دیوانی سالم/ە
1
editموزدی ڕەنجم، کە بدەی، نەقدی ویساڵم تەڵەبە | ئەجری هیجرم، کە بدەی، باغی جەمالم تەڵەبە |
شۆری یەک بۆسەیی شیرین لە لەبت کەوتە سەرم | حەددی بۆسەم نییە، ئەمما بە خەیاڵم تەڵەبە! |
بکە خوونبەستی سروشکم، بە عەدالەت، لە نیگاهـ | دڵ کە غەڵتانە لە خوێنا، لەبی ئاڵم تەڵەبە |
تائیفەی هیندووە بۆ کەعبەیی ڕوو، هادییی دڵ | دەستی ئەگریجە کە کۆتایە، لە خاڵم تەڵەبە! |
تۆ کە دەهـ ساڵەیی بەم نەوعە هەتا چاردەهەم | بۆ جەمالت، وەکوو مەهـ، حەددی کەماڵم تەڵەبە! |
جەور و بێدادیی ڕەقیبم دڵی هێنامە ئەمان | زوڵمی زاڵم لە کەماڵایە، زەواڵم تەڵەبە |
دێوی نا «سالم»ی نەفسم پڕی غاری بەدەنە | قووەتێکی بەقەدەر ڕۆستەمی زاڵم تەڵەبە |
2
editئەگەر زوڵمەت ببێ، زوڵفی سیاتە | حەساری چەشمەیی ئاوی حەیاتە |
قەباڵەی موڵکی عیشقە، لێوی تیشنەم | لە باغی ڕووت تەڵەبکاری زەکاتە |
لە میسری دڵبەری تەنگی دەهانت | شکستی قیمەتی قەند و نەباتە |
بە حەلقەی کوفری زوڵفت تێکەڵە، دڵ | دەسا هەڵسە، دەخیل، وەختی غەزاتە |
ئەگەر لەیلا سیفەت، شیرین زوبان بی | دووسەد فەرهاد و مەجنوون خاکی پاتە |
بە مەرگی تۆ، لەپاش قەڕنێ لە قەبرا | بە دایم دیدەیی «سالم» لە ڕاتە |
3
editتەفەڕڕوجگاهی دڵ گوڵزاری ڕووتە | هەتا زەنجیرییی زەنجیری مووتە |
دەلەرزێ دڵ لەبەر سەرهەنگی چاوت | لە ڕووتا تا برۆ شەمشێری ڕووتە |
نەکەی مەنعی سەبا با بێ بەسەرتا | دەماغی من فەرەحئەفزایی بووتە |
بمێنێ ڕەونەقی یاقووتی لێوت | هەتا بۆ ئەم غەریبی ڕووتە، قووتە |
چ حاجەت سوورمەسا بێ چاوی سالم | هەتا کُحل الجواهر خاکی کووتە |
4
editسەوادی قیرگوون شەبها لە نوسخەی عەنبەرین مووتە | سەراسەر ڕەونەقی دونیا لە عەکسی ئاینەی ڕووتە |
بە ناحەق کوشتمی موژگانی خوونڕێزت وەلێ زانیم | لەگەڵ من ئەم هەموو کەچبازییە تەحریکی ئەبرووتە |
سیەهڕوو بم وەکوو زوڵفت سەری موو گەر خیلافی بێ: | بە حەققی مەسحەفی ڕووی تۆ دزی دڵ خاڵی هیندووتە |
وەکوو موژگانی تۆ بەرگەشتەیە تالیع بەڕووی مندا | پەرێشان زوڵفی موشکینت لەگەڵ ئەحواڵی من جووتە |
بەهەشتە وەسڵی تۆ بۆ من لەبن خاری موغەیلانا | لە وەختی دوورییا گوڵشەن وەکوو سندووقی تابووتە |
دڵی ساحیر لەبەر زوڵف و زەنەخ ناگاتە ڕوخسارت | لە یەک سوو حەلقەیی ئەفعی لە یەک سوو چاهی هاڕووتە |
جەوازی دا حەکیم بادامی چاو و شەککەری لێوت | لە قانوونی ویسالا بۆ دڵی من قووەت و قووتە |
بەسێ دوون هیممەتە گەر ئارەزووی ئەوڕەنگی شاهی کا | هەتا سەرگەشتە سالم ئووفتادەی سایەیی کووتە |
5
editخەمی قەددم لە غەمدا شێوەیی ئەبرووتە تا مووتە | بەدایم پێچشی خاتر وەکوو گێسووتە تا بووتە |
دڵی تەنگم، لە عیشوە و سیحری تۆ، مەحبووسی جاویدە | لە چاهی میحنەت و غەمدا هەتا وا خووتە، هارووتە |
خەیاڵم تیزە وەک ئەڵماس و هەم لەم فیکرەدا کۆڵە | لەبانی خاتەمی دڵبەر مەگەر یاقووتە یا قووتە؟ |
لە حەلقەی چینی زوڵفا دیدەبانی عاریزە خاڵت | لەگەڵ دڵدادەگان تا سیحر و ئەفسوون خووتە هیندووتە |
مەکانی دڵ لە گێسووتە ئەبەد هەرگیز جودا نابێ | لە لەنگەردا هەتا ماهی لەگەڵ گا جووتە وا جووتە |
عیلاجی حاڵی سالم کە، حەکیم ئاسا، دەخیلت بم | دەوایی دەردی بێ دەرمانی ئەو لیمووتە، یا بووتە |
6
editسەوادی پەردەیی زوڵمەت، سیاهیی نوسخەیی مووتە | شوعاعی ماهی دووهەفتە لە عەکسی پەرتەوی ڕووتە |
نیگاهت گەر بە ئاهووی چین بدەم نیسبەت، درۆی مەحزە | خەتایە گەر بڵێم: موشکی خەتا هەمبۆیی گێسووتە |
زیادیی غوسسەیە بۆ من تەفەڕڕوج مەوسیمی هیجران | فەزای دونیا بەبێ ڕووی تۆ، وەکوو سندووقی تابووتە |
جیهان تاریکە بێ وەسڵت لە بەرچاوم وەکوو دەیجوور | سیاهیی مەردومی دیدەم لە نوقتەی خاڵی هیندووتە |
لە سیدقی عیشقتا تاقم وەلێ موددێکە بێ وەسڵت | دڵی پڕ حەسرەتم دایم لەگەڵ هەمزادی غەم جووتە |
شکاندت خاتری سالم لەسەر بۆسەی لەبی لەعلت | لە سایەی گریەوە ئێستا سروشکی ڕەنگی یاقووتە |
7
editدڵا! ئازاری بێ یاری موشەخخەس دەردی کاریتە | بە حاڵی دڵ دەسا ئەی دیدە بگری، گاهی زاریتە |
وەسییەتنامەیی دڵ سوویی دڵبەر کێ بەرێ پەنهان | بە قوربانی پەڕت بم ئەی کەبووتەر وەختی یاریتە |
لە هەنگامی تەزەڕڕوعدا بە وازیح دای فەلەک جوابم | دەڵێ: ئەییامی شادی چوو زەمانی سووگواریتە |
لە یادی دڵبەر ئەمشەو دڵ دەمێ ئەی سینە مەسروورە | مەدە ڕێگەی غەمی بێگانە، گاهی پەردەداریتە |
کە زانی بۆ نیشان تیری نیگاهت قەت حەزەر ناکا | لە قەلعەی سینەیی تەنگا دڵی سالم حەساریتە |
8
editلە وادیی فیرقەتا ڕۆژم وەکوو زوڵفت شەوی تارە | بە یادی چاوی بیمارت دڵم دایم بریندارە |
مەگەر باعیس بە هیجرانە وە یا لێڵاوە بیناییم؟ | کە وا ڕۆژی ڕووناک ئەمڕۆ لە بەرچاوم شەوی تارە |
لە فیرقەت نەوگوڵی باغ و بەهاری عاریزی یارم | بە ئەشکی ئاڵی گوڵگوونم سەراپام ڕەنگی گوڵنارە |
کە یادی پیرەهەن ئاڵی دەکەم دڵ وا بەتاو دەکوڵێ | سروشکی جۆششی گریانی چاوم ڕەنگی گوڵنارە |
ئەگەر ئاهم گەلووگیر بێ لەدەورم شین ئەکەن یاران | هەموو شەو دەفعەیێ ئەم عیللەتە قانوونی بیمارە |
9
editنە تەنها هەر دڵم مەحبووسی توڕڕەی زوڵفی تاتارە | لە هەر چینێکی سەد خاقانی چین تێدا گرفتارە |
هەتا دێم سەر حیسابی دڵ ببم، ڕۆحم دەبا چاوی | عەجەب ساحێب فەن و ئەفسوونگەر و پڕ مەکر و سەححارە |
تەڵاقی خاوی دا چاوم، لە عیشقی ماهی ڕووی یاری | وەکوو ئەجرامی سەبعە، هەر تەرەف بێ زەرف و سەییارە! |
عەجایەب دڵ لە گەردشدایە بۆ خاڵی لەبی دڵبەر | بە میسلی جەدوەلی پەڕگاری کەشتی، هێندە دەووارە |
بە یادی ماهی گوڵڕوخ ئەشکی خوێن وا دێ لە دیدەمدا | کەنارم هەر تەرەف، تێ دەفکرم، وەک عەینی گوڵزارە |
لە بارانی حەوادیس قەد قوبووڵ ناکا تەڕیی قەلبم | سەراسەر جامەیی چاکم، لە خوێنا ئەسڵی ئاهارە |
هیلال ئاسا لە فیکرا خەم بووە ئەبرۆ، لەپاڵ چاوی | وەکوو شاگردی ئەفلاتوون لەسەر بالینی بیمارە |
خودا تۆی شاهیدی سیدقی من و خەسمم کە لەیلایە، | بەقەد ئیخلاسی من، ئەو «بالمضاعف» زیدد و ئەغیارە |
10
editوجوودم ڕاستە خۆی سووتا وەلێ ئەکسەر خەتای یارە | لە ئەسڵا قەلبی من گۆگردە شوعلەی ڕوویی ئەو نارە |
بە مەجنوونی لە سیدقا گەر منیش لەیلاپەرستی کەم | سەگی دەرگاهی یارە موونیسم گەر نەنگە وەر عارە |
حیسابی من لەگەڵ تالیع نەما گەر سەعدە وەر شوومە | لە هەر لا ڕوویی دڵدارە لەوێدا بەختی من یارە |
لە غەم ئیتر بە سەختی حەببەیێ تەعدا قوبووڵ ناکەم | نظام الملكی ئیقلیمی دڵم موژگانی دڵدارە |
حەلاوەتبەخشە ئەر بەختم خیرەد تەحسینی من ناکا | زوبانێ وەسفی لێوی تۆ بکا ئەڵبەت شەکەربارە |
