دیوانی حەمدی/خ
1
editدەردەکەوت ئەوسا بە نادر جار بە جارێ ئۆف و ئاخ | ئێستە دەیبێم و دەبینم پڕ بە شارێ ئۆف و ئاخ |
واقیعەن دڵسۆزە ئۆف و ئاخی سوبحی موستمەند | دڵ نەوایە شەو کە بکرێ بۆ نیگارێ ئۆف و ئاخ |
حیرەتم بۆ چی نەلەرزی ئەرز نەڕووخا ئاسمان | تۆ بڵێی نەبیەین لە سوبحێکا لە زارێ ئۆف و ئاخ |
بێ ڕەواجە هەر لە بازاڕی خوداشا بۆیە وا | پوولێ ناکا بیبەیە شارێ کە بارێ ئۆف و ئاخ |
خۆ فەقیر و دەوڵەمەند مەزڵووم و زاڵم وەک یەکن | گوێ ئەگەر بگری یەکێکی تۆ هەزارێ ئۆف و ئاخ |
من دەڵێم تەئسیری نەبووە و نیشییە ئاهی حەزین | بوویەتی گەر با دەری بێنێ دەمارێ ئۆف و ئاخ |
ویردی مەخسووسی هەیە پیری تەریقەت بۆ مورید | زیکری شێخی ئێمەیە دەیکەین بە جارێ ئۆف و ئاخ |
ئۆف و ئاخ حەمدی لە دەم تۆشا خەریکە سەوز ئەبێ | سێبەری خۆشە ئەگەر بکرێ بە دارێ ئۆف و ئاخ |
2
editوا بە گوڵ ئارایشی دا گۆشەیی دەستاری شاخ | خۆشە بۆ سەیرانی ڕۆژی حەزرەتی دڵداری شاخ |
دامەنی شیرینە گۆشەی گوڵگوڵی کەوتۆتە دەست | یا جلی فەرهادە شینی پێ دەکا ئیزهاری شاخ |
کەوتە تەفریشاتی ئەرز و عەنبەر ئەفشانی نەسیم | مەیکەشان دەعوەت دەکاتە دامەنی کۆساری شاخ |
گەوهەر و نەخلی زوموڕڕەد دەردەخا دەریای خزر | یا بەهارە ئاو و ڕەنگی دا بە بەرد و داری شاخ |
کەی لە سەحرادا بەهاران بوویەتی ئەم جۆششە | وەک جگەرگاهی گوڵستان سەبزەیە دیواری شاخ |
هەڵقوڵانی چەشمەکانی وەک سوراحی قومقومە | یەعنی زوو هەڵسن وەرن بۆ دیدەنی جۆباری شاخ |
کامیابن دائیما ئەسحابی تەمکین و ویقار | سەر بەسەرحەمدی ڕیازی جەننەتە ئەنزاری شاخ |
3
editناعیلاجە عاقیبەت سەر ڕەق دەچێتە سەنگڵاخ | چەند بە مەعنایە وتوویانە قەدیمی شێخ و شاخ |
گەوهەری وەحدەت لە دەریای فیکرەتایە ئەی برا | تا ببێ وادی محەببەت ڕوو نەکەیتە قەسر و کاخ |
مەجلیسی ڕەندان لە بەزمی خوسرەوان کەمتر نییە | چەندە مەحزوونە بە قانوونی تەرەب بێ ئۆف و ئاخ |
یەک نەفەس خۆزگە لە حاڵی خۆی دەبوو حاڵی نەفام | با وەکوو دابەستە ببوایە لە گۆشتا سیخناخ |
بەش کرا مەحسوولی عومرم کردەوەم بۆ مایەوە | ماڵەکەم خەڵقی دەماغی پێ دەکەن مەردانە چاخ |
ئاسمان ئەو ڕۆژە حەمدی کردییە بەر قەوس و قەزەح | دی لەبەر ئەو شۆخەدا شیرینە سوخمەی شیرداخ |