312844دیوانی نالی — پیتی و1860نالی
شەوی یەلدایە، یا دەیجورە ئەمشەو کە دیدەم دوور لە تۆ بێنوورە ئەمشەو؟!
دڵم وەک حاکمی مەعزوولە، قوربان! خەڵاتی وەسڵی تۆی مەنزوورە ئەمشەو
دڵیش مایل بە دیدەی تۆیە، بۆیە لە من وەحشی و ڕەمیدە و دوورە ئەمشەو
کە تۆی شای کەچ کولاهی دیدە مەستان، چ باکم قەیسەر و فەغفوورە ئەمشەو؟!
لە خەو هەڵساوە، یا ئاڵۆزە چاوت؟ هەمیشە وایە، یا مەخموورە، ئەمشەو؟
سوروشکم نەقشی چاوی تۆ دەکێشێ جێگەم سەر دارەکەی مەنسورە ئەمشەو
موسوڵمانان دەپرسن حاڵی نالی لە کونجی بێکەسی مەهجوورە ئەمشەو
دڵ شیشەیی پڕ خوێنی فیراقی، فەرەقی بوو مەکسووری ڕقی بەو دڵی وەک بەردی ڕەقی بوو
ئەو نەشئە کە وا ساقی منی پێ لە خودی سەند نەک نەوعەرەقێ بوو کە لە قەترەی عەرەقی بوو
خەندەی نەفەسی تۆ بوو وەکوو سوبح و نەسیمی یا گوڵ دەمی پشکووتن و عەتری وەرەقی بوو
ڕەققێتی تەن و ڕیققەتی دڵ، ڕوقبەتی تاعەت مەخسووسی ڕەقیب بۆ لە منی خەستە ڕقی بوو!
هێند مونتەزیری تۆ بوو هەتا چاوی سپی بوو نەرگس، کە لەسەر یەک قەدەم و دیدە چەقیبوو
تا پێنەکەنی گوڵ بە دەمی بادی سەباوە، نەمگوت: کە شەوێ بولبولی بێچارە حەقی بوو
نالی لە هەوا کەوتە سەما، بوو بە شەناوەر بەو وشکە مەلە بیمی هیلاکی غەرەقی بوو
هەر چەندە کە عومری خزر و جامی جەمت بوو چونکە ئەمەلت زۆرە، چ عومرێکی کەمت بوو!
ئەی جامیعی دونیا و قیامەت بە خەیاڵات ئەو ڕۆژە کە مردی، نە ئەوت بوو و نە ئەمت بوو!
بێزارە لە تۆ ئێستە، هەماغۆشی عەدووتە دونیا، کە دوێنێ حەرەمی موحتەرمت بوو!
دوێنێ چ بوو دەتدا بە زوبان لافی کەرامەت؟! ئەمڕۆ نەدەمت بوو، نە دەمت بوو، نە دەمت بوو!
عومرت نەفەسێکی کە هەموو عالەمی دێنا بمرە لە غەمیدا کە هەموو سەرفی غەمت بوو
وەک شەڵتە پەین گەهـ پڕ و گەهـ خاڵییە بەتنت سەوم و ئەمەلت باعیسی نەفس و شکەمت بوو
نالی چییە وا میسلی جوعەل غەرقی شیاکەی خۆ تۆ بە حیسابی وەکوو پەروانە شەمت بوو؟!
وەک قەفەس ئەم حوجرە کون تێیە کە وا گرتوومیە ناو تار و پۆیی عەنکەبووتە، زۆرە لێی کردوومە داو
دوودی سەرمیچی گوڵەنگی لەت لەتی دەسرازە کۆن بان و دیواری بە میسلی لانکەی ئەجزا شکاو
هەر لە سەربان دار بە داری ڕایەڵی بژمێرە وەک لا پەراسووی بارگیرێکی کە زیندوو بێ بە ناو
ڕۆژ و شەو خۆش خۆش لەباتی کا، گەڵای پێدا دەکەن وەک گەڵاڕێزانی پاییز یەک یەکی دەڕژێتە ناو
هەر لە ئێستاوە وەها سەرمای تێدا سەرما دەبێ ڕەنگە ناوی لێ بنێی چوار تاقی سەرما تێخزاو
ئاسمان هەورین دەبێ، ئێمەش بە غەمگینی دەڵێین: ئەی خودا چ بکەین لەژێر ئەم کاولەی کەس تیا نەماو؟!
