312848دیوانی نالی — پیتی ە1860نالی
سەراپای گوارە زەردی ترس و لەرزە دەڵێی عاسی بووە لەو جێگە بەرزە!
سوروشکم ئاب و دانەی نارە، کێ دی: بە گەرمی داوەرێ بەم تەرزە تەرزە؟!
ئەلا ئەی ئاسکی ناسک، بە باسک شکاندت گەردنی سەد شێری شەرزە!
ئەلا ئەی نازەنین ئاهوو، بە باهوو دڵی سەییادی خۆت هێنایە لەرزە!
دەفەرمووی: چاوەکەت زەنجیر کە نالی! کە موتڵەق چا نییە ئینسانی هەرزە
شاهێنی دوو چاوت کە نیگا و مەیلی بە دانگە کێشانی بە قوللابی دلاوێزی بژانگە
سۆفی و سەر و مێزەر، من و زوڵف و سەر و دەسماڵ من کوشتەیی لاجانگم و، ئەو کوشتەیی جانگە
فەرمووتە کە بانگم کە، شەوێ، دێمە کەنارت قوربان! وەرە شەو ڕۆیی، ئەوا وەعدەیی بانگە
بنوێنە برۆ، یەعنی هیلالی سەری ماهت چون وەعدەیی ماچی سەری کوڵمت سەری مانگە
نالی مەکە، تووڕا بو، لەبەر جەبهەیی گرژت نایێتە ئەلات، عیجزی لەبەر دووکەڵی قانگە
ئەو سیلسیلە وا میشگی خەتا نێوی براوە، پڕپێچ و شکەن، خەم بە خەم و، حەڵقە کراوە،
لەولاوێکە لەولاوە بە ئەم لاوە کشاوە، یا یاسەمەنی خاوە بە ڕووی ڕۆژدا ڕژاوە؟!
یا دووکەڵی جەستەی منە بەو شەمعە سووتاوە، یا هەوری سیاتاوە کە مانیع لە هەتاوە؟!
داوێکە لە ڕووی دانەیی خاڵت تەنراوە زنجیرە لە پێی مائیلی ئەو ڕووتە نراوە
هەی هەی! غەڵەتم گوت. ئەمە زوڵمەت، ئەوە ئاوە بەو زوڵمەتە، بەو ئاوە، حەیاتم غەڵەتاوە
دڵتینووە، سووتاوە، بە بێ تاقەت و تاوە ڕێگەم بەسەراوە، کە دەچم ڕێم بەسراوە
ئەو شەربەتە، ئەو جامە شەراوە لەبی ناوە بۆ نالییە ئاخر کە خودا بۆ ئەوی داوە
زوڵفت بە قەدتدا کە پەرێشان و بڵاوە، ئەمڕۆ لە منی شیفتە ئاڵۆز و بە داوە
ئەم عومرە عەزیزە کە لە بۆت نەقد و دراوە، سەد حەیف و درێغا کە موسوڵمانی نەماوە!
عومرێکی درێژە بە خەیاڵی سەری زوڵفت سەودا و پەرێشانم و، سەودایەکی خاوە
هەرچەندە کە ڕووتم، بەخودا مائیلی ڕووتم بێبەرگییە عیللەت کە هەتیو مەیلی هەتاوە...
مانی نیەتی قووەتی تەسویری برۆی تۆ ئەم قەوسە بە دەستی موتەنەففیس نەکشاوە
بۆ چی نەگریم، سەد کەڕەتم دڵ دەشکێنی! بۆ مەی نەڕژێ، شیشە لە سەد لاوە شکاوە!
بێفائیدەیە مەنعی من ئێستاکە لە گریان بۆ عاشقی بێچارە زووەم ئاوە ڕژاوە!
هەر جۆگە و جێگێکی کە وا سوور و سوێر بێ جێی جۆششی گریانی منە و خوێنە ڕژاوە
سۆزی دڵمە باعیسی تاو و کوڵی گریان مەعلوومە کە ئاگر سەبەبی جۆششی ئاوە
نالی وەکوو زوڵفت کە موتیعی بەری پێتە تێکی مەشکێنە، بە جەفا مەیخەرە لاوە
بایێ لە تەرەف قیبلەمەوە دێت و وەزانە، یا بۆیی هەناسەی دەمی غونچەی لەرەزانە؟!
ئەشکم، کە لەگەڵ عەشقمە، تیفلێکی فەهیمە هۆشم، کە لەگەڵ خۆشمە، پیرێکی نەزانە
تیژاوی سوروشکم وەکوو ئیکسیری سوهەیلە ڕوخسارەیی زەردم وەکوو ئەوراقی خەزانە
شێخم! وەرە دەر! فەسڵی بەهار و گوڵ و گەشتە ئەییامی لە گەرمابە خزان وەقتی خەزانە!
ئەو شێخە بە کوم مەگرە کە پەشمینە مەریدە ئەو ڕیشە بەسەر دارەوە ڕیسێکی بوزانە
بەحری غەزەلم پڕ لە دوڕ و گەوهەرە، ئەمما غەوواسی دەوێ یەعنی بە تەعمیقی بزانە
پڕدانەیە، ئەمما نەوەکوو دانەیی چەڵتووک بەحرم وتووە، نەک وەکوو گۆلی مەرەزانە
حوسنی نەزەرە ئەسڵی نەزەر حوسنی بە عیسمەت سۆفی کە دەکا تەرکی، بە ئینسانی مەزانە
ئەو گەوهەرە نوکتە کە لە نالیی دەدزن خەڵق ئاوی نییە، وەک ئاگری بێشەوقی دزانە
خاڵی بەینی چاو و ئەبرۆت ئینتیخابی کاتیبە یەعنی نوقتەی فەرقی ئیبنوموقلە ویبنوحاجیبە
عەیب و لەعبی خەڵقی کرد تا یاری خستە داوی خۆی خەسمەکەی من کەلبی ئاهوو گیرە، خیرسی لاعیبە
لەشکری خەتتی شکستە و، تیپی زوڵفی تار و مار پادشاهی حوسنی عالەم گیری هێشتا غالیبە
حازری ئەمر و خیتابە دڵ، ئەگەرچی مەنهییە! ڕاجیعی تۆیە زەمیری من، ئەگەرچی غائیبە!