خوەشا ئەشکێ بەیادی لەعلی تۆ بڕژێتە سەحرایێ | هەموو سەنگێکی یاقووتە هەموو خاکی نەمەکزارە |
جەماڵ ئابادە جێگەی دڵبەر و زادەی جگەر لادە | فسوونی ئەو فەریبی ساحیری مەککارە بازاڕە |
ڕەوانم تازە بوو سالم عفاك الله لەگەڵ فیکرت | سەراسەر شیعری شیرینت بە لەززەت وەک قسەی یارە |
11
editلیقا و جیلوە و تەجەللای دڵبەرم وەک شوعلەیی نوورە | بەسەر ڕوویا شوعاعی ناسییەی «نورّ علی نور»ە |
قەرین و قوربی عەیشە یار و من دوورم لە ئاسایش | وەلێ سیدق و سەفا هەردەم لە من نەزدیک و لەو دوورە |
فەزای خولدی بەرین بێ یار، ئەویش هیجران و ئەندووهە | ئەگەر تووبایە، گەر قەسرە، وە گەر غیلمان، وە گەر حوورە |
شەوی یەلدا، لە بەزمی دڵبەرا، هەرگیز چرام ناوێ | لە تۆی فانۆسی پیراهەن تەنی وەک شەمعی کافوورە |
هەوای لیمۆیی پوستانت لە دڵما وا بە تەئسیرە، | هەناسەی سەردم ئەمشەو «في المثل» هەمزادی کافوورە! |
سیپەرئەفگەندە و گەردنکەچم، حازر لە مەیدانا | جەدەلکردن لەگەڵ تۆ، وەک تەلاشی باز و عوسفوورە! |
بەبێ مەی، دیدە «سالم»! شێوەیی مەستی زوهوور ناکا | بە غەیرەز چاوی دڵبەر، دایما بێ بادە مەخموورە! |
12
editحورمەتی دڵ واجیبە چونکە مەکانی دڵبەرە | مەیشکێنن، ناوی پڕ ئیکسیری کەعبەی ئەکبەرە |
شیفتەی گێسووی ئەیازێکم لە غەم مەحموودسان | لەشکری غەمزەی، لە غەزنەی خاترا غارەتگەرە |
شیعە و سوننی لەلای من هەر یەکێکن، چونکە یار | نەسلی ئەولادی حوسەین و ئەسڵی فەرعی عوممەرە |
بۆ موحەممەد نەعتخوانم، چاکیری حەمزە و عەلی | خاکی پێی سەلمانی پاکیش بۆ سەری من ئەفسەرە |
سا گوزارێ کە بەسەرما بێ لە ڕێی ئەهلی عەبا | گەردی پیرۆزی ڕەهت بۆ تاجی فەقرم ئەفسەرە |
13
editتا ڕەقیب حازرە، گاهی حذرە نەک حضرە | ئەو سەگە تا لە کەمین بێ، حضریشم سەفەرە |
گەر لەبن سایەیی تووبا بە سەفا ماوا کەم | بێتە دڵ یادی بەدیی ئەو سەگە جێگەم سەقەرە |
باڵشی جێگەم یەگەر قاقوم و قوو بێ هەموو شەو | دوور لە باڵات لە بەدەنما وەکوو خار و حەجەرە |
چین بە چین کەوتۆتە سەر یەک لە دڵا عوقدەیی غەم | بێ بە ماچی دەمەکەت لادە سا ئەم کەسەرە |
ئاخ لەپاش ئەم هەموو هیجرانە بە کوێریی ڕەقیب | دەمدی دەستم لە قەدت چەسپە بە میسلی کەمەرە |
بە قسەی خۆش نییەتی وایە قسەم پێ دەرخا | سەد دەسی توولەکی دام کردووە، حیزبابە کەرە! |
14
editلە تەرەف یارەوە نۆبەی نەزەرە | ئەی دڵ ئامادە بە خوێنت هەدەرە |
گەهی کین زەهرە ئەگەر هەر نیگەهی | عوزری مەسمووعە کە لێوی شەکەرە |
تەشتی پڕ خوێنە بەدایم سینەم | تا موژەت بۆ ڕەگی دڵ نیشتەرە |
وەزنی یەک بۆسە و جورمی سەر و جان | لە تەرازوویی ئەوا سەربەسەرە |
سەری ئەنگوشتی دەبێتە نەیی قەند | دەستی هەر کەس لە میانت کەمەرە |
وەسڵی ئیکسیرە وەلێ زەحمەتە بێ | قامەتی سەروە وەلێ بێ سەمەرە |
بۆ کەسێ سوحبەتی مەعشووقی نەبێ | حاسیلی هەر دوو جیهان دەردیسەرە |
تالیبی وەسڵی کەسێکم بە دوعا | وەسڵی فیردەوس و فیراقی سەقەرە |
وەختی خەندە و نیگەهـ و عیشوەیی یار | سالم ئەر زەبتی نیگەهـ کا، هونەرە |
15
editخەیاڵی نێشی موژگانت لەناو دڵما وەکوو تیرە | بە یادی قەوسی ئەبرۆت گەردەنم نەزدیکی شەمشیرە |
ڕومووزی عیشق ئیشکالە لە حەددی قیل و قال نایێ؛ | نە کاری کەنز و کەششافە نە باسی کەشف و تەفسیرە |
لە هەر سوو ئەهلی دونیا جوملەگی گەردەنکەچی یارن | بەسەر موڵکی دڵاندا، ئەم وەکوو شاهی جەهانگیرە |
بتی من تۆی و من زونناری خانت؟ جگەر لاتە | بنازم زوڵف و ڕوخسارت دەڵێی قیندیل و زەنجیرە |
بەبێ ماری فیراق کوشتن نییە گەنجی ویسال بۆ کەس | بە خاسییەتی جەفای عاشق یەقین ئەجزایی ئیکسیرە |
چ حاجەت تیری موژگان ڕووبەڕووی دڵ ڕاگری هەردەم؟ | بەبێ تەمهیدی لەشکر خودبەخود تەسلیم و تەسخیرە |
چ موشتاقم لە توندیدا بە لەب کەی ئاشنا حەرفێ! | ئەگەر تەڵخیشە هەر بیڵێ، لەلام وەک شەککەر و شیرە |
ڕەفیقان! ئێوە گەر ئاشوفتەیی یارانی ئەکرادن | بە شۆخی، دڵبەری من خوسرەوی خووبانی کیشمیرە |
موجەڕڕەد بە ڕەفیق، بێ، تەوسەنی نەفست بەجێ بێڵە | لەڕێی عیشقا هەموو پێچێکی سەد شەیتان جڵەوگیرە! |
لە دونیادا خوداوەند حەرفی موفسید قەت قوبووڵ ناکا | ڕەقیب هێندەی درۆ کرد سەیری ڕووی کەن هەر وەکوو قیرە! |
ڕەقیب ناهێڵێ قەت یارم لەگەڵ من لەحزەیێ جووت بێ | لە شێوەی فیتنەجۆییدا، خوداوەندا! چەنێ پیرە؟! |
ڕەفیق خۆتان بچن بۆ سەیری سەحرا، کەوتووە سالم | سەفەر مومکین نییە لەم ئاستانە، خاکی دڵگیرە |
16
editلە ڕەمزی سیڕڕی عیشقا ئەهلی دڵ بێدار و باهۆشە | دڵی بێدڵ لە خوابی غەفڵەتا هەمزادی خەرگۆشە |
موریدی تازە عاشق ئیبتیدا ساڕەنگ ئاوازن | خیلافی پیری دەریادڵ کە وەک سیمورغ خامۆشە |
لە نارا تا بە کەی ناگاتە حاڵی پوختەگی خامت | لە کوورەی عیشقتا دایم دڵم وەک دیگ پڕجۆشە |
پەرێشان موویی موشکینت موسەلسەل هاتە بەر ئەبرۆ | بە قەسدی قەلبی دڵ، چاوت وەکوو تورکی زرەهپۆشە |
لە وەسڵا بۆسە شیرینە، لە هیجرا تەڵخە ئەحواڵم | لە چاوی عیشقی یارا قیسمەتم هەم زەهرە، هەم نۆشە |
هەتا دەمرم بە دووری تەرکی میهری ئاشنا ناکەم | دڵم تا سوبحدەم هەر شەو لەگەڵ یادت هەماغۆشە |
کە چوو بێدەوڵەتی، وەختی فەرەح، یادی فەقر ناکەم | لە وەسڵا میحنەتی هیجرت لە خاترما فەرامۆشە |
موشەخخەس توڕڕەیی جانانە فەرعی ماری زەححاکە | بە قەسدی مەغزی من سالم سەری دایم لەسەر دۆشە |
17
editکەس نەڵێ پێم: ئەی فڵانی! هەجوی سەنگ هەڵکێش مەکە | ئاشپەزی هەجوم، بەوەڵڵاهـ دەیجنم وەک کوولەکە! |
دوور لە دینم، میسلی نەمروود بۆ منارەی هەجویات | خاک و زێت پێ قەد دەکەم، ئەی سەنگشکێن، وەک چۆلەکە |
نەوعی کوردیی هەجویاتێ توربەڕێژی یادگار | خاکی هەجوی تێ دەکەم دەیئاخنم وەک توورەکە |
سا کە دڵ دێنێ دەبێ عەرز کەم لە عەرسەی مەحفەلا | هەڵسە بێن یاران لەدەورم ڕۆبنیشن کۆمەکە |
با بە شەرتێ مەنعی کەن، گەر حەملەزەن بێ بەزمی جەنگ | کەڵبەتیژی پەتپسێنە، سەنگکرۆژەی کۆپەکە |
گەر بە قار و قین و جەنگ هات پێی بڵێن: خۆی لابدا | وەرنە شڵپەژنی شەقم ئاوازی هەر وەک فیشەکە |
پشتی پێم سمتی لە یاریدا وەها خاراندووە | گەر بە کیفی خەنجەری کەی جووتێ پێستی هۆشەکە |
شین کەوایە، شڕ عەبایە، فووتە خەنجەر، بۆزە ڕیش | ئیسمی سەنگ هەڵکێشە، توند و تیژە، وەک شوانی لەکە |
مێخ بەدەستە، مێخ بە پشتە، مێخ ڕفێنە، مێخ دەرێن | مێخ بە پێشە، مێخ بە پاشە، مێخ شکێنە، توولەکە |
کلکی جوانووی ڕووتە وەک سنگ، سنگی خۆش میسلی مەکەک | سنگ بە سنگ کەن ئاڵوگۆڕ کەن، چونکە هەر دوو وەک یەکە |
