دیوانی زێوەر/چوارێنە

دیوانی زێوەر  (1948)  by زێوەر
چوارێنە

ئامۆژگاری و سەرزەنشت edit

ئەلا ئەی فایقی منداڵی دڵساف لە دنیادا بە ویجدان بە و بە ئینساف
ئەگەر کوفرت ببێ ئەبیە مونەووەر بە دوو بار «تووتن» یش زوو ئەبیە ئەشراف

مەلای بورهان مەلا وڵام دی عەجەب دەعیە و تڕێکی بوو edit

مەلای بورهان مەلا وڵام دی عەجەب دەعیە و تڕێکی بوو کەرێکم دی عەبای پۆشیبوو، ورچێ مێزەرێکی بوو
هەزار ڕەحمەت لە «میرزا سالح» ی ئاغای قەڵاتی بێ جەماعە و وەعز و زیکر و مەجمەعە و چاو شەککەرێکی بوو

بۆ شایستە خان edit

دڵ ئەسیری ئاسکێکی ماڵییە عالەمێ مەفتوونی خەتت و خاڵییە
تا خەیاڵی لێ بکەی شایستەیە قەلبی عالەم بەستەیی خڕخاڵییە

بەبێ ئاساری فکری و خوان و سینی edit

بەبێ ئاساری فکری و خوان و سینی بەبێ خزمەت چ بۆ میللەت چ دێنێ
سمێڵی کورت ئەکا ڕیشی ئەتاشێ لەلای وایە کە بۆتە مۆسۆلینی

دەوری کەر سوار بوونە ئێستا نۆبەتی هات دابەزین edit

دەوری کەر سوار بوونە ئێستا نۆبەتی هات دابەزین عاقڵە هەر کەس ئەگەر فلسێکی بێ نەیدا بە زین
جینسی مەحسووسی کە مەخسووسی سواری خاسە بوو کەوتە ژێر کورتان و جەنجەڕ بار ئەبا مات و حەزین

چ خۆشە! گەر لەپڕ یاری سەمەن ڕوو یاسەمەن بۆ بێ edit

چ خۆشە! گەر لەپڕ یاری سەمەن ڕوو یاسەمەن بۆ بێ لە بەر چۆگانی زوڵفیدا سەری من هەروەکوو گۆ بێ
خەیاڵی چهرەیی گوڵ ئاتەشینی گەر لە دڵ گوم بێ ئیلاهی مەجمەری سینە سەراپا پڕ لە پشکۆ بێ

عارەب ئابڵاخی دەخیلتم وەکوو عارەب، بە وەفات edit

عارەب ئابڵاخی دەخیلتم وەکوو عارەب، بە وەفات بمدەرێ کۆنە عەگاڵێ بە هەدیە و بە خەڵات
تاکوو بیبەستم و خۆم گڤ کەم و فش کەم سەر و ڕیش ببمە مەردومەکی دیدەیی ئاغا و سادات

مانگی ڕەمەزان کە بیست و نۆ بێ edit

مانگی ڕەمەزان کە بیست و نۆ بێ ساحێب شەڕەفە هیلالی شەووال
ئەمما ڕەمەزان کە «سی»یی تەواو بێ قەدری نییە مانگ بە دانگ و میسقال

وەعدەی من و تۆ ئەی ڕەمەزان ڕۆژی جەزا بێ edit

وەعدەی من و تۆ ئەی ڕەمەزان ڕۆژی جەزا بێ دیوانی من و تۆ لە حزوور باری خوا بێ
ئەم لالەڕوخانە هەموو ڕەنگ زەردی دەسی تۆن کێ دیویە کە لالە یەرەقانی بەسەرا بێ

دیققەتم کردە حادیساتی فەلەک edit

دیققەتم کردە حادیساتی فەلەک هاتوچۆی فەسڵ و مانگەکان یەک یەک
لێم عەیان بوو کە جەننەت و دۆزەخ عەهدی جوانیی و پیرییە بێ شک

بەینێکە ون بووە حادیسە وا خۆی نواندەوە edit

بەینێکە ون بووە حادیسە وا خۆی نواندەوە کانوونی سینە ئاگری تێدا گەشاندەوە
دوکتور «حسین»ی شەهیری وەتەن پەروەری ئەدەب بادی ئەجەل چراغی حەیاتی کوژاندەوە

بۆ سەری پاکەتە جگەرە edit

بۆ ڕەواجی ئەم سیغارە قەلبی خۆشنوودم ئەوێ ڕەسمی شیرین، ئیسمی شێخم، شێخ مەحموودی ئەوێ
کاغەزێکی ساف و بێ غەش خالس و خاس و تەمیز موشتەریی نازک تەبیعەت ساحیبی جوودم ئەوێ

ساحیبی موڵک و ئەرازی دڵی غەمباری بوو edit

ساحیبی موڵک و ئەرازی دڵی غەمباری بوو ڕووی لە تاپۆ کە ئەکرد قەلبی پڕ ئازاری بوو
«حمدللّه» کە تاپۆ شەرەفی پەیدا کرد خوا لە تاپۆ فەرەجی کردەوە ڕزگاری بوو

لەجێی فڕنی و پڵاو و گۆشت و شفتە edit

لەجێی فڕنی و پڵاو و گۆشت و شفتە وەکوو جوو ئیحتیاجم کەوتە کفتە
دەبا قولاپی چنگی لێ «گرێ» دەین نەوەک بڕوا لە چنک ئەم کفتە موفتە