نالی ئێستە تاجی شاهی و تەختی خاقانی هەیە شەوکەت ئارا، موحتەشەم دیوانە، فیکرەت سائیبە
حلقه در گوشی کەفی ڕەنگینی تۆیە ئەم دەفە با نەناڵێ، لێی مەدە عَنْ لَطْمِهِ كفَّ الْكفَه!
نەی، کە ساحیب سێرڕە، سەر تا پا بە ئەمری کنْ کونە باتینی قِفْ قِفْ عَلی سِرِّی، بە زاهیر قەف قەفە
خۆشترە عوزری گونەهکاران لە سەد زیکری ڕیا ئەم بە نەرمی عەفوە عەفوە، ئەو بە توندیی عەف عەفە
شێخی و سەر لنگە دەستاڕی بە دەستاری بوزورگ ڕەندم و، دەستاری کەللەی من دەفە، نەک میندەفە
خادیمی مەخدوومییە، ماقووڵی ناماقووڵییە لەم دەرە ئاسەف سولەیمانە، سولەیمان ئاسەفە
ساحێبی علم الکتابە موتریبی هودهود نەفەس یا سولەیمانە لە اخوان الصفا، ئاسەف سەفە
جامی تاقی مەیکەدە میشکاتی قیندیلی دڵە شیشە پڕ قەرقەف لە ڕەفڕەف شاهی عالی ڕەفڕەفە
تەبعی نالی توندە ئەمڕۆ، یا بە نەشئەی نیم نیگاهـ مەستی ڕەحڕاح و مەی و ڕاح و قەراح و قەرقەفە؟!
تا لە من ئەو زوڵفە ڕێی بۆسە و کەناری گرتووە ناودەمم بێ شوبهە تامی زەهری ماری گرتووە
خۆش لەسەر سینەی سەری هەڵداوە دوو گۆی سەر بە مۆر مات و حەیرانم کە عەرعەر کەی هەناری گرتووە!
ئەژدەهای زوڵفی لە دەوری گەنجی حوسنی حاریسە حەڵقە حەڵقە، چین بە چین، سەرتا بە خواری گرتووە
ماهی من تەنها مەهێکە سەد نوجوومی مەحو کرد یاری من تەنها گوڵێکە سەد هەزاری گرتووە
دامەنی پاکی مەداری دائیرەی خامەک نیە خوێنی مەقتوولانە وا دامێنی یاری گرتووە
گەرد و بادی هیجری تۆ وا عالەمی لێ کردمە تۆز نەک دوو چاوم، بەڵکە حەتتا دڵ غوباری گرتووە
شەربەتی عوننابی لێوی شەککەر و بادامی چاو، سەروی قەددت ڕاستە ئەنواعی سیماری گرتووە
لەعلی شەککەرباری تۆ تێراوە، شەککەر باریە لێوی میحنەتباری من بێئاوە، باری گرتووە
پڕجەفایە، بێوەفایە، زوود جەنگە، دێر سوڵح سەد درێغ و حەیفە تەبعی ڕۆزگاری گرتووە
یادی کانی دمدم و سەرچاوەکەی مێگوڕ دەکا بەکرەجۆی چاوم کە شێوەی سەرچناری گرتووە
بێمەحابا ئاو دەڕێژێ گەهـ بە فەور و گەهـ بە دەور چاوی من موددێکە شێوەی ئابشاری گرتووە
شەمعی بەزمی من کە وا سووتاوە، زەرد و ئەشک ڕێژ قەت نییە فەردێک نەڵێ ڕەنگی مەزاری گرتووە
موددەعی زەجرم دەکات و، پێم دەڵێ: سەبرت ببێ کەر بە لەعنەت بێ کە کەی عاشق قەراری گرتووە!
نالی وا دائیم کە مەشغووڵی فوغان و ناڵەیە باعیسی هیجرانی یارە دڵ شەراری گرتووە
گوڵبنی قەددت لە قوببەی سینە غونچەی کردووە غونچە بەم شیرینییە قەت نەیشەکەر نەیکردووە
نەخلی باڵات نەوبەرە، تازە شکۆفەی کردووە تۆ کە بۆی شیرت لە دەم دێ، ئەم مەمەت کەی کردووە!
قامەتت نەخلە، بە شیری، فائیقەی پەی کردووە نەحلی بێنێشی مەمەت شەهدی سپی قەی کردووە
نەخل و ڕوممان پێکەوەن، یا باغەبان وەی کردووە: سەروی هێناوە لە سێب و بەی موتوربەی کردووە!
بۆ مەمک نالی چ منداڵانە وەی وەی کردووە گەرچی مووی وەک شیرە، بەو شیرە شکۆفەی کردووە
خۆش بە هەردوو دەست و دەم گرتوویە ئۆخەی کردووە کیزب و توهمەت، ئیفتیرا و بوهتان کە تۆبەی کردووە
عاشقی بێ دڵ دەناڵی، مەیلی گریانی هەیە بێشکە هەورە تریشقە تاوی بارانی هەیە
چاوی من دەم دەم دەڕێژێ ئاوی ساف و خوێنی گەش دا بڵێن دەریای عومانە دوڕڕ و مەرجانی هەیە
پەرچەمی ڕوو دادەپۆشێ، پێچی زوڵفی پێچەیە دا بە ڕۆژیش پێی بڵێن شەمعی شەبوستانی هەیە
ئاسمانی حوسنی مەحبووبەم لە ئەبرۆ و زوڵف و ڕوو دوو هیلال و دوو شەو و دوو ماهی تابانی هەیە
هەر لەبت، یا سینەشت هەردوو بەدەرخە، دا بڵێن: لەعلی ڕوممانی هەیە، یا لەعل و ڕوممانی هەیە
وەحشییە لێمان لەبەر تەعنەی ڕەقیبی سەگ سیفەت ڕاستە هەر زی ڕۆحێ، بۆ وەسواسە، شەیتانی هەیە
دڵ موشەببەک بوو لەبەر ئێشانی نیشانی موژەت حەیفە قوربان! ئاخر ئەم نیشانەیی شانی هەیە
لەحزەیێک و لەمحەیێک چاوم بە چاوی ناکەوێ کێ دەڵێ وەحشی غەزالە مەیلی ئینسانی هەیە!