بەزمی ساردی ئاوی ڕێ مێخی بە بن مێخیا کوتین | گەر جەوەندەی پیا بکەی ساردی دەکا وەک تەرزەکە |
مستێ ئاڵەت بێنم و بیڕێژمە بن دووی جوانوەکەی | گەر جەوەندەی پیا بکەی ساردی دەکا وەک تەرزەکە |
هێندە حەیوانە ئەگەر دوو ڕۆژ لە سەحرا پووش بخوا | بعد از آن ئادەم نییە یا سابرێنە یا شەکە! |
چونکە بابی قاترانە، کەر دەبێ قەدری ببێ | با بچم دادروم هەوسار و پاڵوو و کووژەکە |
گەر کەسێ بێ بیکڕێ وەسیەت دەکەم ئەم ئیشەکە | وەستەکە سستەکە لە ڕێ تێی هەڵدە باری لێ مەکە |
ئەلقابی سەنگ، ئیسمی ئەحمەد، کونیەتی هەڵکەندنە | وەک عەرەب سێ ناوە خۆ ئەم شێتە قەددەم خوشکەکە |
گەر لە بێشە عاقڵی کرد گوێی حەماقەت تاق و جووت | هەر کەسێ نەزدیکە لێی هەڵدایە، یاڵدا فیکە کە |
سەنگشکێن عەفوت دەکەم لاکین بە شەرتێ بعد از این | ئەحمەقانە قەت بە هیچ نەوع مەدح و زەممی کەس مەکە |
18
editبە تەدبیری مەعیشەت هەر کەسێ مەشغووڵی کارێکە | منی بێ مایە کارم، موتتەسیل، سەودایی یارێکە |
لە جەمعا لێم نەشێوێ، گەر حیسابی موو بە مووی زوڵفت | بە تا تا بیژمێرم، عەتری هەر تایێکی بارێکە |
بە حوکمی جازیبەی تۆ بوو، گەڕانی من بە دونیادا | بەڵێ، «حبل المتين»ی میهری تۆش مەحکەم مەهارێکە |
بە ڕاحەت موشکیلە ژێر سەر بنێم، من دەستی ئاسایش | سەری زوڵفێکە دەستگیرم، کە هەر موویێکی مارێکە! |
لە دڵما بازە بۆ حوسنی حەقیقەت دیدەیی باتین | مەڵێن عیشقی مەجازم هەر لەسەر بۆس و کەنارێکە! |
ئەگەر فەرزەن لە قاڵبدا بە قووەت تابی فیلم بێ | کەمەندی ئوستواری گەردنم لەو توڕڕە تارێکە |
لە دەورانی مەحەببەتدا بە عەهدێکت وەفا ناکەی؟! | خیلافی عەهدی تۆ «سالم» لەسەر شەرت و قەرارێکە |
19
editلە دەست ڕەنگڕێزی دەوران، ڕەنگی چیهرەم زەعفەرانێکە | حەدیقەی دڵ، لەبەر بارانی غەم، وەزعی خەزانێکە |
لە تەبعی ماهی گەردوون و بوخاری بەحری ئەندووهم | مەتاعی سینەیی چاکم وەکوو جامەی کەتانێکە |
کەمەنداری فەلەک، بۆ بەختی من، سەییادی خوونڕێژە | لە دڵما خاری میحنەتها یەکایەک وەک سینانێکە |
بە دڵ سۆزی فەلەک، ئیتر ئەرەستوو بێ، دەوام ناکا | قوبووڵی مەرهەمی چۆن بێ کە زەخمی من نیهانێکە |
دڵئازارم نومایانن، بەهانەم وەزعی گەردوونە | فیغانی خۆم و دڵ، یاران! لەدەست پیر و جەوانێکە |
جەوان بووم گەر لە غەم پیر و جەوان، پیریم چ نەزدیکە | لەدەست وەسفی قوماریان، داد و شەکوەم داستانێکە |
قەڵەم بوو کیلکی کاتب، خودبەخود مەشغوڵی نووسینە | لە کەشفی سیڕڕی مەستوورا عەجایەب دووزوبانێکە؟ |
لەباتی شوغڵ و تەسبیح و نوماز و سوننەت و مەسجید | لە بەحسی نەرد و ئاس و گەنجەفە، هەردەم بەیانێکە |
لە غەوغای بێنە «دووشەش»یان، لە هەر سوو شەش جیهەت پڕ بوو | لە دەنگی «مۆرە! ها دەی، زوو کە! ها» ئاخرزەمانێکە |
گوشادی وا فڵان مۆرە مەیێنە، با بدۆڕێنی | حەریف تۆ بێنە دەی داشێ، بە تەنها وا لە خانێکە |
قڕانی بەستە، کەو و بڕنوو بڵێ سا دەی، حەریف زووکە | چ سەهلە مۆرە گەر بێنی، لە ڕێی پێنج و سیانێکە |
حەریفی نەوجەوان ئەسبابی پیری چەندە هەرزان کرد | نگین و کەوش و شانە و خەنجەری ڕەهنی قڕانێکە! |
حەکیمیش وا لە خزمەت لۆتییا، جۆیایە بۆ بێنی | لە سەفحەی گەنجەفە و ئاسا حەکیمی لەوحەخوانێکە |
لە بیمی هەیئەتی ڕوستەم، وەکوو توورانییان پڕ بیم | تەڵایەداری ڕەهـ «حاجی حوسەین»یش دیدەبانێکە |
فڵانیش لەوحەخوانە وا لە پەهلوومان، تەماشا کە | لەبەر تەسویری ئاسا، نەقشی لووتی تیرەشانێکە |
وەرەق چەند ڕەونەقی سافە، لە عەکسی چیهرە دەنوێنێ | لە قیتعەی قرمزی لووتی، دەڵێی پۆزەی بەرانێکە |
یەکی خست وا حەکیم ئەوراق و لۆتی غافڵە، یاران! | سێ ئاسی وا لە مستایە، دوو شاهی پشتیوانێکە |
کەوا و ئارەقچن و فێستی کەچەڵ، قەبڵا بە نۆ شایی | قەمە و قەمچی و ئەساسی حەربی، کوللەن تۆپی ئانێکە |
20
editلە حوسنی دڵبەران، گەرچی «سەنەندوج» گوڵستانێکە | بەبێ دڵبەر لە بەرچاوم چ وێرانەمەکانێکە؟! |
سەبا وەک پەیکی شیریندەو خەبەر کە شەهسەواری من | لە دووریی تیری باڵای، قامەتم کۆنەکەمانێکە! |
موسەخخەر بوو جیهان، یەکسەر، لە سیحری عیشوەیی چاوی | بە کێشی خۆی لە شۆخیدا، ئەویش ساحێبقڕانێکە |
جەوابی دامەوە دڵبەر: لە شەرعا کەوتە سەر شاهید | زەمانی بۆسەیە بۆ من، لەبی لەعلی زەمانێکە |
قیاسی قەددی باریکی لەگەڵ موژگانی مۆر ناکەم | لەلای ئەربابی هۆش و مەعریفەت، سیڕڕی نیهانێکە |
وەکوو تێ دەفکرم ئەم زوڵمە ناپرسن، بڵا مات بم | لە شوعلەی پەرتەوی دووهەفتەماهی، دڵ کەتانێکە |
لە دڵ پەیکانی کول نابێ، عەجەب سیحرێکە بۆ تیژی | لە پەهلووی سەف موژەی بۆ یەکتری هەر یەک فەسانێکە |
لە وەختی ئاشتیی ئەودا جیهان فیردەوسی ئەعلایە | لە حینی خەشمییا بۆ عاشقی ئاخرزەمانێکە |
سزای خۆی دی قەڵەم «سالم!»، ئەتۆیش سەر دامەنێ وەک ئەو | زەمانە تیغە، غەم میقتەع، چ تەقریر و بەیانێکە؟! |
21
editمن لە ئەسپی بۆز ئەپرسم: بۆچی ئەعزات کەمڕەگە | ئەو بە ئاخ و داخ ئەڵێ: داخی عەزیز ئاغای سەگە |
چاوم بێ نوورە، دەستم تۆپاڵە، بەرمەم کۆنەڕێش | سەربەسەر ئەعزام لە برسا تێک چووە، ڕانم شەگە |
توورەکەی پڕ ئێسْکم کردە سەری، ئەو پێی وتم: | ئەسپی سەگ با پێشەخۆر بێ، جۆ لە بەر ئەسپی بەگە |
با وجوودی بێ جلی و بێ کاو و جۆیی، دائیما | دێتە سەر پشتی، دەمرقێنێ وەکوو بزنی تەگە |
کەوتمە کەند و تێک شکام و کوێر و شەل بووم، ئێستەکە | سەگ بە بن گوێما دەڵێ: زوو بمرە، نامەردی مەکە |
سەگ تەمای لاقی ئەکات و سەگ سواری پشتییە | بۆزی سەگ چۆن دەرپەڕێ، یا ڕەب، لەدەست ئەم دوو سەگە |
بۆز لە دەشتی شارەزوورا هێندە بێ تین و لەڕە | خاڵ سواری گەردنی بێ، وەک سەگی سەر دیرەگە |
بۆز ئەڵێ: میرم، خودا عومرت درێژ کا، توو خودا | ئاڵوگۆڕم کە، نەجاتم بێ لەدەست ئەم دوو سەگە |
22
editگریەیی دایم لە ئەشکا چاوی کردمە بەلبەلە | دڵ لە ناڵینی فیراقت، موتتەسیل، وەک بولبولە |
مەیلی گەشتی گوڵسْتان و دامەنی سەحرام نییە | دامەنم هەر سوور لە ئەشکی ئاڵی دیدەم گوڵ گوڵە |
وەک سەمەندەر کەوتە ئاتەش، تاقە خاڵی لەوحی ڕووی | بۆ میزاجی دڵ، لە تیژیدا، میسالی فلفلە |
گەر بەبێ گێسوویی ئاشوفتەت مەکانم بێ، ئیرەم | پێچ و تابی خاترم زیاتر لە پێچی سونبولە! |
ساحێبی غەدر و فسوونە، مادەری مەککاری دەهر | «بعد از این» نابێ بە فەرزەندێکی وەک تۆ حامیلە |
شینە یا شادی لە کولبەی سینەتا، «سالم»! بڵێ | دێتە گوێم دایم بە ڕۆژ و شەو نەفیر و غولغولە |
23
editیار ئەگەر ئەمری بە مردن بێ، نەمردن موشکیلە | بێنە بۆ هەرچی بڵێ، بۆ من نەبردن موشکیلە |
