دیوانی جەوهەری/سەلامون عەلەیک عەلەیکەسەلام
وڵامی نامەی خەلیفە سەید خدری داشاغڵ
سەلامون عەلەیک، عەلەیکەسەلام | سولالەی پاکی ڕەسوولی ئەنام |
جەنابی ئاغای سەییدی سەروەر | خەلیفەی بەڕاست ئاغای سەیدخدر |
شاعیر و ئەدیب خۆشخەت و خۆشڕوو | ماقووڵ و نەجیب، خۆشخولق و خۆشخوو |
سەرحەڵقەی زیکری شەو و بەیانی | مەزهەری لوتفی غەوسی گەیلانی |
دەنگی تەهلیلت پیاو دەسووتێنێ | سۆزەی ئەشعارت دڵ دەڕفێنێ |
ئەشعارت گەییشت نامە سەر چاوم | کردم بە نوشتەی سەر و کڵاوم |
بۆنم پێوە کرد نەشئەی دا بەسەر | عومری جوانیم لە نوێ هاتە بەر |
بێنی چەند خۆش بوو وەک میسکی تەتار | تازە هاتبۆدەر لە کولبەی عەتتار |
چاوم ڕوون بۆوە بە خەتی خۆشی | بوو بە دەرمانی دەرد و نەخۆشی |
بە موژدەی ساغییت دڵی حەزینم | شاد بوو ساڕێژ بوو کۆنەبرینم |
لە خودا دەخوازم هەر بە دەماغ بی | پایەبڵند و سەلیم و ساغ بی |
لە هەر دوو دنیا مەقسوود حاسڵ بی | هەر وەک کامیلی هەر وا کامڵ بی |
پیر و ناتەوان بە سەر زیندووم | بە حاڵ دەبزووم دەڵێی مردووم |
وڵاغی سواری و باریم نەماوە | پیادە کەوتووم ئەژنۆم شکاوە |
هەرگیز گلەیی لە من مەفەرموو | باریک بوومەوە هەر وەک تاڵەموو |
ئەگەر بمبینی بۆ حاڵم دەگری | دەڵێی هەزارحەیف بۆ تۆ جەوهەری |
کوا عەیش و سەفای باغی جوانی؟ | کەوتوویە سەحرای پیریی و زورهانی |
کوا خەتتی خۆشت کوا ئینشا و ئیملات؟ | قەڵەمدانی گوێز، قەڵەم و دەوات؟ |
کوا سەر و سواریی، دەست و جڵەوت | پڕمەی ماینشێ، سەدای هەوهەوت؟ |
کوا توولە و تاجی ڕاوی لاپاڵان | لە سەختی قەڵبە و لە دەشتی دوڵان |
کوا ڕان و ڕکێف، زینی ساچاخدار | چەکمە و کەوشی ڕەش بەرقی و سیڕەدار |
کەوای بۆرسای شام مێزەرەی کەتان | لە خۆت شیرین بوو شنیلی لای شان |
کوا حەڵقەی دەرس و دەوری فەقێیان | ئوسووڵ و فرووع، تەفسیر و قورئان |
چەمغینی و تەشریح لە عیلمی هەیئەت | ڕیسالەی حیساب کەلام و حیکمەت |
کوا حەڵقەی خەتمی بابی ئەهلوڵڵا | حاجی خەلیفە مەلا عەبدوڵڵا |
کوانێ خانەقای جێگای سالیکان | کوا وەتاغی بەرز جێگای ئاغاکان |
کوا شوغڵی سۆفی کوا جەزبەی مورید | کوا حاجی یاقووب، کوا سۆفی سەعید |
کوا بزن و مەڕ و گیسک و کاوڕت | چڵە بەندانی دەوری چادرت |
کوا مایین و جوانوو، دوو و سێ و چوار | بەهاران دەچوون بۆ ڕەوە و هەوار |
کوا مەزرا و مووچە و ئاش و بناوان | خرینگەی داسی ڕەنجبەر و سەپان |
براگیان هەرچەند ئەوزاعم وایە | ڕازیم بە قەزا کاری خودایە |
زاهیر تێکچووە باتین ئابادە | فکرم لەسەرخۆ قەلبم ئازادە |
ئەعزای زاهیرم ڕاستە سەقیمە | فیکر و حەواسم جەمع و سەلیمە |
بە نووری ئیمان دڵم ڕەوشەنە | لە لوتفی خودا دڵم گوڵشەنە |
لە کتێبا دیوتە مەعنای دەزانی | قَلب المؤمنی عَرش الرحمنی |