دیوانی شێخ نووری/بەهار و سروشت
بولبول فیداتم
editبولبول فیداتم، بولبول فیداتم | حەیرانی سۆز و دەنگ و سەداتم |
قوربانی ورشەی باڵی خێراتم | فیدای زانیاری و مێشکی وریاتم |
لەو تۆزە مێشکەی خوا بە تۆی داوە | زانیاران هەموو سەریان سوڕماوە |
دەمێکە مەیلی لای یاران ئەکەم | تاسەی دیدەنی، نازداران ئەکەم |
بدە لە شەقەی باڵی نەرم و سووک | بڕۆ تا چەمی خاسەی ناو کەرکووک |
لە وێوە باخچەی، خانەقا دیارە | مێرغوزارێکی، تەڕ و ئاودارە |
بنیشەرەوە، سەر لقی چڵێ | دەس کەرە ناڵە، هەردەم بۆ گوڵێ |
شمشاڵی گەرووت دێنێتە خرۆش | دڵی دڵداران دەهێنێتە جۆش |
ڕاسپێریم هەیە، گوێ بگرە بەزەین | بچۆرە خزمەت شێخ «کاکە حوسەین» |
بڵێ: ئەی نووری دوو دیدەی «نووری» | نووری خەریکە، بمرێ لە دووری |
عەقڵ و شعووری وا نزوول ئەکا | مەیلی هاتنت بۆ قەیتوول ئەکا |
زۆرم پێ خۆشە، وەک خونچەی بەهار | بگەشێیتەوە لە دەم جوێبار |
ئاواتەخوازم، ڕۆژێ هەزار جار | چۆن شەماڵ ئەدا لە چیا و نزار |
بە سروە دڵم فێنک کاتەوە | خەمی کۆن و نوێم لە بیر باتەوە |
پێکەوە لە گوێ ئاوێ دانیشین | ئەو بە پێکەنین، من بە گریە و شین |
بێنمەوە بیری، بەزمی ئەو شەوە | ئێستاش نازانم، خەیاڵە، خەوە |
ئەو شەوە ماری ئەگریجەی ماری | لە هەستم ئاڵا، بە لەنجە و لاری |
گێسووی وەک ماری، ماری لە ئەستۆم | نەوعێ ئاڵابوو، پێم نەبوو بڕۆم |
وای بێهۆش کردم، بە بادەی چاوی | عەقڵ و شعوورم، نایە پێناوی |
ساقیا نەوبەهارە ڕۆیی دەی
editساقیا نەوبەهارە ڕۆیی دەی | فرسەتە و هاتووە لە دەستی نەدەی |
نەوبەتی عەیش و نۆشە، دەی سادەی | بێنە گەردووش پیاڵە پڕ کە لە مەی |
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی نەی «و من الماء كل شیء حی» | |
ساقیا بولبولان لەسەر لقی گوڵ | ناڵەیان دێتە گوێم بە سۆز و بە کوڵ |
تۆش وەرە هەڵسە بۆ فەراغەتی دڵ | بێنە گەردووش، پیاڵە پڕ کە لە مەی |
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی مەی «و من الماء كل شیء حی» | |
ساقیا ئیمڕۆ جەژنی نەورۆزە | چەژنەیەکی قەدیم و پیرۆزە |
چەژنەیەکی موبارەکی هۆزە | وەرە گەردووش پیاڵە پڕ کە لە مەی |
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی نەی «و من الماء كل شیء حی» | |
بووکی مینا بەڕەنگی تاراوە | لەلق و پۆپی سەوسەن ئاڵاوە |
مژدە بێ نەوبەهاری هێناوە | تۆش وەرە زوو پیاڵە پڕ کە لە مەی |
چونکە بیستوومە من لە ناڵەی نەی «و من الماء كل شیء حی» |
سلێمانی
editسلێمانی چ خۆشە نەوبەهاران | بە لەنجە و لارەوە دێن گوڵعوزاران |
بە چاوێکی لە شەرما کەم هەڵاتوو | ئەپچڕێنن هەناوی دڵ فیگاران |
چەمەن کەوتۆتە خەندە و من بە گریان | ئەناڵێنم وەکوو هەوری بەهاران |
جەوانانی چەمەن هاتوونە لەنجە | بە ئاوازی جگەرسۆزی هوزاران |
درەخشانە، برووسکەی شەو لە شەوقا | وەکوو ئاهی دڵی شەو زندەداران |
بە سروەی بای سەحەر ئارایشی دا | عوزاری گوڵ، وەکو ڕووی گوڵعوزاران |
گوڵاڵە بانگ کرا، بۆ سووڕ و شایی | بە تارای سوورەوە، ڕەقسان و ڕەخشان |
بریقەی پوولەکەی، دەسماڵی لامل | وەکوو ئەنجوم، لە دەوری ماهی تابان |
شنەی بای سوبحدەم ئارایشی دا | عوزاری گوڵ وەکوو ڕووی گوڵعوزاران |
درەخشانە برووسکەی هەوری ئەمڕۆ | وەکوو ئاهی دڵی شەو زندەداران |
بە بەردی ئەم بەهارە زۆر ئەترسم | کە بشکێ جامی تۆبەی تۆبەکاران |
ڕشێنەی ڕۆح، ئەپڕژێنێ بە دڵدا | قریوە و پێکەنینی، پۆیلەداران |
بە تەرزەی ئەم بەهارە زۆر ئەترسم | کە بشکێ جامی تۆبەی تۆبەکاران |