ڕوویی دڵ تا سوویی قیبلەی ئەبرۆیی جانانە بێ | ڕووبەڕووی میحرابی مەسجید سوجدەبردن موشکیلە |
نەقشی تۆفان دێتە بەر چاوم لە نەوحەی ڕۆژ و شەو | سەددی تەندوورەی تەنووری دیدە بۆ من موشکیلە |
تیری دڵدۆزی موژەت سەف سەف هەتا جونبوش بکەن | زەخمی پەیکانها لە دڵ یەک یەک ژماردن موشکیلە |
بارە سایەی سونبولی گێسوو لەسەر غونچەی لەبت | بۆ منی پڕبارلەب ئەو لێوە گەزتن موشکیلە |
بۆ کەسێ وەک من لە هیجرا مەیلی تەنهایی بکا | ڕۆژ لەگەڵ تەنهایی ئەحمەق ڕابواردن موشکیلە |
وادییی هیجرت بە پێی من زەحمەتە پایانی بێ | کەندنی خەندەق بە زەربی نووکی سووزن موشکیلە |
زاڵی دەهری دوون لەگەڵ هیچ شەوهەرێ ناباتە سەر | دۆستیی سالم لەگەڵ پڕئاشنا ژن موشکیلە |
24
editدیسان لە بەزمی هیجران زەهری جەفام لە جامە | سوبحم لە میحنەتی یار هەمڕەنگی وەختی شامە |
بادی سەبا! دەخیلە، واسیل کە ئەم پەیامە | «از خون دل نوشتم نزدیک دوست نامه |
ٳنی رٲيت دهراً من هجرك القيامه» | |
لەوساوە غەم لە خاتر کردوویە ئیستیقامەت | ڕابورد لە کولبەیی دڵ ئاسایش و سەلامەت |
ئالوودە بووم لە ئەندووهـ تا ساحەیی قیامەت | «دارم من از فراقش در دیده صد علامت |
ليست دموع عيني هذا لنا العلامه» | |
باز بەرقی حوسنی دڵبەر سووتاندی مەزرەعە و کاشت | یاران عیلاجی من کەن، نەمماوە هۆش و پونداشت |
دوێنێ لە تەرفی سەحرا ڕابورد لە مەوسیمی چاشت | «باد صبا زود ماهم طرف نقاب برداشت |
كالشمس في الضحايا تطلع من الغمامه» | |
هەرگیز لە باغی عومرم غونچەی موراد نەشکوفت | سووتا لە بەرقی میحنەت شاخی مورادی من موفت |
دوێنێ بە میسلی زوڵفی، دڵبەر لە جوابم ئاشوفت | «گفتم: ز عشق رویت اندر ملامتم، گفت |
والله ما رٲينا حبّاً بلا ملامه» | |
هەرگیز لە مەتبەخی بەخت ئاشی موراد نەبوو دەم | دونیا لەگەڵ منی زار وەک دوشمنە هەموو دەم |
جەوری زەمانە بۆ من یەک زەڕڕە قەت نەبوو کەم | «هر چند آزمودم از وی نبود سودم |
مَنْ جرّبَ المجرَّب حلَّتْ به الندامه» | |
حەققەن لە بەزمی مەستان هەر تۆی حەریفی دێرین | سا دەی وەرە لە ڕووی ناز، ئەی زوڵفی بۆعەنبەرین! |
لە بەزمی خاسی سالم بونیاد کە جەشن و ئایین | «حافظ چو طالب آمد، جامی ز جام زرین |
حتي يذوق منة كٲساً من الكرامه» |
25
editئەو کەسە دایم لە دڵدا مەیلی بۆ ئازارمە | ڕۆژ و شەب بۆ تەندروستیی ئەو، دوعا ئیشعارمە |
جۆشی گریەم ئەشکی ئاڵی وا بە دامەن ڕیتووە | دەشتی ڕەی تا دێتە بەرچاوم هەموو گوڵزارمە |
سەتحی قەزبین و کەرەج تا بەندی جولگەی ئیشتیهار | شۆرەزاری هەر چی بێ فرمێسکی دیدەی تارمە |
تا لە گەیلان بارش و تا تەم دەماوەند داگرێ | ڕێزشی ئەشک و هەناسەی سینەیی ئەفگارمە |
موڵکی ڕەی، نەجد و منم مەجنوون و لەیلا دڵبەرم | بێستوون، ئەلبورز و من فەرهاد و شیرین یارمە |
سیدقی پاکی بێتە ڕێم با موددەعی بگرێ کەمین | بۆ تەوافی کەعبەیی کۆی تۆ خودا سەتتارمە |
یاری سالم کوا لە هیجرا ڕۆژ و شەو جوز یادی یار | مەیلی تەنهایی دەکەم تا یادی دڵبەر یارمە |
26
editشوورەزاری خاکی ڕەی ئەمجارە دامەنگیرمە | ڕوو لە هەر وادیی دەکەم خاری وەکوو زەنجیرمە |
ئیبتدا بۆ ڕەی کە هاتم فیکری عەقڵیم لێ نەکرد | حەبسی تارانم گوناهی کاری بێ تەدبیرمە |
بۆ فەلەک با چەند سەباحێکیش بنێرم تیری ئاهـ | کاری شێواوم خەتای ناڵینی بێ تەئسیرمە |
وا لەناو سینەی قەفەسما مورغی دەستئامووزی یار | بەم غەمە موستەوجیبم سەیدی حەرەم نەخچیرمە |
مونحەریف نابم لە ڕێی عیشق ئەر شەوی یەلدا بڕۆم | زوڵفی وەک یەلدایی دڵدارم هەتا دەستگیرمە |
کەی بە سەیحەی من دەگا جەزبەی موریدی خانەقا | پیری ئەو شێخێ موسیننە و من جوانێ پیرمە |
جوابی نامەی دڵبەرم بۆیە دەقیقە و خوونچەکان | نووکی خوونئالوودی موژگان خامەیی تەحریرمە |
سادیقی بۆ ئەهلی ئەییامە سالم... سوودی کرد | سەر نەچوو کارم لە سیدقا، نۆبەتی تەزویرمە |
27
editلە نووری لامیعی تەشتێکی ڕاگرت و وتی: ڕوومە | بە دۆشا ئەژدەهای پڕنێشی ڕاکێشا، وتی: موومە |
تکام کرد: قەتڵی من ناحەق نییە واجیب وتی: فەڕزە | وتم: بۆ ئاگرت بەردایە عومری من؟ وتی: خوومە |
وتم: تەنها منم پابەندی عیشقی تۆ، وتی: گوم بە! | هەزارێکی وەکوو تۆ کوشتەیی شەمشێری ئەبروومە |
وتم: گەردەنکەچی عیشقت منم تەنها؟ وتی: شێتی؟ | سەدی وەک تۆ لە هەر سوو بەستەیی زەنجیری گێسوومە |
وتم: با بەس لە خوانی وەسڵی تۆ نەومیدی جاوید بم | وتی: مردووت مرێ! عاشق هەمیشە زار و مەحروومە |
وتم: زەخمی دڵم کاریگەرە توند بوو، وتی: لاچۆ | بە من چی؟ تیرەبارانی نیگاهی چاوی جادوومە |
وتم: زارم لە غەم، ڕوانیی، وتی: قانوون مەشێوێنە | وەفا بۆ دڵبەران هەی بێخەبەر یەکبارە مەعدوومە |
وتم: سالم دزە، دەستی بوڵەند کرد ئاینەی ڕاگرت | وتی: کێشکچیی ئەم باغە بەدایم خاڵی هیندوومە |
28
editئۆف خودا ئەم جەژنە بۆ حاڵی غەریبان ماتەمە | با وجوودی زەوقی مەردوم خاتری من پڕغەمە |
ڕەسمی عیدم سیبی غەبغەب بوو لە جەژنی پارساڵ | حەسرەتا لەم جەژنەدا عیدانە و عیدیم هەمە |
جەژنی ئەمڕۆ فەسڵی سەحرا و زەوقە یاران ئەی عەجەب | دڵ لە سەحرای سینەما مەشغووڵی شین و ماتەمە |
گەر مەلالی حەسرەتی ئەم جەژنە زاهیر کەم لە دڵ | ساحەتی غەبڕایی دەوران بۆ مەلالی من کەمە |
دڵ لە گەم مەزبووحوار و دیدە جەشنئارایی ڕوو | ئارێ ئارێ جەژن و قوربانی لە هەر سوو باهەمە |
سوبحی عیدی مەردومە فەسڵی نەهار و شەهد و سوور | سالم ئێستە من حەقیقەت سوبحی فەقر و فاقەمە |
29
editلە حەملەی ڕایی هیندی غەم، شەهی شادی گورێزانە | سەراسەر ئەم ڕەهە ئیقلیمی دڵ پاماڵی فیلانە |
بە هەوری خەم لە ڕەعدی گریە سا چەخماخە دە ئەی دڵ | لەلای دەریادڵان ئەشکم هەموو بارانی نیسانە |
دەروون سەودایی دڵ دەردێ هەتیوئاسا لەدەست حاجیب | بروون سوو مەردومی دیدەم بە حەسرەت ئەشکڕێزانە |
میان زەنبووری من قەت شەهدی بێ تەڵخی بە کەس نادا | بەقەد سافیی عەسەل دایم لەگەڵ ئەم شانە نێشانە |
ڕەفیقت دڵ قوبووڵ ناکا ڕەقیب لێم لادە توو دینت | حەبیبی من لەگەڵ تۆ وەک ئەنیسی کرم و شیلانە |
دوو سەنگین سەنگی باوەزنن غەم و پیری دوو تا حازر | خەریکی کەشمەکەش دڵ دووسەرە لەم وەزنە وەززانە |
30
editالا يا ايّها الساقي! بە موفلیس وەختی ئیحسانە | ادر كاساً و ناولها، عەتا شێوەی کەریمانە |
عەرووسی بیکری مەغروورم لە مەهدی جامی بللوورا | قەراری بەستنی مەهری لە عەقدا نەقدی ئیمانە |
دڵی پڕحەسرەتم ئەمشەو لە عیشرەت خاڵییە سا دەی | مەیێڵە بمکووژێ حەسرەت بە عیشرەت پڕ کە پەیمانە |
