310808دیوانی حەریق — پیتی ر1909حەریق
تەعاڕوفی بە سیگارە، شیعاری ئەهلی کوبار سەبیلی عادەتی مەسدوودە بۆ ڕەواجی سیغار
لە قاوی قاوەچی هەرکەس کە مەشرەبی چا بێ بە دوودی قەننە قەناعەت دەکا فەقیر و هەژار
میزاجی ئادەمی خاکی هەوا بە ئاویادا عینانی سەبر بەدەس با گەییشتە کوورەی نار
بە موڵکی وەحدەت ئەگەر ئاشنا بێ مونکیری حاڵ دەزانێ عومری عەبەس بوو لە کەسرەتی ئەغیار
زەڕی نەبێ سەمەرێکی نییە درەختی غەیر ئەگەر بە بەرد و پلار سەرچڵی بخەیتە خوار
درەختی موڵکی دڵم میوەیێکی کاڵی هەیە خودا بکا بە تەحەممول بگا بە سەبر و قەرار
بە داخ و حەسرەت و غەم دەچمە حەڵقەیی ماتەم سەفایەکی نەبوو سەعییم لە تەرفی کۆیی نیگار
لە وەختی عالەمی ئەڕواحەوە هەتا ئێستا سەفەر دەکەم نەگەیشتم بە مەنزڵی دڵدار
فیدای زیندەدڵانی تەریقی خووبانم هەمیشە تازەدڵن وەک گوڵی هەمیشەبەهار
لە چەشمەساری مەعاریف کەسێ نەسیبی نەبێ هەمیشە چاوی تەڕە، زاری وشکە، لێوی بەبار
حەریقی ئاگری غەم سیخی عومرمی سوتاند کەبابی سینە بە ناپوختە هاتە مەجلیسی یار
بێینە سەرباسی نیگاری گوڵعوزار شۆخ و شەنگ و لالەڕەنگ و چاوخومار
چاوی مەخمووری کە هەڵبێنێ بەناز دڵ لەلای نامێنێ ئارام و قەرار
پەرچەم و کاکۆڵی داوی دین و دڵ گۆشەیی چاوی فریوی ڕۆژگار
دڵبەر و خورسەند و شیرین و لەتیف نیم نیگاهی شیبهی ئاهوویی تەتار
لێوی لەعلی وا دڵی خستوومە خوێن جۆگەلەی خوێنین لە دیدەم دێتە خوار
ڕۆژ و شەو هەردوو مونافین پێکەوە یاری من جەمعە لە لای لەیل و نەهار
سینە پڕسۆزە بەڕووی نارینی نار وەک تەنووری پڕ لە سۆز و پڕ شەرار
تەرفی ئەم شارە چ خۆشە بۆ بەهار لایێ گوڵغونچە لەلایێ لالەزار
بێوەفایی هەر لەبۆ یار مایەوە ئاخری هەر بێوەفایی کردە کار
کەس وەکوو من بێبەش و مەئیووس نییە باغ وەکوو من زەرد نییە وا بێژومار
ئافەرین بۆ تەبعی سافت ئەی حەریق بێ غەلوغەش ئێژی شیعری ئاودار