دیوانی حەمدی/ب
1
editناوی تۆ نابەم بەدەم بمبێ لە دڵدا گەر تەڵەب | ناسکی تۆ خوا نەخواستە نەک لە ئاهم بگری تەب |
ڕووی نییە ئەسڵەن لە ڕووتا چاوی هەڵبێ خۆر ئەگەر | چاوی هەڵبێ گێژ ئەبێ وەک بەنگی ئاوێنەی حەلەب |
غەیری غوفران قەت لە دەرگاهی خواشت شت نەوێ | قەت لە بازاڕی تەڵەبدا چونکە نەمدیوە ئەدەب |
ئیفتیخاری پێشوانە گەر لەگەڵ فەزڵا کرا | وەرنە تەحقیرە کە بەدخویان بکەن باسی نەسەب |
ئیختیساسێکە سەری فەخرم گەیشتە ئاسمان | من لە عالەم دەر دەکا دەیکا لەگەڵ عالەم تەرەب |
هەردوو هەمدەردین لەگەڵ گەوهەر بە یادی لێوی تۆ | مەوج لە دڵمانا دەدا بەحرێکی خوێن و توشنە لەب |
خۆم دەزانم عاقیبەت حەمدی دەخەیتە باخەڵت | چونکە ڕەنگ زەردی دەوێ مەعلوومە جۆیایی زەهەب |
2
editخەڵوەتە مەجلیس زەمانی شەوقە سا لادە نیقاب | حەیفە توخوا با لە ژێر هەورا نەمینێ ئافتاب |
دادەگیرسێ کوڵمی وەک ئاگر بە نووری ئابی مەی | قوڕ بەسەر من ناعیلاجم چۆن نەسووتێم وەک کەباب |
مەستی نەشئەی حوسنە ترس و پرسی هەرگیز بۆ نییە | موتمەئیننە وەک سوئالی لێ نەکەن ڕۆژی حیساب |
زەحمەتی داوم جەهەننەم گەردنی ئازا دەکەم | تا نەبینێ ڕۆحەکەم ڕۆژی جەزا ئێشی عەزاب |
من بەبێ تۆ وەک شەوی هیجرانە ڕۆژی جەژنەکەم | با لە باخەڵما بنیشێ شەمس و هەڵبێ ماهتاب |
ئاخری شامی فیراقت ئەووەلی عومری منە | هەر شەوە هێشتا بەسەر چوو وا هەموو عومری شەباب |
تەپڵی سەر دەنگی نەماوە سینە هەر وەک دەف دڕا | زلفەکانت کەوتە چنگم دەیکەمە عوود و ڕوباب |
قەت لە ئولفەت مەنعی حەمدی ناسیحی عاقڵ دەکا | ئەم تەریقە پڕ لە مەللایە و لە سۆفی و شێخ و شاب |
3
editزەحمەتت کێشاوە ناپۆشێ جەماڵی تۆ نیقاب | ڕۆژ لە ڕۆژی ناکەوێ ئەرز و سەما بێتە سەحاب |
تا عەرەق ڕێژی خەجاڵەت گوڵ لە شەرمی تۆ نەبوو | نەیدەزانی باغەوان بێ چارەیە بەحسی گوڵاب |
ئارەزووی تەڵتیفە جانان بۆیە تەکدیرم دەکا | کێ بە تەعمیر ئیحتیاجە تا نەبێ خانە خەراب |
هەر دەڵێی ئەو شۆخەیە گەردنلغی کردۆتە مل | ساقی زنجیری ملی مینایی بێ گەردی شەراب |
موجتەهید ئەو شەرحی زلفەی دی لە سەفحەی ڕوومەتا | جا وتی هەر عاشقی ئەم دینەیە ئەهلی کیتاب |
گەر لە خۆت و عاشقانت ئارەزووتە تێ بگەی | ئەی سەنەم وەک موددەعی ئەفعالی خۆت بێنە حیساب |
ئاگرم گرت ساقیا ئەم شەرعە هەرگیز ناکرێ | من بڵێم بێنە شەراب و تۆ بڵێی بێنە کەباب |
تا بەری پێ چاوی سەر حەقیە ببینێ داغی دڵ | تا سەراپەردەی فەلەک جەولان دەکا هەر وەک شەهاب |
جێم نییە بمرم تیا ڕاهیب علاجی من چییە | جێگەیی شێخە ئیتر نابێ بە ماڵی کەس توراب |
بۆ وەسڵ دەستە و دوعا بۆم پێکەنی دلبەر وتی | وەختی خۆت زایع مەکە نابێ دوعاکەت موستەجاب |
ئەم فیراقە دۆزەخە بۆ عاشقی دانا خودا | حەمدی چونکە ناخرێتە کوورەوە دوڕڕ و خۆشاب |
