310842دیوانی حەریق — پیتی ێ1909حەریق
لەگەڵ مانگی موبارەک - بێ قەزا بێ - سازیشم نابێ لە تەکلیفی ئەدای بێ مۆڵەتی گونجایشم نابێ
حەکیمانە قەراری چا نەفەرمووی گەر بە شیرینی ئەوەند دەم تاڵە، قەت ڕۆژێ ئەمن ئاسایشم نابێ
قەمەر کەوتۆتە میزانی خەیاڵم موشتەری با بێ لە عیقدی نەزم و نەسرم تالبی عیقدی سوڕەییا بێ
جەماڵی دڵبەری فکرم لە خەڵوەتدا بوو تا ئێستا بڵا با دڵبەرئارا بێ، قەبووڵی ئەهلی ئارا بێ
لە دووکانی خەیاڵم بۆ عەرووسی دڵ غەزەل دێنم گرانجانی بەکارنایە کەسێ سەودای لەسەردا بێ
لە موژدەی نەوبەهار و غولغولی بولبول لە دەوری گوڵ وەکوو قومری دەبێ تۆقی وەفای سەروم لەملدا بێ
نەفەس دەم، دیدە پڕ ئاو و سەماوەر سینە، جەرگ ئاتەش کەلامم قەندە گەر ساقی لەگەڵ من ئارەزووی چا بێ
سەرم سەمتوور و سینە ساز و ئەشکم تارە بەو شەرتە بدا ساقی مەیی نابێ بڵێ موتریب بڵێی نابێ
لە دامێنی خەیاڵم دامەنی گوڵ بچنە ئەی شاهید بە شەرتێ شاهی شەمسەددین لە دڵما جیلوەئارا بێ
لە گەرمی لوتفی مەولاوە نییە سەردی لە مەولاوە بە سەرما ڕۆییوە سەرما، نییە باکم بەسەرما بێ
خەڵاتی شاهی نەورۆزی نیشانەی ئاتەش ئەفرۆزی نەسیم هێنای بە دڵسۆزی دەڵێی سۆزی جەفا نابێ
ڕەئیسە هەور و تۆپچی ڕەعد و تۆپ بەرق و نیزام باران نەسیم پێشڕەو، تەلیعە تەرزە، فەڕڕاشی دەبێ با بێ
شەماڵ سەرتیپی تەرتیبی غوڵامانەی غوڵامانە جنوبی یاوەری فەوجی شەدە و دەسماڵی واڵا بێ
بەڵەک بوو کێو و سەحرا وەک دەڵەک خۆی دزیەوە زستان زەییستان ئیتتیفاقەن چوون بەری خست هێزی پێی بابێ
لە دەنگی ڕەعد و ڕەنگی بەڕق و ناڵەی هەور و گرمەی با کەڕ و کوێر بەفری تایین مەر هەناسەسەردی پێ مابێ
لە شەوقی گوڵ، لە زەوقی مول، عەجەب سەرخۆشن ئەهلی دڵ دەوێژن تاییفەی خووبان مەگەر جەننەت بە دنیا بێ
حەجەر هەروەک شەجەر ناتیق بە سڕڕی قودرەتی حەق بوو کەسێ حاڵی ببێ حاڵی دەبێ گەر ئەهلی بینا بێ
نیشانەی نیعمەتی عوقبا لە دنیادا هووەیدا بوو کەسێ باوەڕ بە من ناکا لە ڕەنگی سەوزە جۆیا بێ
عەتای موتڵەق بەغەیری خالیقی حەق بۆ درەختی ڕەق بە کێ دەکرێ هەموو ساڵێ شکۆفەی سەبزی پێدابێ؟
نەباتاتی زەمین نەوخێز و جامی کەیفی گوڵ لەبریز لە خەو بێداربوو نەرگس هات بەخێر بێ ماڵی ئاوا بێ
بە عەزمی دەستبۆسی دەستەدەستە هاتە خزمەت شا هەموو مەخمووری نیسبەت وەک کەسێ سەرمەستی سەهبا بێ
وەنەوشە بۆ غوڵامی خاڵی خووبان گەردنی کەچ کرد بە وەجهە وەجهی وەک موئمین لەبۆ سوجدە بەسیما بێ