تۆ ئەگەر هەستی، لە جێ ڕاوەستی، دێو و کافریش دێن دەڵێن: بەخودا قیامەت ڕاستە هەستانی هەیە
فارس و کورد و عەرەب هەر سێم بە دەفتەر گرتووە نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ موڵکە، دیوانی هەیە!
بەرگی دنیا هێندە کورت و کۆنە و بازاڕییە چونکە ناگاتە گونی دێوانەکەی، لێی عاریە
من لە بێبەرگی مەخەم پرسی، کە بۆچ ڕووتی؟ وتی: «ڕەببی من شێت بم، ئەگەر شاد بم بە بەرگی عاریە!»
خەلعەتی تەشریفی هەرکەس بێ چییە، غەیری کەفەن! هەر ئەوە هەم فاخیرە و بۆ ئاخیرە و یەکجارییە
کونجی ڕاحەت، تاجی عیززەت خاریجی مەعموورەیە کوندەبوو هەر بانگە بانگ و، هودهودیش هاواریە
پۆست بە کۆڵی عامیری فەرمووی کە وا بۆ پوختە بوون جەوتی سەرکێوان گەلێ چاتر لە «تاڵی شاری»یە
قوش قوشی ڕاوی نەبێ، مورغی کولانە و ئاخوڕە سەگ سەگی تازی نەبێ، کادینی و ئەنبارییە
فەرقی کۆساران لە پاساران دەفەرمووی وەک چییە؟ وەک عەزیزی باز و وەک بێحورمەتی پاسارییە
سەهم هەتا جوعبە نشین بێ، گۆنە زەردی خەڵوەتە قەوس هەتا چللە گوزین بێ، هەر ئەسیری خوارییە
نوسحی نالی ڕەنگە هەرکەس بیبیێ، بیکاتە گوێ چونکە نەزمی ساف و وردە، هەروەکوو مروارییە
با ڕەفیقانم بکەن شینم کە وەقتی زارییە قەت مەکەن تەقسیر لە گریان، شیوەنم یەگجارییە
تیرەکەی ئەو ڕۆژە مەحبووبەم کە لوتفی کرد بە من گەر نەبەخشێ مەرهەمی وەسڵی، برینم کارییە
حەپسی چاهی میحنەتم، کافر بە حاڵی من نەبێ! کار و پیشەم دائیمەن گریان و شین و زارییە
هەر بە ئوممێدی عەیادەت بەڵکە جارێ بێتە لام من، ئەگەرچی بیشمرم، پێم خۆشە ئەم بیمارییە
کەس نەکا مەنعی گوڵم، گەرچی دڵی کردوومە خوێن چونکە مەعلوومە کە ئیشی خونچە هەر خوێن خوارییە
کووچە کووچە خوون چەکەی پەیکانی موژگانی گوڵم، بۆ شەهیدی شاهیدە دائیم کە خوێنم جارییە
هەرچی مەحبووبان دەکەن خۆشە، بەڵام داخی ڕەقیب دەمکوژێ، تەرحی مرێ، هەر وەک کەری بێگارییە!
ناڵە ناڵی نالییە وا خەڵقی خستە زەلزەلە، یا نە خۆ حەشرە، گونەهکارە وەها هاوارییە؟!
سەوتی نەغمەی بولبولە یا چەهچەهەی خڕخاڵیە؟! دەنگی سۆلە، یا لەژێر پێی ناڵەناڵی ناڵیە؟!
لەو کەسە دینی ئەتۆ نووری دڵ و ئیمانیە، ڕوو بە زوڵفت دامەپۆشە، یەعنی کافرسانییە
دڵ کە وا هەم قاسییە، هەم عاسییە، دوورە لە تۆ مونزەجیر نابێ، کە حوببی تۆ لە قاسی دانیە
گوێت لە ئاوازی سوروشکی من گرانی گوارەیە غافڵی لەم دوڕڕی بەحرەین و عەقیقی کانییە
ڕوومەتت شەمعی شەوی قەدرە، دڵم پەروانەیە نەحری مینای ڕۆژی عیدە، ڕۆحەکەم قوربانییە
خوێنی سیرفە پێی سەر و دەستت حەنایی کردووە ڕەنگی دەست و سەر نییە، ڕەنگی سەری دەستانییە
دوور لە تۆ نالی سەگێکە، بێوەفایە، هەرزەگۆ بۆ چی بانگی ناکەی ئەم کەلبە کە نانی نانییە؟!
سەری زوڵفت کە ڕشتەی عومری خزرە، نیوە هەودایە چ هەودایە؟ کە هەر حەڵقەی دوو سەد زەنجیری سەودایە!
برۆت تیغێکە وسمەی سەیقەل و مەسلوول و مووکارە کە عیشوەی جەوهەرە، ڕەمز و ئیشارەی ئاوی مەودایە
بە نەشئەی سستی و مەستیی وەها مەستوور و مەخموورە نزانم خەو لە چاوتدایە یا چاوت لە خەودایە!
لە سایەی کوفری زوڵفت دڵ فنا في النوری ئیمانە مەڵێن زوڵمەت خراپە، وەسڵی پەروانە لە شەودایە
هەناسەم زوڵفەکەی لادا و مەیلێکی نەکرد چاوی نەسیم ئەنگووت و شەو ڕابورد و نەرگس هەر لە خەودایە
لە دووری تۆیە ئەی خورشیدی پڕتەو بەخشی شەوگەردان کە نالی وا لە حاڵاتی میحاقی ماهی نەودایە...