مەڵێن «نووری» لە ئێش و سوێی برینی | لە بیری چۆتەوە، ئاهەنگی جاران |
نیسان
editگوڵێ بەکردنەوە نەوسروشتە، مەخلووقێ | قەڵەم بە دەستەوە، ئامادە، بەندەیی فرمان |
مسەورێ کە لە دارولفنوونی قودرەتی حەق | بە فرتی عیلمەوە مەئزوونە بۆ تەزیینی جیهان |
سەحائفی هەمەڕەنگی جیهانی بەدەستەوە، وا | خەریکی ڕەسمە، فەقەت ڕەسمی عالەمی ئیمکان |
ئەگەر سەحایفی تەسویرەکەی، تەماشا کەی | پڕە لە حیکمەتی ئەحکامی سنعەتی یەزدان |
لە دوڕ و لوئلوئی بارانی ڕۆح بەخشی ئەوا | چنار و یاسەمەن و سەرو و عەرعەری بوستان |
بە هاتوچۆیی نەسیمی، بە نەشئە دێن و ئەچن | میسالی ڕۆحی موجەسەم، لە خۆشیا ڕەقسان |
حەقیقەتەن ئەمە هەنگامەی تەجەدودە وا | کە تەیر و تووری سەما، جوملە شاد و خەندەفشان |
بە پێکەنینەوە تەبشیر ئەکەن، کە ڕۆحی بەهار | لە نەشئەدایە، ئەوا هات بە مەقدەمی نیسان |
بەهار
editساقیا مەی بێنە تێکەڵ بەزمە بادی نەوبەهار | لالە و ڕەیحان، گوڵ و نەسرین لەگەڵ یەک بوونە یار |
وا شەبستانی چەمەن پڕ بوو لەبەر بووکی سەبا | بووکی تازەی گوڵ ئەڕازێنێتەوە بێ ئیختیار |
حەقیەتی ئیتر کە موشتاقانە سەرووی نەوجەوان | نەونیهالانی چەمەن، با پەردە بگرێتە کەنار |
مەوسمێتی، سێو و گوڵ بێنن متوربەی کەن لەیەک | لەم چەمەنزارانە، وەک وەسڵی دوو یاری غەمگوسار |
دەست لەمل یەک عاشق و مەعشووقە وا دێن و دەچن | وەک بەدەم بادی سەباوە، بەرگ و باری شاخسار |
قەترەیێ باران لە دڵ ئەشواتەوە، تۆزی کەدەر | لا دەبا بایە، لە ڕوخساری قەدەح نۆشان غوبار |
ڕەشبەڵەک بوو، هەڵپەڕین، ئاڵانە سەر سەرچاوەکە | بۆیە سەرچاوەی دڵم، ڕووناکە عەینی سەرچنار |
ئاڵاو واڵا پێکەوەن، وەک گوڵ لەگەڵ ڕەیحانەدا | دەستە بەستراوە، وەیا دەستە خەریکی گیرودار |
بەهار
editبەهارە دڵ هەوەسی گەردشی گوڵستانە | چەمەن سروور و فەرەح بەخشی بەزمی مەستانە |
پیاڵە ڕەنگی نەدارایی بە ئاوا دا | سروور و بەزمی چەمەن، نەقدی تەنگ دەستانە |
بیساتی دەشت، مەقامی سروورخواهانە | هەوای باغ، مورادی هەوا پەرستانە |
لە سوبحی تازە بەهارا، چەمەن ئەوەی خۆشە | کە ئاخری نەفەسی، عومری پیری زستانە |
بەهار
editوا بەهار هات و هەوا غالییە، سایی چەمەنە | نەفەسی بادی سەبا، نافەگوشایی چەمەنە |
هاتەوە بەر بەدەنی سەبزە حەیاتی تازە | شاهیدی لالە، ئەوا چیهرە نومایی چەمەنە |
دوڕ و ئەڵماسی لە ئاونگی هەوا هۆنییەوە | نێرگس ئەلحەق یەکە بووکی بە وەفای چەمەنە |
خەنەیی گرتە دەس و پێی گوڵاڵە و گوڵە سوور | لالە تارای سەروو، سەوزە کەوایی چەمەنە |
غونچە پشکووت و دەمی دایەوە وەک لێوی نیگار | بولبولی والە بە دڵ نەغمەسورایی چەمەنە |
نێرگس و یاسەمەن و نەستەرەن و سەرو و چنار | هاتوچۆیانە، سەباخوانی نەوایی چەمەنە |
مەستی جلوەی تەڕەبن، تازە عرووسانی بەهار | فەیزی ئەنفاسی سەبا، نەشئەگوشایی چەمەنە |
دز و جەردەی هەموو گیراوە، شەهەشاهی شیتا | ئەم هەموو ئومنییەتە، عەدل و هەوایی چەمەنە |
بە دەسی قودرەتی حەق، چیهرەیی ڕازاوەتەوە | ڕۆحی شاعیر، هەموو ڕەقسان و فیدایی چەمەنە |
1942/03
سلێمانی
بەهار
editبەهارە، ئەمڕۆ لە باغا وەنەوشە مەستی ئەکا | سەبا لە پەڕەی گوڵدا، دراز دەستی ئەکا |
لە من فیداییتری لێرەدا نییە ئەمڕۆ | بەغەیری غونچە کە ڕەفعی حیجابی هەستی ئەکا |
لە خاکپای گوڵا وا بە گریە کەوت بلبل | دەڵێی «برەهمەند» مەستانە بتپەرستی ئەکا |
ئەدەب لە سەروی سەهی وەرگرە ئەگەر ژیری | لەگەڵ بڵندی خۆیا، هەوای پەستی ئەکا |
ئەگەر چ مەی نییە لەم بەزمەدا بە تەنگەوە نیم | بەبێ پیاڵە لە باغا، وەنەوشە مەستی ئەکا |