سەفینەی فیکرەتم ڕۆچوو دەفینەی حیکمەتی تووش بوو سەلەف حیرزی خەلەف هەروەک سەدەف بۆ دوڕ موهەییا بێ
نموونەی ئینقیاد و سەرکەشی بوو سەردی و گەرمی کە موخلیس حاڵی گەرم و مونکیریش دڵ سەردە تا ما بێ
سیراجەددین بە نووری حەق بە هەر شەخسێ بەهای دابێ بە شەمسی ڕووی حیسامەددین وەفا کا بێ «زیبا» نابێ
بەسەر خاکی وجوودی تالیبان ئیکسیری ئەلتافت مسی قەڵبی قەڵب خالیس دەکا گەر عەکسی تێدا بێ
لە دیباچەی کتێبی حوسنی عالەم هەر وەرەق لادەم دەبینم مەبحەسی وەسفت لە هەر فەسڵ و لەهەر بابێ
لەگەڵ نەفسی یەزید وەک بایەزیدە هەر دڵێ بۆ تۆ موتیع و ئەهل و دانا بێ، سەری تەسلیمی دانابێ
بە نەحوی سەرفی دڵ تا زوڵفەقارت گرتە نێو چەنگت وەکوو حەیدەر لە فەتحی خەیبەرا شمشێری کێشا بێ
بە عیشقی شای سیراجەددین و شەوقی بولوەفا جانا کەرەم فەرموو وەکوو دێژن نەزانستم بەزا نابێ
حەریقی ڕیشتەیی جانت فتیلەی شەمعی جانانە لە بەزمی پیری مەیخانە کزەی دڵ بێ مەزە نابێ
ئەی جەنابی سەییدی عالی نەسەب کەی ڕەهڕەوێ عەرزە و دەردی دەوام و بێ دەوام دێنێتە وێ
بۆ حوزووری پیری کامڵ عاریفی دانایی ڕاز شەمسی ئەفلاکی هیدایەت نەجمی ڕێی هەر شەبڕەوێ
خۆ مەسەللەم گەر لە غایب دەستی پیر کۆتا نییە کەی دەبێ دەست و دڵی پیرێ لەبۆمن ڕێ کەوێ
ڕۆژ و شەو غەرقی خەیاڵم بێ ئەنیس و بێ نەدیم چاو نەماوە تا بڵێم قەت خەو لەچاوم ناکەوێ
خەڵکی گەر دەستی بڕا من چاوی ڕێی دەستم بڕا یەعنی چاومەبڕە لەدەست کەس ڕزقی دەست و پێت نەوێ
گەر هەزارپێ بێ و هەزار چاو بێ بە قووەی بازوێ غەیری مەقسوومی نەسیبی کەس وەدەست کەس ناکەوێ
وەم دەزانی تۆ لە خزمەت شێخ و قازی لێرەدا مەلجەئە بۆ موستەمەندی دەربەدەر لێرە ولەوێ
بۆ قەزای حاجەت لە تەنگانەی زەرووری بۆ کەسێ لێی بقەومێ ئێوە داڵدەن گەر زەرووری هەڵکەوێ
ئێستە وەک زانیومە هەرکەس ڕوو لە داڵدەی ئێوە کا خەرمەنی هەستی بەبا چوو ڕۆژێ سەد داڵیەی دەوێ
پار لە «پشتەپ» وا شەکی بوو دەفعی سەد وەهمی دەکرد زەننی ئەوساڵ بە یەقین چوو ڕەفعی شەککیش بوو لەوێ
پار و پێرار بەحسی فیترەی بەردەسپانیان دەکرد بە قسە ڕابرد و قسەش مەعلوم زەکاتی ناکەوێ
تا مەلا حوسێن بوو خەیاڵی پشکەڵێکم لێ دەکرد نەمدەزانی دەوڵەمەند بۆ شیاکە ڕووحی ناسرەوێ
ئێستە گەر موللا مەجید سوورباشە لەو دەوروبەرە وەک دەڵێن بێ دەوڵەتە ئەو پشکەڵی ڕێ ناکەوێ
ڕەسمی ناسازی وەیە هەزیانی ناسازی هەیە گەر لە بێتامی لە تام و خوێی قسەت دڵ هەڵگووێ
سائیلی لامەزهەبی بێڕێ قسەی بێ جێ دەکا وەک ئەمیر فەرمووی زبانی ببڕە تا لە زبان کەوێ
