زولفەینی بە خەم مار و بە حەڵقەن وەکوو عەقرەب
|
شیعری لەف و نەشرن، چ موشەووەش، چ مورەتتەب
|
جێی دەم دەمە، جێی لەب لەبە، ساقی وەرە ئەمشەب
|
هەم ماچی دەمادەم بدە، هەم جامی لەبالەب
|
بەو شەهدی کەلامەت کە بە ئیشرابی لەتافەت
|
لەززەت دەگەیێنی بە دڵ و زیهنی موخاتەب
|
عاجز مەبە هەرگیز لە درۆ و ئیفکی حەسوودان
|
دونیایە، دەبێ سەگ بووەڕێ، شیعە بکا سەبّ
|
وەک سۆفیی سافی مەبە ئالوودە بە دونیا
|
بێهوودە موکەددەر مەکە سەرچاوەیی مەشرەب
|
عاشق هەوەسی مەیکەدە و عیلمی بەسیتە
|
عاقڵ تەلەبی مەدرەسە و جەهلی مورەککەب
|
قاڕوونە فەلەک، موستەحەقی گرتن و خەسفە
|
زیو و زەڕی شەمس و قەمەرە، دیرهەمی کەوکەب
|
قەللابی جیهان نەقدی عەیاری نییە قوربان!
|
نالی مەحەکی هیممەتی کردوویە موجەڕڕەب
|