لە بێ شەوقی سولووکی تۆ بەجارێ مەقسەدم گوم کرد | بە شوعلەی شەوقی مەی بم بەن هەتا دەرگایی مەیخانە |
لە ڕووتا موئمین و تەرسا لە وەسفت هەر دوو سیددیقین | چەلیپای زوڵف و نووری تەلعەتت جێی کوفر و ئیمانە |
بەهاری ئەسڵ ئەگەر حوسنت نییە ئاخر بڵێ بۆ چی | بەرابەر تۆ سروشکم موتتەسل وەک تاوی بارانە |
لە حەلقەی بەزمی دڵدارا بە عیشرەت مەجلیسێ گیرا | بە تەنها دیم لەناو ئەو جەمعەدا سالم پەرێشانە |
31
editموژگان و ئەبرۆیی تۆ: ئەم تیر و ئەو کەمانە | سینە و دڵی فگارم: ئەم سەیدە، ئەو نیشانە |
بۆ دڵ لە دیدەیی یار، دووری خیلافی عەهدە | ناکا خوماردیدە تەرکی شەرابخانە |
ئەگریجەکانی کوڵمت یاتاغی مورغی دڵمە | بولبول لە پەهلوویی گوڵ بەستوویە ئاشیانە |
هەستانی تۆ بوو هەستا ئاگر لە کولبەیی دڵ! | دانیشە دا بنیشێ شوعلەی خەرابخانە |
بێخود لە وادییی عیشق، لافی سەڵابەتم دا! | نەمزانی شێرگیرە، ئەو چاوە ئاهووانە! |
گرتم بە دەست و بەستم تا مەیلی تۆ بەکامە | تەسبیحی سۆفییانە، زونناری کافرانە |
گەهـ دڵ لە سەیری دەیرە، گاهێ موقیمی مەسجید | مەقسوودی ئەسڵیی من تۆی، ئێرە و ئەوێ بەهانە |
جەزبەی تەبەسسومی تۆ «سالم» بە گریە دێنێ | وەک غونچە وا کە گاهێ، ئاهیستە، ئەو لەبانە |
32
editچەشمەیی نەهری ڕەوان دیدەیی گریانی منە | موژە، تا مەددی بەسەر، نیلووفەرستانی منە |
بۆ بترسم لە شەبیخوونی عەدوو گاهی کەمین | کە هەناسەی سەحەری خەنجەری بوڕڕانی منە |
مەرگ و سیححەت لە بەدەنما بە جەدەل دێن و دەچن | وا لە ئازاری فیراقا شەوی بوحرانی منە |
تا موعەللیممە لە عیشقا دڵی با هۆش و خیرەد | داوی زوڵفی سیەهت دەرسی دەبوستانی منە |
هەر تەرەف تیری نیگاهت لە دڵم بەسکی چەقی | تا بە پەهلوو هەمەجا سینە نەیستانی منە |
غەم دەڵێی قەرزی بە من داوە سەری وەعدەیەتی | ڕوو لە هەر گۆشە دەکەم دەستوگەریبانی منە |
جێی تەماشامە لە تیری نیگەهت سینەیی ڕێش | زەخمی ئالوودە بە خوێنم گوڵی خەندانی منە |
عادەتم کردووە ئەزبەسکی بە چۆڵیی و کەنار | جوغدی وێرانە لە هەر گۆشە سەناخوانی منە |
وا دەزانم کە لە فیردەوسی جەماڵا بە فەریب | دانەیی خاڵی لەبت باعیسی عیسیانی منە |
لە زەمین تا بە فەلەک نیسبەتی بەد دوورە لە تۆ | شاهیدی عیسمەتی تۆ پاکییی دامانی منە |
چ بڵێم حاڵەتی دڵ چۆنە لە هیجرا سالم | سەحنی گوڵزاری سەنەندوج وەکوو زیندانی منە |
33
editعەینی فەووارەیی خوێن دیدەیی بێ خاوی منە | مەنزڵی میحنەتی دنیا دڵی بەدناوی منە |
بەرقی عیشق ئافەتە بۆ خەرمەنی ئەربابی هونەر | هەر تەرەف مەددی نەزەر خەرمەنی سووتاوی منە |
لە ڕوخت دەرخە چرا، بەڵکە ببینم بەری پێم | خاڵی گۆشەی لەبی تۆ، مەردومەکی چاوی منە |
لە بیابانی غەما بەسکی بە تیغت تیشنەم | بەرقی ئاتەشزەنی ئەو لەززەتی بەفراوی منە |
شادە سالم کە لە نەشئەی بوتی عەییاری وتی: | با وجوودی هونەری، فەزڵی سەگی ڕاوی منە |
34
editتا لە جێ پەیکانی تیرت حیسنی دڵ پڕ ڕەوزەنە | شەوقی میهری ڕووت بە ڕەوزەندا کە دێ، جێی ڕەوشەنە |
بەسکی تەن پڕ بوو لە زەخمی خوونفشانی تیری تۆ | جوملە ئەندامم لەبەر مەددی نەزەرما گوڵشەنە |
خوێنی دڵ دەتکێ لە جێ تیری نیگاهت، گاهی سوڵح | چاوی تۆ، ئەلحەق لە پەردەی دۆستیدا دوشمەنە |
کەی بە گەنجی ڕوومەتت دەستی خەیاڵی دڵ دەگا؟! | پاسەبانی ماری زوڵفت تا موحیتی گەردەنە |
چونکە پڕ پەیکانی تیری غەمزە بوو ڕووسەختە دڵ | ڕووی کەمان وەرگێڕە بۆ دیدەم کە ئەو ڕووبینتەنە |
دەفعەیێ ئەی کاشکی دەمدا لەسەر سینەی ڕەقیب | تیری ئاهی دڵ کە هەر وەک خەنجەری ذي الجوشنە |
کەی تەماشای ئاینەی مەتڵەب دەکەم سالم بە خەو؟ | دیدەیی تاریکی پڕئەشکم لەگەڵ خەو دوشمەنە |
35
editتورکی چاوی دڵبەرم وەختی نیگەهـ تیرئەفگەنە | عاشق ئەر فەرزەن فەرامەرز بێ لە زوڵما بەهمەنە |
ڕووبەڕووی دڵ دڵبەرم کێشاویە شەمشێری برۆ | حەلقەحەلقەی سیلسیلەی زوڵفی بەمیسلی جەوشەنە |
وەک نیزامی پڕ نیزامم بۆ نیزامی نەزمی شەوق | دڵ لە زیکری گەنجی فیکرا وەختی وەسفت مەخزەنە |
جێی موقیمی بۆ نییە یەکدەم لە سەفحەی ڕۆزگار | عاشقی بێکەس وەکوو ماری سیەهـ بێ مەسکەنە |
ڕۆحی عاشق کەی نەجاتی دێ لەبەر تیری نەزەر | گەر لە ئەسبابی مەتانەتدا وەکوو ڕووبینتەنە |
زێوەری ئەو دۆشە بێ یاڕەب بە تەوقی گەردنم | گەردەنت چێ یا ئیلاهی مەحکەمیی ئەو دامەنە |
خەرمەنی حوسنە عوزاری دڵبەرم ئەمما درێغ | لوتف و ڕەحمی دانەدانە جەور و زوڵمی مەن مەنە |
36
editلە تەئسیری عوزاری، یاری من گوڵگوونە، ڕەنگینە | بە حوسن و خوڵقی ئەو، ڕووی سەرزەمین پڕ زێب و ئایینە |
لە شەوقی لەعلی تۆیە ئەشکی ئاڵم دێتە ڕووی دامەن | یەکایەک ڕەونەقی قەترەی، هەموو لەو ڕەنگە ڕەنگینە |
ئەزەل کۆهی غەمە جێگەم، نەوەک بالینی ئاسایش | لە شەهدم چی، بە جوز تەڵخی، لە دڵما شۆری شیرینە! |
ڕوخ و ڕۆژ و لیباس و ئەشک و دیدە و دڵ لە هیجرانت | سیاهـ و ئەحمەر و ئەسغەر، سفید و دەرهەم و شینە! |
لە وادیی گەرمی هیجرتدا بە جۆش دێ حەسرەتی گریەم | سروشکی شۆری دیدەم، ئاوەکەی لای پردی «نارین»ە |
لەپێش تەشریفی قابیز، جان دەبێ مەئمووری فەرمانت | نیگاهی زەهرئالوودت بە ئەمری دیدە تەعیینە |
خودایا! با لەپاش جەور و جەفا، وەختی تەرەححوم بێ | لە سینەی سالما خاری جەفا وەک زەربی زۆپینە |
37
editوەرە ساقی! بە زەردەشتی خەواریق تازە بنوێنە | لە ئاوی خوشک و سافا، ئاگری تەڕ، شوعلە دەربێنە |
ئەگەر کافر نەبا سوجدەت لە شوعلەی ناری پڕقینت | بە زیندوو یەک بە یەک وەک میللەتی هیندوو بسووتێنە |
لە دەوری ناری ڕوو، زوڵفت مەجووسانی سەرەفگەندەن | لە تابی بەرقی مەی ئەو کافرانە جوملە هەڵسێنە |
عەزیزی زیردەستی وا بە خەڵوەت تەربیەت دەکرێ | لە مەجلیسدا، بە مەحزی سەرکەشی، بەس توڕڕە بشکێنە |
بە قەولت نەفسی ئەممارەم، دڵا! بۆ توڕڕە دەمکێشێ | کە من مەغلووبی ئەممارەم، بە ئەم مارەم مەترسێنە |
بەهاری دڵگوشا وەک حوسنی تۆ نایێتە ڕووی دونیا | هەوای باغی بەهەشتت گەر هەیە، بڕوانە ئایینە! |
گەواهە ئەشکی ئالوودەم بەسەر ڕوخسارەیی زەردا | لەتاو ئەندووهی هیجرانت، دڵی سالم هەمووی خوێنە |
38
editبە هەر موویێ لە ڕوو زوڵفت بەداوە | گوزاری مورغی دڵ ئەسڵەن نەماوە |
لە ڕەعدی گریە ئەشکم بوو بە سەیلابی | لە کولبەی دیدە مەردوم غەرقی ئاوە |
گوزاری غەم بەسەر مندایە هەر سوو | دەری شادی بە ڕووما داخراوە |
لە بەدبەختی منا کولبەی هەتیویم | بە زستان سێبەر و هاوین هەتاوە |
گوڵی ڕووت عەکسی وا داوە لە دیدەم | هەموو قەترەی سروشکم وەک گوڵاوە |
