312832دیوانی نالی — پیتی چ1860نالی
عیشقت، کە مەجازی بێ، خواهیش مەکە ئیللا کچ شیرین کچ و، لەیلا کچ و، سەلما کچ و، عەزرا کچ
فەرقی کوڕ و کچ ڕۆشن، وەک فەرقی مەهـ و میهرە ئەم فەرقی شەو ڕۆژە وەک فەرقە لە کوڕ تا کچ
مەهـ مەهـ لە مەهی سادە: یەعنی لە قەمەر لادە هەم شەمس و سورەییا کچ، هەم زوهرەیی زەهرا کچ
بێ بێنە گوڵی ژاڵە، هەم بێ بەرە، هەم تاڵە قەد سەرو و سنەوبەر کچ، چاو نێرگسی شەهلا کچ
کوڕ وەک گوڵی گوڵزارە، ئەمما سەمەری خارە وەک هەنگی چزوودارە، هەنگوینی موسەففا کچ
کچ پەرچەمی چین چینە، دوو مەمکی لەسەر سینە وەک شانەیی هەنگوینە بۆ لەززەتی دنیا کچ
جەزلی سەمەر و سایە بۆ سەولەتی ئەعدا کوڕ نەخلی سەمەر و مایە بۆ دەوڵەتی دنیا کچ
کوڕ زیبی دەبوستانە، کچ شەمعی شەبوستانە بۆ بەزمی تەماشا کوڕ، بۆ خەڵوەتی تەنها کچ
موو سونبولی ئاشوفتە، دوڕدانەیی ناسوفتە دەم غونچەیی نەشگوفتە تێفکرە کوڕە یا کچ!
کوڕ ئاینەیی حوسنی، تا وەک کچە، مەنزوورە گرتی کە غوباری موو چینی کوڕ و مینا کچ
کوڕ تازە و تەڕ، مادام سادە وەکوو خوشکی بێ ئەمما کە ڕوا سەبزە، دیبا کوڕ و، زیبا کچ
بۆ شەربەتی شیرینی فنجانە لەسەر سینی مەم توحفەیی توففاحی، شەم عەنبەری بۆیا کچ
هەم گوڵبەنی بێخاری، هەم مەزرەعی ئەزهاری هەم مەخزەنی ئەسراری ئیسباتی مەزایا کچ
جەننەت پڕی ویلدانە، خادیم هەموو غیلمانە خانم کە تێدا حۆرین یەکسەر هەموو حەسنا کچ
گەر ئەشرەف و مەحبووبە یووسف کوڕی یەعقووبە کچ بوو بە خڕیداری یەعنی کە زولەیخا کچ
سیددیق و عەزیز هەروەک یووسف کە نەبی بوو کوڕ سیددیقەیی مەعسوومە وەک داکی مەسیحا کچ
بابێکی هەیە دونیا بۆ عەشقی مەجازی، بەس نالی چییە ئەو بابە: ئادەم کوڕ و حەووا کچ