«یانەی سەرکەوتن» کە «نادی» ناوە
|
لە شاری بەغدا بینا کراوە
|
بانی ئەم یانەش مەعرووف جیاوکە
|
کە بۆ قەومی خۆی اَلحَق باوکە
|
لە ساحەی سەعیا ئازا و دەس و برد
|
«مُشار اِلیە» گۆی سەبقەتی برد
|
ڕەئیس و ڕوکنی ئەم یانە بەرزە
|
چونکە هۆ ناکەن لە شێری شەرزە
|
ئەگەر ئەویانە و ئەگەر ئەمیانە
|
خوا سەربەرزیان کا ئەعزای ئەم یانە
|
لەگەڵ سکرتێر کە ئەوڕەحمانە
|
ئەو ئەوڕەحمانەی کە نووری جانە
|
وەتەن پەرستە و خادیمی کوردە
|
لە هەموو عیلما شارەزا و وردە
|
گەر ئەو تەئریخەش نازانی چیە!؟...
|
ساڵی میلادی نۆسەد و سییە
|
غایەی نادیمان بۆ ئەم کوردانە
|
بڵاوکردنەوەی عیلم و عیرفانە
|
وەک ئەخلاق، ئەدەب، تەئریخ، جوغرافی
|
لەگەڵ یەکیەتی بە دڵێکی سافی
|
وەکوو بە کوردی دانانی لوغات
|
وەک تەشجیع کردن لەسەر مەسنووعات
|
بۆ کتێب دانان لەگەڵ تەرجەمە
|
هەرچەند تێکۆشین هێشتا هەر کەمە
|
لە موساعەدەی تەلەبەی فەقیر
|
تکامان وایە هیچ نەکەین تەقسیر
|
قوتابی زیرەک بنێرین ئاوا
|
بۆ وڵاتی دوور یانێ ڕۆژئاوا
|
ئەمجا یارمەتی و ژینی ئەم یانە
|
لە میللەتی کورد زۆر هیوامانە
|
چونکە پێویستە بکرێ سەرفی ماڵ
|
چ بۆ ئیستیقباڵ، چ بۆ ئیستیقلال
|
ئیتر هەر بژی لاوانی وەتەن
|
یانێ ئاوا بێ باوانی وەتەن!
|