هەتا دەمرم لە سەودای زوڵفی تۆ دام | ئەگەرچی سەربەسەر فیکرێکی خاوە |
ڕەقیب دەستی ڕەفیقیی نایە دەستم | حەقیقەت پەنجەیی سالم گڵاوە |
39
editتیروەش دەی مەهـ گوزەشت و عەهدی نیسان هاتەوە | بولبولی بێ دڵ لەدەوری گوڵ بە ئەفغان هاتەوە |
سەختگیری کرد ئەگەر سەرما وەکوو ئەفراسیاب | بادی نەورۆزی بە میسلی پووری دەستان هاتەوە |
لەشکری گوڵ جوملە خەندانن دەڵێن: سەرما شکا | تا سولەیمانی سەبا بۆ دێوی زستان هاتەوە |
باغە پەژموردەی خەزان و خوڕڕەمی ئەوقاتی حووت | ماهی نەورۆزی بە عەکسی ماهی ئابان هاتەوە |
بای شەماڵ هێنایە جونبوش قامەتی سەروی سەهی | بۆ خیابانی چەمەن قومری بە ناڵان هاتەوە |
سارە دڵدادەی شکۆفەی شاخساری تەرفی باغ | بێخود و ڕەققاس و سەرمەست و غەزەلخوان هاتەوە |
بۆ شکۆفەی تیفلواری یەک شەبەی شاخی درەخت | ڕەحمەتی ئیزەد لەگەڵ هەر قەترە باران هاتەوە |
ڕووبەڕووی تیفلی نەباتاتی چەمەن موشتاقوار | دایەیی ئەبری بەهاریی ئەشکڕێزان هاتەوە |
دەنگی سەد ڕەنگی کوڵنگ و قاز و سۆنە و بۆرچین | سازوەش هەر سوو لە گوێی سەبزە و شەتاوان هاتەوە |
سەیری گوڵشەن کەن لە چیهرەی گوڵ شەوی ئوردیبیهیشت | هەر تەرەف بۆ مەجلیسی بولبول چراغان هاتەوە |
سەبزە وەک مەخمەڵ لە هەر جا فەرشە بۆ سەحنی چەمەن | مەوسیمی عەیش و تەرەب بۆ مەیپەرستان هاتەوە |
بۆ دەماغم عەهدی گوڵ ئەفسوردەگیی سەردی نەما | تا لە گوڵشەندا بە سەرما بۆیی ڕەیحان هاتەوە |
پێی وتم دوێشەو لە کونجی میحنەتا وازیح سرووش: | وا چراغی دوودمانی ئەهلی بابان هاتەوە |
چیهرەیی مەقسەد هووەیدا بوو لە هەر جا سوبح وار | موژدە ئەی یەعقووبی دڵ یووسف بە کەنعان هاتەوە |
ئاشکارا هەر تەرەف هودهود لە پەروازا دەڵێ: | ڕووبەڕووی موڵکی سەبا تەختی سولەیمان هاتەوە |
بەرقوەش بۆ موڵکی مەورووسی لە قوستەنتینەوە | حاکمی مەنفی بە ئەمری سەدر و سوڵتان هاتەوە |
ئاسەفی سانی مورەخخەس بوو بە ئەمری پادشاهـ | بۆ نیزامی موڵکی بەینی ڕۆم و ئێران هاتەوە |
من وتم: چۆن بو لە آغدنگز نەجاتی دڵ وتی: | شاهی کەیخەسرەو بە جەیحوونا بە ئێران هاتەوە |
فیتنەخێزە ڕاهی قوستەنتین بە میسلی هەفتخوان | ئەم بە هەر خوانێ وەکوو ڕووبینتەن ئاسان هاتەوە |
نۆکەرانی بێ ڕەمەق کرد خیسسەتی تەبعی مونیب | بۆ تەنی موردەی خەلایق یەک بە یەک جان هاتەوە |
شەهد و تەڵخە لوتف و قەهری بۆ قەراری نێک و بەد | شاهی نەحلاسا بە یادی نۆش و نێشان هاتەوە |
خۆش نوما شەمشێری ئەو بوو وەک هیلالی شامی عید | ماهی نەو دەرکەوت و عیدی ڕۆزەداران هاتەوە |
بۆ قیساسی موستەحەق و قەبز و بەستی موددەعی | شێری مەردی گوردی پیلەفگەن بە مەیدان هاتەوە |
خۆشە ئەمجا بۆ تەڕەددود بازیان و شەهرەزوور | عادیلی نادرڕەوش بۆ جانی دوزدان هاتەوە |
بێن بەهەم با دەنگی گریەی مولحید و خەندەی مورید | بۆ نەمانی کوفر و زوڵمەت بەدری ئیمان هاتەوە |
شەبنشینانی خەفەت با زەڕڕەئاسا بێنە ڕەقس | وا لە بورجی دەوڵەتا خورشیدی ڕەخشان هاتەوە |
چونکە دیهقان نۆکەر و بەگ چەرچییە و ئاغا بەقاڵ | بۆ نیزامی نۆکەر و بەققاڵ و دیهقان هاتەوە |
بچنە سەر سەنعاتی ئەوەڵ کەفشدۆز و پینەچی | حاکمی مەرکەزشناسیی ئەهلی دیوان هاتەوە |
دیم لە بابانا ڕەعییەت زاڵم و نۆکەر فەقیر | مونعەکیس بوو قەزیە وا بابی فەقیران هاتەوە |
شەقوەشێن ئامادە بن بۆ کاسبی شوورانشین | پشتی لەشکر سەدری مەجلیس میری میران هاتەوە |
گریە کا دەنگی دەردێ با کەریم ئاغای نەنێ | حاکمی مەعزوولکەردەی ئەو بەشادان هاتەوە |
تەپڵی بدڕێنێ عەلەم ون کا جەنابی کاک ئەمین | قابیلی بەیداغ وتەپڵ و لەشکر و سان هاتەوە |
خۆی بە پەت ئەمجا بتاسێنێ مودیری پەت لە مل | ساحیبی چەتر و لیوا و تەوق و فەرمان هاتەوە |
خرسخوو کەهیایی مازی بوو لە دەشتی شەهرەزوور | پێی بڵێن: خۆی ڕاگرێ وا شێری غەڕڕان هاتەوە |
چونکە شێوەی زاغی بوو سەرکاری کەهیا موددەتێ | بۆ شکاری ئەو لەسەردا بازی تەڕلان هاتەوە |
سەنگەری عەهدی عەزیز بەگ کەڵکی کەهیا ناگرێ | ساحیبی شەمشێر و دیرع و خوود و خەفتان هاتەوە |
ڕەنگە ئەمجا بێتە گاڕان سەرحەدی موڵکی سنە | ڕموەشێنی مەعرەکەی دەشتی مەریوان هاتەوە |
کەڕڕ و فەڕڕ با کەم بکا والی بە فەوجی چێش کەرۆ | پوشتبەندی لەشکری وەندات و جافان هاتەوە |
تایری دەوڵەت بحمدالله بە ئەمری شەهرەزوور | موستەعید و خوڕڕەم و یازان و تازان هاتەوە |
کەوتە ناو کەففەی کەرەم دووبارە خەرجی شەهرەزوور | تالیعی موفلیس و دەروێش بوو کە قائان هاتەوە |
من بە شەک دەموت: نەجاتی کەی دەبێ پاشا لە ڕۆم؟ | دڵ وتی سالم: یەقینت بێ بە قورئان هاتەوە |
ئەهلی دانش حاتەمی بەخشش بە ئەبجەد کەن حیساب | با نەڵێن: کانی کەرەم کەی بوو بە بابان هاتەوە |
40
editدوژمنی خوونخواری شەو بۆ قەلبی مەحزوون هاتەوە | تیپی غەم دیسان لەهەر سەر بۆ شەبیخوون هاتەوە |
تێک شکا دوێشەو لە تۆفانی خەما کەشتییی هۆش | بۆ تەنیش ئەمشەو لە ئەشکی دیدە جەیحوون هاتەوە |
چەند ڕۆژێ بوو لە دەست جەوری فەلەک ئاسوودە بووم | بۆ موسیبەت باز بەسەرما کەیدی گەردوون هاتەوە |
شیشەیی دڵ بەس لە کونجی سینەدا پۆشیدە بوو | باز بەسەریا غەم وەکوو سەنگی فەلاخوون هاتەوە |
مەنزڵی مەقسوودی عاشق وەک فەرامۆشخانەیە | دڵ کە چوو ناپوختە بوو لەو سەر بە مەجنوون هاتەوە |
ئەشکی گوڵگوون ڕەونەقی هێنا موبارەک کۆهکەن! | سواری شیرینت لە خانەی زینی گوڵگوون هاتەوە |
دارووە بۆ سەعبی عیللەت دیدەنی دیداری یار | موژدە بێ بیماری غەمگین وا فەلاتوون هاتەوە |
خۆم گەلێ پاراست لە نەزدیکی ڕەقیب دادی نەدا | ناگەهان بۆ من وەکوو هەمزادی تاعوون هاتەوە |
ئەی عەجەب سالم لە سەحرا ڕوو لە ئابادی دەکا | یاری شاری موژدە بێ چۆڵگەردی هاموون هاتەوە |
41
editبەس نییە پەروانە وەک عاشق ئەبەد ناخولێتەوە | نیمەچەرخێکە دەسووتێ و حاڵەتی دەبڕێتەوە |
گەر لە حەوزی کەوسەرا ئاوی حەیات بۆم دەس بدا | ژەهرەمارێکە بەبێ تۆ قەت بە من ناخورێتەوە |
سەربەسەر عومرم تەلەف بوو حەسرەتا بێ عیشقی یار | چوو لەدەست یاران بە غەفڵەت ئێستە بۆم نایێتەوە |
وەک یەهوود دنیا گرێی وا دا لە ڕشتەی تالیعم | حەزرەتی ئیدریس بە ناخون سەعی کا ناکرێتەوە |
ڕۆژی ئەووەڵ سەبتی دڵ بوو حەرفی عیشقت بعد از این | قەت بە سەیلابی حەوادیس لێی مەحوو نابێتەوە |
تا ڕەقیب بێت و بچێ لەم ڕێیە تا دونیا هەیە | دەرکی غەم بۆ سالمی بێچارە داناخرێتەوە |
42
editبیستم ئاغەسوورە مەدحی واشەگێڕی کردووە | ---- دەژنەوێ ---- یا مردووە |
ئاڵەزاقە و جوڕڕە بۆ کۆللارە پشتە و سنگ بچووک | لاق درێژە چنگ مریشکە و کەم فڕە، چاومردووە |