موشەخخەس لەشکری خەتتت لەسەر تەسخیری باڵایە کە توڕڕەی میری میرانت نیشانەی سەبتی توغرایە
خوسووسەن هیندووی خەتتی بەیازی ڕوویی مەحموودم لە موڵکی ڕۆمەدا ئێستەش (خەلیفە)ی شاری بەغدایە
لە بازاڕی مەحەببەتدا هەدییەی توحفەیی میران لە بۆ خورشیدی تابانم پیاڵەی شۆخی مینایە
لە کۆهی نەجدە ئێستا کە وەکیلی قەیسی ماڵ وێران منم مەجنوون و زنجیرم گرێی گێسوویی لەیلایە
کولاهی فەخر و تەعزیمم گەیشتە چەرخی ئەتڵەس ڕەنگ کە بیستم قەلبی میرانم لەسەر مەملووکی ئاغایە
لە دنیا جەننەتی باقی تەلاری شاهییە، ساقی! حەبیبە توڕڕەیی تەوقی ملی شیرین و عەزرایە
نیشانەی فەخرە بۆ من گەر بە سەر بێم نەک بە پێ، ئەمما بە مەرگی تۆ قەسەم، شاهم!، عوزر مەسمووعە، سەرمایە
بە حەققی تاری کاکۆڵی سەراپا لوولی ئەو شۆخە ئەگەرچی پەشمە، ئەمما دڵ لە توڕڕەی زوڵفی سەودایە
موحەققەق مەشرەبی نالی لە شیعرا هەروەکوو خاکی خەیاڵی کوردییە، بەیتی سەراپا زوڵفی دوو تایە
ئەلا ئەی نەفسی بووم ئاسا، هەتا کەی حیرسی وێرانە! لەگەڵ ئەم عەشقبازانە بڕۆ بازانە، ئازانە!
موسوڵمان! لێرە مانی خان و مانت هەر نەمان دێنێ پەشیمان بە کە دەرمانی نەمانت مایەی ئیمانە
بڵا بۆ کوندەبوو بێ، مفتی مشک و ماری کەندوو بێ خەتیرەی گەنجی وێرانە، زەخیرەی کونجی کاشانە
بەقییەی عومری زایع گەر مورادت پێ تەدارەک بێ حەیاتی مەککەت و مەوتی مەدینەت جەبری نوقسانە
چ مەککە؟ دار و بەردی قاعیدەی ئەرکانی ئیسلامە چ تەیبە؟ ماء و خاکی مائیدەی ئەنواری ئیمانە
فیداکاری تەن و جان بە، لە ئاسانی هەراسان بە کە داغ و دەردی ڕێگەی مەککە باغ و وەردی مەردانە
ئەگەرچی ڕێگە: خاکی خوێنە، دار و بەردی ئێسقانە، نیشانەی تیری ڕێگەی عەشقە ئەم ئێسقانە سپیانە
وتم: داخۆ چییە سوور و سپی تێکەڵ؟! کە تێفکریم سەراسەر کەللەیی ئوشتر، لەبالەب خوێنی ئینسانە
بەڵێ بەم ڕێگەدا جەممازە جانبازە کە ڕۆژ و شەو دەکا سەیر و سولووکی دائیمەن سەرخۆش و مەستانە
قەتاری زەنگ و قۆڕی ئوشتر و ئێستر لەسەر کێوان دەڵێی زیڕەی سەدای قاز و قوڵنگی ئەوجی کەیوانە
چ ڕێگێکی سپی واشە، ئەوەندەی کەهکەشان دوورە چ سەحرایێکی شین ڕەنگە، بە قەد نۆ ئاسمان پانە
مەگەر ڕێی حاجیانە وا تیا سەییارە سەییارە! مەجەڕڕە ئالەتی جەڕڕی جەریری سارەبانانە!
فەزا بەحری موحیت و وشتری تێدا سەفینەی بەڕ سەرابی میسلی نیل و دیجلە و جەیحوون و عوممانە
لە سەد جێ کلکی ئوشتر گەییە ئەرزی مەهلەکە، هێشتا یەمی فەججی عەمیقی ئاڵی هەر بێقەعر و پایانە
لەنێو ڕیگی ڕەوانی قوم نوقوم بوو وشتر و بوو گوم نەما گوێی بیستنی قُمْ قُم، چ جای ئیمکانی هەستانە
تەنی حاجی لەسەر چوار چێوەیی ناجی دەڵێی نەعشە لوعابی خۆر لەسەر ئیحرامی وەک کافووری ئەکفانە
مەڵێ: دەشتە، بڵێ: دنیا هەموو خانێکە ئەم حەوشە چ حەوشێکە؟ کە ئافاقی حەسار، ئەفلاکی سەربانە
مەڵێ ڕێگەی کەشندە، یا کوشندە ئەژدەرە، یاخۆ کەمەندە، یا تەنابی خێوەتی گەردوونی گەردانە
عویوونی گەرم و سوێراوی میسالی چاوی گریانە ڕوعوونی شاخی سووتاوی شەبیهی جەرگی بوریانە
لە بن خاکی مەغاکی ئاتەشینی، لەعلی لەب توشنە لەسەر ئابی سەرابی، سەروی سێرابی موغەیلانە
سماقی ئەحمەرە، یا قووتی ڕۆح و ئاگری نەفسە؟! حەساتی ئەبیەزە، یا شوهب و نەجمی ڕەجمی شەیتانە؟!
بە زاهیر گەر مەگەسدارە، بە باتین سەد چەمەنزارە بە سوورەت یەک بە یەک خارە، بە مەعنا سەد گولوستانە
نەیستان و خەسەکزاری سونووفی شەوکەیی خاری گەلێ خۆشتر لە سەروستان و، دلکەشتر لە بوستانە
قەتاد و عەرفەج و خیتمیی و عەزات و عەوسەج و ئەسلی چ دامەن گیر و شین و دڵنشینی ڕێی غەریبانە!
شەفیری چاڵی شۆری هەر دەڵێی لەعلی نمەکپاشە حەفیری چاهی وشکی هەر دەڵێی چاهی زەنەخدانە
لەباتی لالەیی حەمرا جگەر پوڕ داغی خورشیدە لەباتی سونبولی تاتا سەر و سەودا پەرێشانە
موغەیلانی جل و مێزەر دڕێنی سۆفییە، یەعنی ئەمە ڕێی موحریمانی مەحرەمی سەر ڕووت و عوریانە
شوتوربانا! ئەمە پەرژینی باغی ڕەوزەیە، یاخۆ عەرار و عەرعەر و بانی خیابانی بیابانە؟!
ئەسیری سیلسیلەی بەندی مەهاری سەرقەتارت بم کە دەمکێشێتە ڕەوزەی حەی وەکوو مەجنوونی دێوانە
چ ڕەوزە؟ ڕەوزەیی جەننەت! چ جننەت؟ جەننەتی قوربەت! چ قوربەت؟ قوربەتی ڕاحەت! چ ڕاحەت؟ ڕاحەتی جانە!