ڕۆژی هاوینی وەها مسقاڵە زەڕڕەی پڕ دەبێ نیمە زەڕڕێک سێبەری تێدا نییە غەیرەز هەتاو
فەسڵی هاوینی جەهەننەم، فەسڵی ئێستای زەمهەریر زەمهەریر کەی وا بە تەئسیرە و، جەهەننەم وا بە تاو؟!
نەییری ئەعزەم وەها تاوی دەدا وەک مەنجەنیق بۆ دەوامی ڕۆژپەرستی جەمعی حەربای دێتە ناو
دار و بەردی پەنجەرەی وەک نەسجی بەیتی عەنکەبووت مەنعی هیچ ناکا حەتا مێشیش کە خۆی لێدا بە تاو
ڕۆژی تەرزە چەندە مینای دڵ شکێنە و سەر شکێن! ڕۆژی باران چەن شڕە و بێعیسمەتە و ئابڕوو تکاو!
ڕۆژی بەفر و با وەکاشە، ڕۆژی باران قوففەیە! ساحیبی لازم کە بیبێ سەوڵ و کاسێکی شکاو
کاسە بۆیە لازمە تا ئاردەڵۆکی دەربدا سەوڵی بۆیە لازمە نەک جۆگەلە بیبا بە تاو
وەزعی ئاشی گەر نەبێ، بۆ چی دەبێ پڕ ئاردەڵۆک؟! تەبعی قوففەی گەر نەبێ، بۆ چی دەنیشێتە سەراو؟!
کاسە و کەوچک، حەسیر و بەڕ لە ئاودا هەروەکوو کیسەڵ و ماسی و جلە دێن و دەچن پرژ و بڵاو
ڕۆژ پڕە گوێمان لەبەر ئەنهار و جۆگە و هاژە هاژ شەو نییە خەومان لەبەر قرژاڵ و بۆق و ژاوە ژاو
ئەو دەلاقەی تێدەخا چشت و مەکی پێدا دەبا من لەوێ حەیران دەبم وەک ماڵ بڕاو و ماڵ براو
حوجرەکە ئاوس بوو، وەعدەی خۆی بەهارێ بوو بزێ وەزعی حەملی کەوتە پاییز نابەکام و ناتەواو
خۆ زگی نیشتۆتە ئەرزی و، تومەزا هێشتا وەکوو نوتفەکەی هەر ئاو بوو، بەریاوێت لەبەر هەور و هەڵاو
ئاسمان تەرزەی کە لێدا، بەردەبارانمان ئەکا سوختەکانمان ڕادەکەن، پاڵوو پساو و قوون دڕاو
ڕادەکەن بۆ جانیبی دوککانی جەڕڕاح و تەبیب چاک و دامەن هەڵکراو و، سەر شکاو و تەنگەتاو
لوتفی بانگوش بوو کە وا لەم حوجرەدا زاناندمان گەر بەنی ئادەم بخنکێتن، سەراوە نەک بناو
چونکە نەتکرد قوڕ بە سەریا تا وەکوو تەسکین ببێ مەیدەرە بەر پێلەقە، توخودا، بڵا بگری بە تاو!
تا فەلەک دەورەی نەدا سەد کەوکەبی ئاوا نەبوو کەوکەبەی میهری موبارەک تەلعەتی پەیدا نەبوو
تا نەگریا ئاسمان و، تەم وڵاتی دا نەگرت، گوڵ چەمەن ئارا نەبوو، هەم لێوی غونچە وا نەبوو
تا چەمەن پیرا لە سەر، ئەسڵی درەختی لا نەدا، فەرعی تازە، خوڕڕەم و بەرز و بوڵەند باڵا نەبوو
تا سولەیمانان نەبوونە سەدری تەختی ئاخیرەت، ئەحمەدی موختاری ئێمە شاهی تەخت ئارا نەبوو
قیسسە بێ پەردە و کینایەت خۆشە، شاهی من کە وا عادیلێ بوو قەت عەدیلی ئەو لە دنیادا نەبوو،
بۆ نیشنگەی مورغی ڕۆحی ئەو کە عالی فیترەتە جێگەیی خۆشتر لە ڕەوزەی جنة المأوی نەبوو
وەک قیاسێکی کە موسبەت بێ، نەتیجەی بێتە جێ حەمدو لیللا شەهـ کە عالی جا بوو، خالی جا نەبوو
شاهی جەم جا نالیا تاریخ جم تەئریخیە دا نەڵێن لەم عەسرەدا ئەسکەندەری جەم جا نەبوو