بە حەبسی یوسفی سانی دڵی عالەم موکەددەر بوو edit

بە حەبسی یوسفی سانی دڵی عالەم موکەددەر بوو دڵی زیندان بە تالع بوو، بە دیداری مونەووەر بوو
لە تەشتی سینە و جامی سەرا سەد پەنجە ئەشکێنم هەتاکوو موژدەیەکم دێتە گوێ ئەو مانگە وا بەربوو

تۆ بە ورتەی ئەم و ئەو قەت دڵی خۆت ڕەنجە مەکە edit

تۆ بە ورتەی ئەم و ئەو قەت دڵی خۆت ڕەنجە مەکە مەجلیسی غەیبەت ئەگەر جەننەتە تیا لەنجە مەکە
قەولی من بێ غەرەزە، دۆستی هەموو عالەم بە فەرقی حاتان و توجار باشیی بەرزنجە مەکە

شەوی جومعە ئەگەر مانگەشەو بێ، لەلام edit

شەوی جومعە ئەگەر مانگەشەو بێ، لەلام حەرامە ئەگەر ماچ نەکەی لێوی جام
چ جامێ؟ وەکوو گەردنی سادە بێ دەروونیشی پڕ ئەرخەوان بادە بێ

ئەو مەیل و شەوقە بوومە قەدیم ئێستە باقییە edit

ئەو مەیل و شەوقە بوومە قەدیم ئێستە باقییە گوێم هەر لە دەنگی موتریبە، چاوم لە ساقییە
قەت نامەوێ نیگار فەرەنگ ڕەنگی تورک خوو ڕوحم ئەسیری پەرچەمی کوردی عیراقییە

بۆ موتاڵا و خوێندنم سەفحەی جەماڵت کافییە edit

بۆ موتاڵا و خوێندنم سەفحەی جەماڵت کافییە ڕەنجی بێهوودە نەکێشم با لە شەرحی کافیە
ئیبنوسینا و شیفای ئەو با لە مەیدانا نەبن چاوەکانت بۆ عیلاجی دەردەکانم کافییە

وەحشەتم زۆر لەلا پەسندە ئەگەر edit

وەحشەتم زۆر لەلا پەسندە ئەگەر مەدەنی بن ستالین و هیتلەر
گەر موسوڵمانی وەک هەنێ کەس بێ دینی «بوودا» ت لەلا موقەددەس بێ

ئەگەر چاو نەبڕی قەت لە چاودێری edit

ئەگەر چاو نەبڕی قەت لە چاودێری لە جەمعییەتی بەشەردا نێری
ئەگەر قەت نەتهێشت قەرزت لەسەر بێ غەیبەتکەرەکەت مەگەر هەر کەر بێ

هەروەک کەسێک لە خۆشی لەپڕ دێتە سەر گرین edit

هەروەک کەسێک لە خۆشی لەپڕ دێتە سەر گرین من هەر لە ناخۆشیی زەمان دێمە پێکەنین
چۆن وەسفی نەوبەهار و سەفا و ڕەنگی گوڵ بکەم واتێک چووە زەمانە کەوا سوور بووە بە شین

گوڵ خوار و ژوور ئەکا بە شنەی بایەکەی شەماڵ edit

گوڵ خوار و ژوور ئەکا بە شنەی بایەکەی شەماڵ یا شوکری حەق ئەکا بە ڕوکووع و بە ئیعتیدال
شەکراوە ئاوی کانییەکەم بە شەکر نەبێ بەفراوە ئاوەکەم دە نەبێ بەفری شاخ و چاڵ

بۆ دەروێش شەریفی چایچی edit

هەزاران ئافەرین دەروێش لە پیرت لەبەر ئەم شیرە سافە و چای مونیرت
هەچی ڕووی کردە ناو چایخانەکەی تۆ ئەڵێ دەروێش شەریف ڕەحمەت لە شیرت

ئەی خانمی ئەلمۆدەی نەشمیلەیی قژ ڕووت edit

ئەی خانمی ئەلمۆدەی نەشمیلەیی قژ ڕووت لێم مەگرە کە لێوم بخەمە سەر دەم و سەر ڕووت
بیستوومە شیووعیت و منیش ئێستە هەژارم قانوونی موساواتە من و تۆ کە ببین جووت

پەروەردەیی پەنجەی ئەدەبی پیری بە تەسکین edit

پەروەردەیی پەنجەی ئەدەبی پیری بە تەسکین نووری نەزەری میللەتی کوردە غەزەتەی ژین
بیست ساڵە ئەکا خزمەتی قەومی بە دڵ و گیان تەبریکی ئەکەم لائیقە بۆ حورمەت و تەحسین

مەحکەمەی ئیستیبداد edit

وا بینای زولم و فەسادیان نا مەحکەمە ئابڕووی ئیسلامیان برد مەحکەمە
باسی ڕیشوەت کاری و ئەفعالیان گەر بەقەد سەگ دابنێم هێشتا کەمە

بۆ ڕەفیق حیلمی edit

ئەی ڕەفیقی موحتەرەم، ئەی خاوەنی شیرین مەقال هاتە بەر مەددی نەزەر فیکرت وەکوو ئاوی زولال
من ئومێدی گەورە گەورەم پێتە بۆ ئەم میللەتە نەک خەیاڵی خۆت سەرف کەی تۆ لە زیکری خەتت و خاڵ