نوقتەیی شەک بۆ بەیانی پشکەڵی موللا حوسێن چونکە ئیشکالە بە ئەم فەحوایە کوشتی دەرکەوێ
لە خەرمانی ئەمەل مێرووی عەمەل جەزبی نەکرد دانێ لە زەیقەتخانەدا ترسم هەیە ئاخرسەری دانێ
دەڵێن جەردەی ئەجەل ڕێگا بە کاروانی نەفەس دەگرێ شەقامی سینە دەبڕێ بۆ مەتاعی دیدە دەڕوانێ
تەریدەی نەفس و شەیتان قافڵەی تاعاتی غارەت کرد ئەگەر جاسووسی ئیمانی نەبێ دەرناچێ ئینسانێ
تەرازووی تاعەتت لەنگە هەتا کەی ئەم سەر ئەو سەرتە؟ بە پارسەنگی حەیا دەس هەڵبڕە بنواڕە میزانێ
بەسی بێ تاعەتی ڕووکەش مەلەک سەڕڕافی ئەعمالە موحەسسیل نەقدی قەلب و ناڕەوا ناباتە دیوانێ
ئەوا بەردی ئەجەل هات و لە شووشەی عومری دا ساقی بە قوربانی پیاڵەی چاوەکەت بم تێکە فینجانێ
حەیا خۆ چوو لە نێو جامەی حەیاتی عارییەت بێعار ئەوە داوای دەکەن چبکەم حەریق ڕێگەی ڕەجا کوانێ؟
خودا تۆبە لەدەس شۆخێ کە وەختێ عیشوە دەنوێنێ سەری تۆبەی مەلا و زاهید بە نۆبەی جیلوە دەشکێنێ
ستونی قامەتت ڕاگرتووە بۆ خێوەتی دینم خودا بۆ توولی عومرت ئەو تەناف و دارە نەپسێنێ
لە ڕەمزا حیکمەتولعەینی ئیشارەی چاوی بیمارت بە قانوونی ئەدەب ئایەی شیفا بۆ ئێمە دەخوێنێ
نەخۆشی دەردی هیجرانم ویسالی تۆیە دەرمانم شیفام نایە مەگەر بێنێ نەسیمی پەرچەمت بێنێ
خەیاڵی نەوبەهار و سەیری گوڵزاری عەزیزانم گەهێ بۆ ڕووی گوڵ و گاهێ لەبۆ سەبزەی خەتم دێنێ
زرێی زولف و موژەی تیر و برۆی شمشێری ڕاکێشا لە زومرەی ئاشقانی خوێنبەهای ڕوخساری دەستێنێ
لەڕێی بادەی پیاڵەی چاو و شیشەی گەردنی ساقی کەسێ گەر ئابڕووی بێ ڕەنگە جامی عەیشی بڕژێنێ
دەزانی بۆ تەرازووی زوڵفی سەرناکا لەهیچ لاوە؟ بە پارسەنگی حەیا دەستی لەمیزانا دەبزوێنێ
حەریقی ناری هیجران و غەریقی ئەشکی حیرمانم ئەگەر ئەو بێ دەخنکێنێ، ئەگەر ئەم بێ دەسوتێنێ
بێ جێیە قسەکردنی بێڕێ و بەبێ جێ بێیاریدەیی یارم ئەمن نایەمە سەرڕێ
وەک شەمعی سەحەر چاوەنواڕی نەفەسێکم کەی بێ لە تەڕەف غونچەدەمێکم کە دەمێ بێ
مەحرومی حوزووری مەدەنی و خاکی مەدینەم بەم حاڵەوە قەت ڕێم نییە بێنی مەدەنی بێ
پەیکانی موژەت بۆ سپەری سینە ڕەوان کە نامەرد ئەوە بێ گەر لەبەر ئەو تیرە ببزوێ
موحتاجە بە مەودایی دەمی تیغی برۆت دڵ بینێ لە ملم شەرت بێ کە ئاییم نەیێ ئێستێ
ئەغیار و ڕەقیب شاد و ئەمن هەمدەمی فەریاد یاڕەببی خودا کەی بێ کە وەختی هەلی من بێ؟
زۆرم دەکوت ئەی دڵ مەبە سەرکەش لە حوزووری زۆر موستەحەقی خوێڕی، دەبا واتە بەسەربێ
تۆبی و سەری خۆت عەبدێکی زۆر چاکە حەریقی ئازادی مەکە ئاخری بۆ تۆ بەعەمەل دێ