مەقام و زەمزەمەی حادی، لە شەوقی کەعبە و حوجرەی مەقام و زەمزەمە، وا ئوشتری هێنایە جۆلانە
سەریری جونبوشی تەخت و مەحەففەی مەخمەڵی سەوزی دەڵێی تەسبیحی مورغانە، لەسەر تەختی سولەیمانە
کەژاوە و دار و بار و تەختەیی لوختی لەسەر بوختی دەناڵێنن لە شەوقی تەیبە وەک ئەستوونی حەننانە
چ نوورێکە لەنێو فانۆسی بەرگی کەعبەدا، زاهیر دەکێشێ خەڵق و، باتین ئیمتیسالی ئەمری یەزدانە؟!
چ جەزبە؟ جەزبەیی زەوئە لە قیندیلی حەرەمدا، وا دەبێ ئینسان لە تەوفیدا بسووتێ میسلی پەروانە
چ نوورێکە لە حوجرەی ڕەوزەدا وا قائیمە قوببەی، قەوامی عەرش و فەرش و قەلبی ئینس و قالەبی جانە!
چ حوجرە؟ حوجرەیی عولیا، کە وا نەعلینی خوددامی دوڕی تاجی سەری قوتب و وەلیی و شاهـ و سوڵتانە!
چ حوجرە؟ وا لە خاکی میللەتی دەوڵەت پەناهیدا کەمینە خادیمی سوڵتان و، شاهەنشاهی دەربانە!
چ قوببە؟ سیلسیلەی قیندیل و شەمعی باب و میحرابی شوعاعی نووری دیدەی کەوکەبی ئەیوانی کەیوانە
مەکانی واسیتەی ئیمکان، مەکانەت بەخشی ئینس و جان مەکینی لامەکان سەیران تێدا تەشریفی میوانە!
چ میوانێکە؟ ساحێب جێ و جاهـ و عیززەت و عەزمە کە دوو عالەم توفەیلی دەعوەتی و، ئەو ساحیبی خوانە!
موحەممەد، ئەحمەدی مورسەل، مونیری مینبەر و مەحفەل بەشیری ئاخیر و ئەووەل، نەزیری خوێش و بێگانە
سیراجی ئەنبیا، خەتمی ڕوسول، نووری موبینی حەق کە عالی کەعب و قەدر و دەست و سەدر و خاتەمی شانە
لەسەر ئەو زوڵمەت ئابادی شەوی کوفرە کە تالیع بوو، سەڵا هەستا لە ئینس و جان کە ڕۆژی نووری ئیمانە
لە نەفخی سوور و نەشری بەعسەتی دینی حەق ئیحیا بوو لە قەبری جاهیلییەت هاتەدەر هەرچی موسوڵمانە
لە سایەی ئەمر و نەهیی، حەقق و باتیل بوو بە دوو فیرقە بە میسلی فەرقی ڕۆژ و شەو کە فاریق نووری ئیمانە
سەعادەت بوو بە نوور و ساعیدی زەروەی هیدایەت بوو عەلامەت نووری ئیمانی بیلال و وەیس و سەلمانە
شەقاوەت بوو بە دوود و داخیلی کوورەی زەلالەت بوو ئەمارەت خوسری خوسرەو، کەسری کیسرا، شەققی ئەیوانە
لە جوملەی موعجیز ئەندەر موعجیزی: ئەحکامی قورئانە کە میعراجی بوڵەندی ئەووەلی ئایاتی «سوبحان»ە
لە نووری موعجیزەی تیغی نەما قەت زوڵمەتی شوبهەت کە ڕووناکی شەوی میعراجی، ڕۆژی بەدری بورهانە
شەوەمما، شەوچراغی جەدی و سەور و مەرتەعی شامی، دوسەد قەرنی غەزالە و قۆچی سوبحی عیدی، قوربانە
لە خەوف و خەجڵەتی، بەدری شەهی ئەنجوم سوپەهـ ئێستەیش کە هەڵدێ، زەردی و سووری لە تەلعەتیا نومایانە
شەوەمما، کەوکەبەی هەر کەوکەبی نیلی فەلەک دەتگوت لە میسری ڕۆژی زینەت دەستی مووسای ئیبنی عیمرانە
شەوەمما، غیبتەیی نووری سووەیدایی دڵ و دیدە شەوەمما، خۆر تیا گۆیا لە شەرمی نووری پەنهانە
شەوەمما، ڕۆژی ڕۆشن نەیگەیشتێ گەرچی ئێستاکەش لەدووی شەو کەوتووە، دەڕوا بە سەر سەر، گەرمی سەیرانە
لە هیجری یووسفی میعراجی، یەعقووبی فەلەک، چاوی نوجوومی بوو سپی، هێشتاکو هەر حەیران و سەهرانە
فەلەک پەردەی شەب ئەندەر ڕۆژی سەر فانۆسی ئافاقی زەمین و ئاسمان، لەم بانە تا ئەو بانە تابانە
شەوەمما سوبحی بیداریی تالیع بوو کە جوبریلی ئەمین بۆ خزمەتی تاها تیا مەئمووری فەرمانە
بە فەرموودەی خودا فەرمووی: بفەرموو! هەستە هەر ئێستە لەجێی بەدری دوجا و دوڕڕی یەکتا، دوڕڕی یەکدانە
ئەمن مەهدی ئەتۆ هادی، شەوی تەجرید و تەقریبە لەبەرکە خەلعەتی قورئان و ئەم تەشریفی ڕیزوانە
کە مەدعووی لازەمان و لامەکان و قوربی بێچوونی سوار بە لەم بوراقە باریقە، لەم ڕەخشە ڕەخشانە
وەها هەستا بە باڵی جازیبەی قودرەت، لە نیوەی ڕێ بەجێما ئەسپ و پەیک و ڕەفڕەف و ئەم چەرخی دەورانە
موشەڕڕەف بوو بە تەختی عەرش و تاجی قوربی عنداللّە بە هەرچی دەرجی أوْ أدنی و ما أوحیی قورئانە
بە هەرچی چاوی دینی عیشقی تێدا شاهیدی سیدقە، بە هەرچی دیدەیی عەقڵی تیا شەوکوێر و حەیرانە
موخەسسەس بوو، مورەخخەس بوو بە ئەسرارێ کە تەقریری ئەجەلل و ئەعزەم و ئەعلا لە تەعبیری سوخەندانە