هەر لە عەمدەن خۆی لە داو داوە کە سەییاد بیگرێ | چونکە تۆڕە، مورغی باغە، خۆی لەوان گوم کردووە |
گاڵتەی مورغانی کێوە، هەر کە فیکەی لێ دەکەی | ئێستە لەو ترسە لەسەر دەستکێشە خۆی مات کردووە |
گەر بچێتە مێرگەوە قازڵاخ بە جوڕ تووڕەی دەکا | بۆ جێگاگۆڕکێ لە سەحرا هەر بە شەو ڕابوردووە |
سینفی مورغیش گەر وەکوو ئینسان جودا بێ میللەتی | ئاشیانەی گەر لە خانەی ڕۆستەمە جینسی جووە |
مێخەکە وەک پارچەبەند بۆ هەر دوو پێ ئامادەیە | بۆ کونی لووتی خەفەقان خۆی موهەییا کردووە |
ڕەنگە هەر کەس چاوی بەم سنگ و سەر و کلکە کەوێ | پێی بڵێ: لەعنەت لە بابی ئەو کەسەی تۆی گرتووە |
ئەحمەدی کاکم دەڵێ: قالە وەرە، وا واشەکەت | باقڵی من هێلکە دەکا و وەک مریشک پس کەوتووە |
واشەخێو و واشە وا کاکم بەم دەڕڕاکییە | بعد از ین دایم بەبێ هیچ لەو تەلانە قووقووە |
43
editدادەپۆشێ سەر و گوێی زین لە نەشیب | چونکە بێ گەردەنە کۆڵە بەدەوە |
دوشمنی تۆیە ئەگەر ڕۆیینی توند | بۆزە هەتکە بڕۆ سا وەختی هەوە |
مەنزڵ و باغی وەکێڵ سەد قەدەمە | شەوە سا بۆزە بڕۆ گاهی خەوە |
سەعەی نووح ماین و ئەسپێکی کە هێشت | نەڕی دوو مادەیە گەر مابێ ئەوە |
گەر لە دۆشان بگەمە شاری سنە | دەیفرۆشم بە خودا تا قەڵەوە |
44
editنەزمی دا بۆ ڕەزمی من، هەردەم کە زوڵفی پڕ گرەهـ | هەم کەمەندێ دێتە بازوو، هەم بە بەریا دێ زرهـ |
ئەم دەڵێم وەک قەددی تۆیە، ئەو دەڵێم وەک ڕوویی تۆ | گەر لەبەر سەروا قەبا بێ، وەر لەسەر مەهـ بێ کولەهـ |
بۆ خەرابی موڵکی دڵ، وا دیارە لەشکر تیپی بەست | چاوی ئەو سەرهەنگی تورکە و سەففی موژگانی سوپەهـ |
جوز بەدی نەمدی لە دوشمن، هەر چی نیکیم پێ نوواند | چا بوو پێم زانی، بە سەد شووشتن سپی نابێ، شەبەهـ |
وا دەزانم «سالم»ی بێکەس لە زوڵمی بێ حەدت | عاقیبەت بگرێ بە سەد زاری زەمامی پادشەهـ |
45
editڕووی لەناو توڕڕە، چرایە و لە شەبایە | نەیشەکەرقامەتە قەندی لە لەبایە |
کەمە بۆ وەسفت ئەگەر بێم و بڵێم: | حۆری جەننەت لە لیباسی قەسەبایە |
ڕووبەڕووی غەمزەیی تۆ مەنسووخن | سیحرەهایێ کە لە دیدەی عەرەبایە |
قرمزیپۆشە بە خوێن موژگانت | بۆ دڵی من لە لیباسی غەزەبایە |
بەسکی دڵگەرمە شەهیدی غەمی عیشقت | تا حەشر سەنگی مەزاری لە تەبایە |
ئاسمان زیددە لەگەڵ مەردومی ڕاست | ئاسیابێکە کە چەرخی بە چەپایە |
سەبەبە بۆسە بدەی مەیلی دڵت | مەیی دەوڵەت لە پیاڵەی سەبەبایە |
مانیعی ڕێی مەگەسن بۆ پەرواز | خارەهایێ کە لە ڕێگەی ڕوتەبایە |
ئەووەڵ و عاقیبەتی سالمە عیشق | ئاخری عومری لە ئەووەڵ تەڵەبایە |
46
editتەماشا گۆی زەنەخدانت، دەڵێی نارنجی بەغدایە | نیگاهی چاوی فەتتانت وەکوو ئاهوویی سەحرایە |
وەکوو سەنعان لە عیشقت شیفتە و مەجزووب و مەحزوونم | قەسەم بەو زوڵفە شەبڕەنگەت کە وەک زوونناری تەرسایە |
مەکەن مەنعم وەکوو وامیق ئەگەر ئاشفتە و زارم | جگەرگاهم شیکافی ناوەکی موژگانی عەزرایە |
ئیشارەی چاوی مەخموور و نیگاهی ناوەک ئەندازت | بەمیسلی غەمزەیی مەجنوونکوشی ئیمایی لەیلایە |
موزابی شەککەری لێوت شیفایی دەردی بیماران | تەبەسسوم کردنی لێوت ڕوبایەندەی دڵ و چاوە |
بە سوورەتخانەی ڕوخسارت بە ئەبرۆیی قەڵەمکارت | دەڵێی سەفحە و سوتووری مەسحەفی یاسین و تاهایە |
یەقین ئەمڕۆ وەکوو یووسف نیقابت داوەتە لاوە | کە بەم ڕەنگە لە هەر سوو شۆڕش و فەریاد و غەوغایە |
سەراپای قامەتی بەس دڵبەر و ڕەعنا و مەوزوونە | بە مەحبووبیی و مەوزوونی دەڵێی سەروی دڵارایە |
فیدایی شەککەری لێوت شیفایی دەردی بیمارە | دەهانی قەندی قینت پڕ لە مرواریدی دەریایە |
47
editدڵ، لەبەر ئیمایی چاوت، مەستی قەڕڕابەی مەیە | هەر نەزەر بۆ من موکەڕڕەر نەشئە ئەندەر نەشئەیە |
ئاوی وا دا مەزرەعەی ڕووت، دەستی دیهقانی ئەزەل | جورمی ماهی چارْدە لەو جەبهەدا وەک خۆشەیە |
ئەی فیدای موژگانی خوونڕێژت! نەزەر کە سوویی من | زەخمی ناسۆرم بە یادی ئاوی تیرت تیشنەیە |
مەشقی ئەبرۆی تۆ دەکا قەددم لە عیشقی قامەتت | ڕەنگی ڕووم بۆ سێوی بەروانە وەکوو ڕەنگی بەیە |
ئۆف لە ماری حەلقەیی زوڵفی سیای پڕ سیلسیلەت | دڵ لە نێشا ڕۆژ و شەو حاڵی وەکوو کوشتەی حەیە |
گوێی دەگرت، ئەی کاشکی، یەکدەم لە ئاهەنگی دڵم | وا لە فیرقەت بەزمی خاست ناڵەیی زارم نەیە |
ڕیشی پەشمی وشکەسۆفی باعیسی قەبزیی دڵە | ڕێی مەدە بۆ مەجلیست ئەو بێ دڵە ئەفسوردەیە |
گوێ گرن یاران لە بازار و مەحەللە و چار سوور | داستانی حاڵی «سالم» هەر تەرەف ئەفسانەیە |
48
editهەر تەرەف شەمعی ڕوخی جانانەیە | گەردی ئەو دڵ دایما پەروانەیە |
دەس لە تۆ هەڵناگرم تا نەمکوژن | حەرفی ناسیح سەربەسەر ئەفسانەیە |
موو بە موو ئەسبابە بۆ من قەیدی تۆ | سیلسیلە بۆ گەردنی دێوانەیە |
سەیدی سەیدم گەرچی سەییادم مودام | ئاهویی نەخچیری تۆ شێرانەیە |
بەس موسیبەت وا لەڕێی مورغی دڵا | تا لەناو موو خاڵی ڕووی تۆ دانەیە |
هەر بە یادی بۆسە مەستم گاهی قورب | کۆیی ئەو بۆ من دەڵێی مەیخانەیە |
مەشقی غیرەت مووجیبی جەوهەر نییە | شوغڵی ژن لەم عەهدەدا مەردانەیە |
خاکی کۆی تۆ تا مەقامی سالمە | في الحقيقه مەنزڵی شاهانەیە |
49
editچاوی مەستت کە غەزەبناکە، چ مەتڵووبی هەیە؟! | قرمزی قەهرە، مەگەر عاشقی مەغزووبی هەیە؟! |
دیم کە دونبالەیی ئەو چاوە لە ئەووەڵ نیگەهت | وتم: ئەختەر کە بە دونبالە بێ، ئاشووبی هەیە! |
ماڵی عوششاقی لە بەرگەشتەگییا کردوە خەراب | تیپی موژگانی، کە وا هەیئەتی مەغلووبی هەیە |
تەڵەبی بۆسە دەکەم، سەبر دەی، دەڵێ سەبرت بێ | لەم هەموو سەبرە، دڵم تاقەتی ئەییووبی هەیە |
لە دەهەن پوستە، لە ڕوخ سێب و لەسەر سینە ئەنار! | سەروی مەوزوونی قەدت، سێبەری مەڕغووبی هەیە! |
شەهـ گەدایێکە ئەگەر بەدگیلە جفتی لە کەنار! | شەهـ گەدایێکە کە هەمسوحبەتی مەحبووبی هەیە |
هەوەسی بۆسە دەکا «سالم» و دڵ مانیعییە | خۆی کە بێ شەرمە، وەلێکین دڵی مەحجووبی هەیە |
50
editحاڵەتی عاشق گەلێ ئەوقاتی دڵگیری هەیە | سوبحدەم بۆ ئەهلی دڵ ئەنواعی تەئسیری هەیە |
زەربی سوجدەی ئاستانەت باز ڕەواجی دا بە ڕووم | خاکی دەرگات بۆ جەبینم حوکمی ئیکسیری هەیە |
حاجیبت گەر بمکوژێ ناڕۆم بە زوڵفی تۆ قەسەم | لەم دەرە پێی خاترم ئەڵبەتتە زەنجیری هەیە |
فیتنەجۆیە تورکی چاوت مەیلی خوێنڕێژی دەکا | ڕووبەڕووم دایم لە ڕووما تیر و شەمشیری هەیە |
عەینی جەهلە ڕوویی دڵ گەر سوویی تەرساخوو نەکەم | شێخی سەنعانیش لە ڕێگەی عیشق دا پیری هەیە |
زاهید ئەر لافی فەساحەت لێ بدا باوەڕ مەکەن | بەدسروشتێکە بە فەن سەد دام و تەزویری هەیە |
