وەک ژنی سک پڕ زەمانەیی بەدخوو | بە خوێنی سەیید و شێخ و مەلا ئەکا بێزوو |
دەمێکە داسی ئەجەل تیژ ئەکا وەکوو وەرزێر | خەریکی عالەمە پاکۆی ئەدا بە ڕیزە هەموو |
دەمێکە دوختەرە لەم خەستەخانە کاولەدا | دەمێکە شەربەتی مردن ئەدا بە جام و سەبوو |
وەها ئەسیری دەسی جەوری دەوری خوونخوارین | بە چنگی باز و شەهێن و هەڵۆوە وەک تەیهوو |
ئەگەر ببێ بە سکەندەر بە بازوویی قووەت | وەگەر ببێ بە پەلەنگەر بە قووەتی بازوو |
بە حوکمڕانی ئەگەر ببیە شاهی کەیخەسرەو | بە پاڵەوانی ئەگەر ببیە ڕۆستەم و بورزوو |
ئەگەر بە زوهد و فەزیلەت ببیتە شێخی جونەید | وەگەر بە حیکمەت و فەن ببیە بوو عەلی، يا هو |
کە هاتوو ڕشتەیی عومرت گەیشتە وەختی پسان | تەخەللوفی نیە بیللا بە قەدری یەک سەری موو |
لە خانەدانی سەیادەت، لە دوودمانی عولووم | لە جێ هەواری سەخا حاتەمێکی هەڵکەوتوو |
جەنابی حەزرەتی مەعرووف ئەفەندیی قازی | کە ئاشیانەیی شەهبازی ئەو بوو ئەوجی عولوو |
درایێ ڕوتبە و تاجی سەعادەتی ئەبەدی | هومایی ڕۆحی فڕی بۆ بەهەشتی خولدی سەروو |
خودا بە مەرحەمەتی خۆی مەقامی عالی کا | بە جاهی سیدرەنشینانی مونتەهای ژووروو |
کە ساڵی مەغفیرەتی ئەو بوزورگەیان پرسی | لە بێخودی لە عەزاخانەیی خەما کەوتوو |
ئەویش بە گریە و ئاهـ و هەنسکی حەسرەتەوە | حورووفی موعجەمەی ئەم شیعرە دوایییەی فەرموو: |
هەزار و نۆسەد و سی و هەشتی فەجری میلادی | هەزار و سێسەد و پەنجا و حەوتی هیجری بوو |