پەیاپەی هاتەوە سەر جێگەیی گەرمی لەگەڵ توحفەی سەلات و هەم سەلام بێ لەو حەبیبی پاکی سوبحانە
لەگەڵ ئال و لەگەڵ سەحبی، خوسووسەن چار یاری دین ئەبووبەکر و عومەر، عوسمان و حەیدەر شێری یەزدانە
بە قوربانی عولوومی ئەووەلین و ئاخیرینت بم لەگەڵ ئەسراری قورئانت کە وا ئەلتافی ڕەحمانە
مورادم زیللەت و پاڕانەوەی حاڵە، نەوەک نەعتە بە چەن بەیتێکی کوردانە، کە قورئانت سەناخوانە
ئەگەرچی کوردی دووری شارەزووری قەسوەتم، ئەمما وەسیلەم تەیبە و حیلمی شەفیع و فەزلی مەننانە
بە سەر هاتوومە ئەو خاکەی کە هەر مسقاڵە زەڕڕێکی بە میزانی شەفاعەت کێوی حیلم و بەحری غوفرانە
نەبوو ڕووم بێمە خاکی چاکی پاکی تەیبە، تا بیستم: بە سەگ نابێ مولەووەس ئاوی زەرقا، بەحری ئیحسانە
چ زەرقا؟ بۆ سیاهی دەفتەری هەر ناسییە ماحی چ تەیبە؟ بۆ تەبایی دەردی هەر دەرماندە دەرمانە
دەری ڕەحمەت کە وا بەحری موحیتی عاسییە نالی تیا جان و تەن ئوفتادەی شەپۆلی سەیلی عیسیانە
سوروشکی من کە لێڵاوە، غوباری کۆهـ و هاموونە وەرە سەرچاوەکەم بنواڕە، وەک ئاوێنە، چەند ڕوونە!
مونەججیم کەرگەس و لاشەی لەلا شەیئێکە، نەیزانی کە ئەم ئەفلاکە چەند لاکە، کە ئەم گەردوونە چەند دوونە
لە دەورانی تەبیعەتدا لەگەڵ «سەوری» فەلەک جووتە لە ملیا چەمبەری دەوران و تەوقی چەرخی گەردوونە
لەسایەی شەخسێکی هیممەت بڵند، ئاسوودەیە شارێ بەڵێ خیتتەی سولەیمانی سەوادی زیللی کودروونە
وەرە سەیری خیابان و بەیازی دەفتەری نالی کە سەف سەف، مەسرەعی بەرجەستە، ڕیزی سەروی مەوزوونە
شکەنجی عەرز و توولی پێچی زوڵفت بێ سەرەنجامە مەسەل توولی ئەمەل، عومری خزر، زنجیری سەودامە
بە شەڕ هاتن ڕەقیب و موددەعی، من خۆشی خۆشیمە کە دەعوایە، لە هەر لایە بکوژرێ سوودی ئیسلامە
ئیشارەم کردە ئەبرۆی، یەعنی: میحرابت کەچە، فەرمووی: ئەمە قیبلەی تەمامی عالەمە، جێی جیلوەی ئیمامە
لە سایەی ڕوویی تۆوە شامی خەڵقی تەڵعەتی سوبحە لە شامی زوڵفی تۆوە سوبحی ئێمە زوڵمەتی شامە
لە ئاب و تاب و ئەشک و ئاهی خۆمدا بووم بە بوریانی لەباتی پوختەگی سووتام و ئێستەش پێم دەڵێ: خامە
نیشانەی پوختەگی بێدەنگییە نالی! ئەگەر پوختەی بە حوججەت تەی بکە نامە، بە حیددەت پەی بکە خامە
کەوا زەڕتایی یەکتایی دەڵێی خورشیدی ئافاقە مەڵێ خورشیدی ئافاقە، بڵێ میهرێ کەوا تاقە
ڕەیاحین پەرچەم و، لالە کولاهـ و، یاسەمەن توڕڕە بەنەفشە خاڵ و، نەرگس چاو و، گوڵ زار و سەمەن ساقە
بنازم دلبەری خۆم چەندە پڕ وەسف و چ بێ عەیبە: بە چاو مەست و، بە دڵ هوشیار، بە ئەبرۆ جووت و هەم تاقە!
نەوای ئاهەنگی قَدْ قامَتْ تەریقی جەمعی زوههادە قەد و قامت بە لەهجەی ڕاستی تووبایی عوششاقە
بە زوڵفی تۆیە وابەستە، لە من دڵ گەر پەرێشانە بە ئەبرۆی تۆیە پەیوەستە، ئەگەر تاقەت لە من تاقە
بە نەهری کەوسەر و شیر و عەسەل چەند تینووە سۆفی لەبی نالی دوچەندان بۆ لەبانی لەعلی موشتاقە
بە مەرگی خۆت قەسەم، زاهید، هەموو عومرت عوبوورێکە مەقام و مەنزڵت، ئاخر، لەکن جەمعی قوبوورێکە
دڵم بەردە ئەگەر شاخە، بە چاوی سووکی مەنواڕێ بەخۆڕایی نەسووتاوە، ئەمیشە کێوی توورێکە
شوعاعی ڕووت لە گەردندا دیارە دڵ دەسووتێنێ بنازم بەم تەجەللایە، چ خورشید و بلوورێکە!
لە خەڵوەت هاتەدەر سۆفی، گڵ و بەردی بە سەرما دا مەکەن مەنعی لەبەر خەڵوە، ئەویش تازە غوروورێکە
غەمی چاوت لە چاومدا، هەمی قەددت لە سینەمدا لەبەر سستی و زەعیفی ئەو خەوێکە، ئەم خوتوورێکە!
بە زاهیر شادمانیمە لەبەر کەتمی هەموو دەردان کە نالی گەر بناڵێنێ ئەمیش نەشئە و سوروورێکە
لە دڵدا ئاتەشی عیشقت بڵێسەی میسلی تەندوورە شەتی ئەشکم نەبێ مانیع، دەسووتێم دەبمە کۆی نوورە
بە ناری عیشق و ئاوی دڵ، جەسەد وەک حەزرەتی مووسا تەریقی: بەحری فیرعەون و، ڕەفیقی: ئاتەشی توورە
دەچێ بۆ لای ڕەقیب، خۆشە، وەلێ ئەو داغە کوشتوومی لەکن ئەو چەندە مەجبوورە، لە لای من چەندە مەغروورە!