ئەی ڕەفیقان بێنەوە نوکتەی عەجایب بشنەون: | سالمی مەجنوون لە عیشقا مەیلی تەدبیری هەیە |
51
editچونکە ئەو گۆیی زەنەخدانی هەیە | قامەتم شێوەیی چەوگانی هەیە |
دڵ لە زوڵفایە بە ئوممێدی لەبی | هەوەسی چەشمەیی حەیوانی هەیە |
تەڕ بکا حەڵقی منی تەشنە بە تیغ | ڕاستە یار ئەر سەری ئیحسانی هەیە |
باغ و مەعدەنمە لەب و پوستانی | لەعلی ڕوممانی و ڕوممانی هەیە |
وا لە دڵیا سەنەمم مەیلی ڕەقیب | حەیفە وەسواسەیی شەیتانی هەیە |
بە زوبان سەعبە بڵێ دەردی دڵی | هەر کەسێ دیدەیی گریانی هەیە |
لە عورووجایە گڕی ناری دڵم | تا قەبات جونبوشی دامانی هەیە |
وا کە لەب بۆ سوخەن ئەی بەحری خیرەد | دا بڵێن: لەعلی دوڕئەفشانی هەیە |
وەکوو فیرعەونە حەبیبم بە ستەم | تا ڕەقیبی وەکوو هامانی هەیە |
ڕەشکی چیهرە و لەبی تۆیانە مودام | تا فەلەک شەمس و زەمین کانی هەیە |
ئەو کەسەی دەردی بە دڵدا لە موژە | هەر لە شەهدی لەبی دەرمانی هەیە |
شێرمەردانە عەلی، بێ بە سەگی، | هەر کەسێ هیممەتی مەروانی هەیە |
لێ دە وەک موڕڕە بە ئەنگوشتی غەزەب | هەر کەسێ کینەیی عوسمانی هەیە |
نیگەهێ نەی شەهی مەردانی جیهان | سالمی غەمزەدە دیوانی هەیە |
52
editدڵ لە زوڵفا بە سیاحەت هەوەسی «چین»ی هەیە | بە «سەمەرقەند»ی لەبا، نییەتی «ماچین»ی هەیە |
بێ بە «کیشمیر»ی ڕوخا، دەوڵەتی ماچینی کە دی | بۆ خەتای توڕڕە، دەڵێن: نافەیی موشکینی هەیە |
دێ لە ڕێگەی «حەبەش»ی زوڵفەوە بۆ «میسر»ی ڕوخت | زوڵمەتی کوفری هەمووی دی، هەوەسی دینی هەیە! |
بە سەفا دێت و دەکا هەروەلە بۆ «مەروە»یی عیشق | خاری ئەو ڕاهە لە پا نەرمییی نەسرینی هەیە |
بە دوعایی وەسڵ ئەبەد حەلقەیی زوڵفت دەگرێ | گەر بزانێ لەبی تۆ نییەتی «ئامین»ی هەیە! |
دڵی «سالم» بە ئەبەد سونبولی زوڵفە جێگەیی، | کە دەماغی هەموودەم مەیلی ڕەیاحینی هەیە! |
53
editبۆ منی بێ سەروپا، غەیری وەفا پیشە نییە | بۆ دڵی من سەنەما جوز ستەم ئەندیشە نییە |
تاب و ڕەنگم نییە ئەزبەسکی تکا خوێنی دەروون | مەیی ئەحمەر کە نەما ڕەونەقی ناو شیشە نییە |
چ تەکانێکە خودایا هەرەسی هیجری حەبیب | بۆ نیهالی ئەمەلم شاخ و بەر و ڕیشە نییە |
وام تەراشیوە بە ناخون لە غەمت سینەیی ڕێش | شوهرەتی کۆهکەن و وەسفی دەمی تیشە نییە |
بەس بسووتێنە لە غەم سالمی مسکین، کە جەفا | بۆ وجوودی سەر و پا لە هەموو دەم پیشە نییە |
54
editبە ئەبەد جێگەیی من مەنزڵی جانانە نییە | ئاینەخانەیی شەهـ، مەسکەنی دێوانە نییە |
ساقییا ساغەری من خومرەیە نەک ڕەتڵی سەبوک | دەرخوری مەستییی من شیشە و پەیمانە نییە |
سەفەری هات و نەهاتە هەوەسی کۆیی حەبیب | گەردی ئەو شەمعە دڵا! تاقەتی پەروانە نییە |
ئاشنای دوشمن و بێگانەیی خوێشن یاران | ئاشنای ئێمە شوکور مەیلی بە بێگانە نییە |
دەستی قودرەتشکەنی خستە خەمی زوڵفی کەچت | هونەری ماشیتە و تەربییەتی شانە نییە |
کوا کەریمێ بە کەرەم سوویی گەدا کا نیگەهێ؟ | حەسرەتا لەم تەبەقە هیممەتی مەردانە نییە! |
بە حەیا بێرە حوزوور و بە ئەدەب سوجدە بەرە | خەڵوەتی دڵبەرە سالم ئەمە مەیخانە نییە |
55
editچونکە ئیقلیمی فیراق ئاب و هەوایێکی نییە | باغی پەژموردەیی دڵ نەشئونومایێکی نییە |
ڕووم لە میحرابی برۆ سەعبە لە هیجرا کەچ بێ | پادشەهـ وەک دڵی من قیبلەنومایێکی نییە |
زەنگی میرئاتی دڵم شاهیدە ئەییامی فیراق | ئاینەش بێ ڕوخی جانانە سەفایێکی نییە |
نوتقی پەروانە دەبەستێ بەیەقین شەوکەتی شەمع | پڕ دڵی دەردە دەسووتێت و سەدایێکی نییە |
چونکە بۆ نووری وەفا تالیبە پەروانەیی عیشق | غەیری شەمعی دڵی من مەیلی چرایێکی نییە |
سوبحی وەسڵت کەیە تا کولبەیی من ڕۆشن کا | خۆ چرای عومری عەدوو بادی فەنایێکی نییە |
زاڵی دنیا کە بە بێ عیددە بەسێ شەوهەری دی | لادە لەم فاحیشە ئەی دڵ کە حەیایێکی نییە |
لەززەتی وەسڵە بکا چارە وەیا شەربەتی مەرگ | بێ یەکێ لەم دووە دەردم چ دەوایێکی نییە |
فیکری دەرکردنی بێ حاجیب ئەگەر زوڵمە بەسێ | سالمی غەمزەدە جوز ئەو دەرە جایێکی نییە |
56
editکاری ئاشوفتەم درێغا ڕەنگی سامانی نییە | بەختی خوفتم تا قیامەت فیکری هەڵسانی نییە |
سوودی کوا فیکری فەلاتوون بۆ عیلاجم بعد از این | دەردی من دەردێکە -ئەسڵەن- قەت چ دەرمانی نییە |
غەرقی فیکرێکم بە مەللاحی خیرەد نایێمە دەر | هەر تەرەف تێ دەفکرم: ئەم بەحرە پایانی نییە |
وا لە قەبزەی ئیختیاری کافرێکا کاری من | مروەت و ئینساف و بەخت و دین و ئیمانی نییە |
فیکری قەبزیی ڕووی ڕەقیبم حەوسەلەم وا تەنگ دەکا | ڕووبەڕووی تۆ غونچەیی دڵ مەیلی خەندانی نییە |
57
editغەیری سەودا و خەفەت ئەم سەرە سامانی نییە | غەیری تەسلیم و جەفا ئەم دڵە دەرمانی نییە |
دڵ لە گێژاوی یەمێکا بە شەنا مەشغووڵە | تا وەکوو مەددی بەسەر ساحیل و پایانی نییە |
مەنزەری عاشقی بێچارە عەجەب باغێکە | قەت لە هیچ شاخێ گوڵ و غونچەیێ خەندانی نییە |
وەهـ لە پێچ و شکەن و نەفحەیی گێسوویی سیات | جەننەتیش بەم سیفەتە سونبول و ڕەیحانی نییە |
نەوحە وا خوێنی شەپوڵ دا لە تەنوورەی دیدەم | نووح بە هیچ مەرتەبە لەم مەرکەزە تۆفانی نییە |
ئەووەڵ و ئاخری دونیا وەکوو دەندان و لەبت | تاجیری ڕوویی جیهان لوئلوء و مەرجانی نییە |
قەڕنەها شێوەیی نووری ڕوخی گوڵبەرگی تەڕت | نوقرەی تاجی شەهان گەوهەری ڕەخشانی نییە |
پیری جاندادە خەبەر کەن لە جەلالیی یووسف | قەت بە ڕەنگێ لە دڵا فیکرەتی کەنعانی نییە |
سالمی غەمزەدە نازانێ نیسارت چ بکا | خۆ لەدەس جەوری غەمت نەقدی دڵ و جانی نییە |
58
editگوڵ لە ڕووی توڕڕەیی تۆ نەفحەیی یەک موویی نییە | ڕەنگ و ڕووی تۆی هەیە، وەک تۆ نەمەکی ڕوویی نییە |
وەسمە تا جەوهەری پێ داوە بە قەسدی سەری من | تیغی جەللادی قەزا بوڕڕشی ئەبروویی نییە |
دڵ لە بێشەی تەنما ماتە لەتاو دیدەیی تۆ | شێری پڕ سەولەتی من تاقەتی ئاهوویی نییە |
لە کەماڵایە جەمالی مەهی دووهەفتە، بەڵێ | ڕووی وەکوو ڕووتە، وەلێ ناقیسە، گێسوویی نییە! |
کاشکی لادەبرا حایلی بەینی من و تۆ | بەختە ئەم کارە بکا، قووەتی بازوویی نییە! |
خۆت مەتۆرێنە لە توعمەی دڵی ڕەنجیدەیی من | با نەڵێن: بازی نەزەر ڕەغبەتی تەیهوویی نییە |
هەر بەسەر باغی جەمالایە، حەواڵەی نەزەرم | خانەیی دیدەیی من غورفەیی دووڕوویی نییە |
با بە شێوەی ڕوخی تۆ حووری جینان ڕوو دەرخا | وەکوو تۆ موویی میان تا بە میان موویی نییە!! |
نیسبەتی قامەتی تۆ ... بدەمە سەروی چەمەن | ڕاستە مەوزوونە، وەلێ نەوبەری لیموویی نییە! |
لە گوڵی زەخمی جەفا بۆیی فەرەح دێتە دەماغ | گوڵشەنی وەک دڵی «سالم» گوڵی خۆشبوویی نییە |