4
editڕێ مەدەن نامەرد کە بێتە بەزمی گوڵشەن عەندەلیب | ناسکە گوڵ حەیفە بێتە هەم پیاڵەی نانەجیب |
سەد کەڕەت تۆبەم لە عەشقی کرد و تەفرەی دامەوە | نەبووە قەت شۆخێ ئەمەندە غەمزە باز و دڵفریب |
چاوی دەرمانێ بە بیمارێ بدا هەر غەمزەیە | ئەلبەتە دەرمانی خەستە وا دەکا مەست بێ تەبیب |
خۆرشی شێرانی جەنگی گۆشتی فیلی جەنگەڵە | غەیری ئەربابی حەمییەت غەم بە کەس نەبووە نەسیب |
من بە حاتەم قەت سەخی ناڵێم کە ماڵی دا بە خەڵق | گەوهەر و لەعلە کە هاتە سەر عەتا مەردی ئەدیب |
ماڵی دنیام هەر بە خۆڕایی بەنێ قەت نامەوێ | گەر ڕجاشی لێ بکەم لێم ناگرێ پڕ پارە جێب |
میسلی پەیکانی قەزایە ڕاکشاوە دووکەڵی | ئاسمانی سەیری کون کون کردووە ئاهی غەریب |
حەشری ڕەندان قەت لە گەڵ ئەهلی جیهان حەمدی ئەکەن | مەسئەلەی مەی تێکەڵی خوێنی جگەر ناکا حەسیب |
5
editتالیبی ئینگلیس جەنابە و قەحپەیە عالی جەناب | تێگەیین مەتڵەبتە بیکە کردەوەی هەر دوو حیساب |
قەحپە بۆ پارە بەجێ دێنێ تەمەننای جنسی خۆی | ئەم بە پارە جەرگی جنسی دەردەهێنێ بۆ کەباب |
6
editبە بینینی شرووتی عەشقی من پەروانە بوو مەحجووب | کە زانی ئەم حیساباتە بە سووتن ناکرێ مەحسووب |
کەمەندکێشی زلف خەڵوەی لە گوڵزاری جەمالایە | بەڵێ جەننەت مەکانە لەم دەرە هەر کەس کە بوو مەجزووب |
لەگەڵ ئەم شەوکەت و شانە خودا عاشق بەشۆخی بێ | خودا هەر خۆی مەگەر زانیویە چەندە دلبەرە و مەحبووب |
شوکر وا گەردی داوێنم دەکەومە عالەمی باڵاش | دەبا پێنج و دوو ڕۆژێ سا لە دنیادا ببین مەنسووب |
کە یار ئاوێکی ڕەحمەت بێ دڵیشم ئاگری قودرەت | دە ئەم سەودایە کەی دەکرێ کە وا بن تاڵیب و مەتڵووب |
وتم ڕاستە قسەی خەڵکی و قەدیمی پیسی پیس دەیبا | کە لەرزی بۆ جەنابی شێخ بڕی یەک کاغەزی مەندووب |
هەوێنی شیری سافی شیعری حەمدی باسی شێخانە | ئەترسم بیبزڕکێنن کە نابن قەت بەبێ ئاشووب |
7
editفلاتوون بوو وتوویە نابی قەت ئەمسالی خۆر جازیب | بزانە چۆنی ڕاکێشا بە ڕووی یاری کە کرد حاجیب |
وتم خۆزگە عەزازیلم بە چاوی خۆم دەدی جارێ | لە پڕ پەیدا بوو شەیتانێ بە دیمەن هەر وەکوو نائیب |
تەشەببوس کا بە سەگ بۆ دەفعی گورگان حەقیە خاوەن مەڕ | کە زاڵم بێ ئەمانە دەفعی شەرعەن جائیزە و واجیب |
دڵ و ڕۆحم لە کن یارە کە هەردوو ساحیب ئیدراکن | لە خۆم خۆشم ببم غائیب لە من یارم نەبێ غائیب |
لە دڵڕەق هەر بە نەرمی چارە تێهەڵچوونە کەی نەشتەر | بەسەر بەردی جەواهیردا وەکوو ڕشتە بووە غالیب |
بە نادانی مەگەر جارێ بدا یەک مشتەری تەفرە | ئیتر بوڕڕا نییە تیغی قسەی سەوداگەری کازیب |
حەقیشت گەر لە کن خەڵقی ببێ عەفوی بکە حەمدی | بە هەر نەوعێ ببێ نابێ لە فەردێ تۆ ببی تاڵیب |