پەیامت هات و پەیکت ڕۆی، خەیاڵم نارد و نەیگەییێ ڕەسوولم کەوتە ڕێ، گرتی، هێنای وەک ئاگرە سوورە
کە دیتم شەکڵی سەد ڕەنگی، گوتم: بابایی عەییارە کە بیستم لەفزی بێدەنگی، گوتم: شەیپووری شاپوورە
گوتم: ڕاستی سەبا هەڵسە! گوتی: مەشرەب موخالیفیە گوتم: نارێ، گوتی: بایە، گوتم: ئەوجێ، گوتی دوورە
گوتم: قوربانی تۆ من بم، گوتی: قوربانی تۆ سەگ بێ گوتم: شیشەی دڵم ناتوێ؟ گوتی: بۆچیمە؟ مەکسوورە
خەراباتی دڵی نالی مەفەرموو: خاڵییە، نایەم! بە مەرگی تۆ قەسەم، چاوم! بە زیکرت بەیتی مەعموورە...
بیستم لە هەموو لایە مەیلی شەڕ و دەعوایە سەودا لە سەرمەدایە، باکم چ لە غەوغایە
فەرمووی بە مژەی مەستی، ئازانە و تەڕدەستی سادەی لە دڵی سستی، تیرێ بە تەمەننایە
چەرخی چەپی گەردوونە، ڕاست و چەپی چەند دوونە بێچاکە چ بێچوونە، ڕاستیی لە چەپیی نایە
پێم گوت: مەکە چاک چاکم، پێش خزمەتی زۆر چاکم... فەرمووی: بە سەری کاکم، داغت لە دڵمدایە!...
زاهید! مەکە مەنعی دڵ، بۆ تۆ نییە سوودی گوڵ خاکت بەسەر ئەی غافڵ! کەوتوویە چ سەودایە؟!
نالی مەکە وەسفی تۆ... باریکە نەمامی تۆ... مەعلوومە کە سەروی تۆ بێمیسلە لە دونیایە...
لەو وەختەوە بیستوومە دیتن بەقەدەر چاوە، هەر مووم لە بەدەن یەکسەر، وەک عەینی فەنەر، چاوە
فەرمووی کە هەموو دەم بێ گریان و، شەویش نەنوێ ئەم بەندەیە مەئموورە، ئەم ئەمرە لەسەر چاوە
جێگایێ نەزەرگا بێ، شەش جانیبی دەریا بێ، ئەی مەردومی سەیرانی، لەم خیتتەیە هەر چاوە
چاویشی لە نالی کرد، دین و دڵ و جانی برد گەر زوڵفە ئەگەر نازە، گەر خەندەیە، گەر چاوە
سەودازەدەکەی زوڵفت، ئەزهاری لەکن پەشمە دوور لەو گوڵە بێخارە، گوڵزاری لەکن پەشمە
سۆفی کە گران بارە، بێ مەغز و سەبوک بارە سووف پۆشێ غەمی بارە، ئەوباری لەکن پەشمە
دێوانە کە شەیدا بێ، تووکی سەری سەودا بێ، قەت هیچی لەسەر نابێ، دەستاری لەکن پەشمە
سینەی دڵی بێکینە، سافە وەکوو ئایینە مەستوورە بە پەشمینە، ئەسراری لەکن پەشمە
عاشق کە دەکا ڕاوی، زوڵماتی شەوە داوی موژگانی تەڕە چاوی، بێداری لەکن پەشمە
سۆفی! چییە ئیشی تۆ، هەر کایە حەشیشی تۆ! عاشق وەکوو ڕیشی تۆ، هەوساری لەکن پەشمە
چەن واسیعە ئەم زیهنە، ئەفلاکی تیا ڕەهنە ئەجبالی لە لا عیهنە، ئەدواری لەکن پەشمە
نالی کە قەدەح نۆشە، مەستانە و سەرخۆشە خامۆش و نمەدپۆشە، ئەشعاری لەکن پەشمە
دەستم لە گەردەنی خۆت هەڵمەگرە ئەی حەبیبە! وەبزانە خوێنی خۆمە، یا میننەتی ڕەقیبە
سەر بەردەبازی ڕێتە، تەن تەختە بەندی جێتە دڵ مەیلی خاکی پێتە، ڕۆح ماڵی خۆتە، بیبە
تۆ نەو شگوفتە وەردی، من مایلم بە زەردی تۆ هەمسەرت نەسیمە، من هەمدەمم لەهیبە
شاهێنی دیدە بازە، مەستی شەرابی نازە دڵدار و دڵنەوازە، دڵکێش و دڵفریبە
ئەو تیفلە خورد سالە، هەر چەندە وەک غەزالە ئەمما کە هاتە نەخچیر، شێر سەولەتی مەهیبە
دڵ پەی دەکا نیگاهی سەهمی موژەی سیاهی ڕەمزی هەموو بەڵایە، غەمزەی هەموو موسیبە
ئەی چاوی پڕ نەدامەت، دڵ پڕ غەم و غەرامەت بگری، کە وشکە سۆفی لەم فەیزە بێ نەسیبە
ئەی خەڵوەتی مورائی، بێ ڕەنگی خود نومائی ڕەنگ زەردی عاشقی بە، نەک زەرد ڕوو و شەقی بە
نالی لەبی حەبیبە هەم تیب و هەم تەبیبە خولاسەیی لەبیبە، فەرمانبەری لەبی بە
ساقی! بە مەیی کۆنە لەسەر عادەتی نەو بە بشکێنە بە یەک نەوبە دوو سەد ماتەمی تەوبە
ساقی! قەدەحی گەردشی گەردوون دەشکێنێ باری، کە دەبێ موعتەقیدی گەردشی ئەو بە!
ئەی نەفسی مورائی چ گران باری، تەکالیف بۆ خەڵقی دەکێشی، دە هەڕۆ ڕێش و جەدەو بە
بوغزت لە زەعیفان چییە قوربان، وەکوو قەسساب بەو خەزز و بەزی ڕیشوەتە، ئەی هیزە، قەڵەو بە!
ئەسپی نەفەست دێت و دەچێ، گەرمە عەنانی ئەی مەستی ڕیازەت هەڵە! هوشیاری جڵەو بە
وەک ماهـ و ستارەت کە ببێ مەیلی هەڵاتن سەرکردەیی ڕۆژ، ڕەهڕەوی شەو، ڕەهزەنی خەو بە
نالی مەبە عاجز، کە ئەمە دەورە نە جەورە ساقی کەرەمی یەک بە یەکە و نەوبە بە نەوبە
ئەڵڵاهـ... ئەڵڵاهـ... کە چ عەقڵ و چ کەماڵێکی هەیە! لەگەڵ ئەو عەقڵ و کەماڵە چ جەماڵێکی هەیە!
دڵڕفێنێکە لە بۆ مەدحی، سەراپایی ئەوێ واجبە مەدحی بکا هەرچی کە ماڵێکی هەیە
ئەهلی ئەم شارە هەموو نۆکەر و ئەتباعی ئەون یووسفی میسرە، عەجەب جاهـ و جەلالێکی هەیە!
گەر خەیاڵی دەهەنی بێنمە نێو ئەم غەزەلە، دێن دەڵێن ئەم غەزەلە وردە خەیاڵێکی هەیە!
خەتی سەبزی لە کەناری لەبی، نالی! هەروەک خزری زیندە لەسەر چاهە، زولالێکی هەیە
بیدی مەجنوونە وجوودم لە هەموو بەر بەرییە نە کەسێ مونتەفیعی یەک بەری یا سێبەرییە
چیت لە کاکۆڵی سەر و موویی میانی داوە؟ هەموو هەر هەمم و پەرێشانی و دەردی سەرییە
بە ڕیا باری تەکالیفی ڕوسوومی بۆ خەڵق چ دەکێشی؟ ئەمە حومقێکە عەلاوەی کەرییە
موتمەئین خاتر و ئەیمەن مەبە هەرگیز لە شەڕی نەفسی ئەممارە، کە ئەم مارە لەگەڵ تۆ شەڕییە
لۆمەیی نالیی دێوانە مەکەن ئەی عوقەلا! ئەمە موددێکە زەدەی لەتمەیی دەستی پەرییە
وەسفی ڕوخساری لە فیکری بەنی ئادەم بە دەرە ئیبتیدای مەدحی دەمی وەک خەبەری بێئەسەرە
نەو نیهالی قەدی تۆ عەرعەرە، دڵخواهی منە ڕاستە دڵدارە، وەلێ حەیفە کە وا بێسەمەرە
قامەتی سەروی، ئەگەر بێ بەرە، بۆچ نارەوەنە؟! تۆ بڵێ زوڵفی ئەگەر دووکەڵە، بۆچ ناری بەرە؟!
زوڵف ئەگەر دووکەڵە، دووکەڵ بەری گوڵناری نیە! سەروە گەر قامەتی، کەی سەروی ڕەوان بارەوەرە؟!
بە حەقی جەڕڕی هەیاسەی زەڕ و کاکۆڵی سەری دڵی گوم گەشتەیی من کوشتەیی پشت و کەمەرە
بێ ئەگەر بێتە دەرت، دەیدەیە بەر شەق وەکوو گۆ نییە زاتیشی نەیێ دڵ، چ بکا، قوڕ بە سەرە!
لە دەمی ناڵەیی زارم، دڵی پڕ زەمزەمەکەم، وەلوەلەی حەلق و گەرووی نالی لە گەردوون بە دەرە
سەری هەر مووی بەدەنم تەرزە تەمەننایێکە گەردشی تووکی سەرم دووکەڵی سەودایێکە
وەرە سەر سەیری سەفاگاهی نەزەرگەی چاوم کە عەجەب مەنزەرەیی سەیر و تەماشایێکە
سۆزشێکی نەفەس و شۆڕشی نائی نایێ هەریەکە نەوعە غینایێکە، بە مەعنایێکە
حەڵقە حەڵقەی چ دەکەی داوی کەمەندی زوڵفت بۆ دڵی خەستە کە وا بەستەیی هەودایێکە؟!
هەردەمە فەرشی کەسێکی کەیە بێ مەهر و نیکاح دوور لە چاکانی، عەجەب فاحیشە دنیایێکە!
نالی ئاسوودە نییە توولی نەمامی عومرت بە نەفەس دێت و دەچێت، ئەسڵی لەسەر بایێکە
دڵ سیاسەنگ نەبێ، مائیلی خاکی وەتەنە خاڵی لەعلی حەبەشە، ساکینی بوردی یەمەنە
پەرچەمی سونبولی و، قەددی قضيب البانی زوڵف بەهلوولی و، خەت زەنگی و، وەجهی حەسەنە
تەڵعەتی ئایەتی جان مەزهەری ئیعجازی بەیان لەبی دورج و، دەهەنی سیڕڕ و، کەلامی عەلەنە
دەست لە خوێنم مەدە، ئالوودە مەکە دامەنی پاک خوێنی من سابیتە، باتیل نییە وەک ڕەنگی خەنە
وەک گوڵی ئاتەشی، خەمڵیوە بە بەرگی چەمەنی قامەتی نارەبەرە، ناروەرە، نارەوەنە
ڕۆشنیی دیدە بە ئینسانە، کە موژدەی قەدەمت ڕۆشنیی دیدەیی غەمدیدەیی بيت الحَزَنە
دڵی نالی کە ئەنیسی قەرەداغە، ئێستەیش داغی سەرچاوە و دێوانەیی دار و دەوەنە
ئاخ لەگەڵ ئێمە حەبیبە سەر و پەیوەندی نییە نەیشەکەر قەددە، بەڵا بەندی هەیە، قەندی نییە
عادەتێکی هەیە هەرگیز لە کەسێ ناپرسێ زاڵمێکی وەیە قەت خەوفی خوداوەندی نییە
دەرحەقی من زەهر و سرکەفرۆشە بە برۆ دەرحەقی غەیری ئەمن غەیری شەکەرخەندی نییە
دولبەرێکم هەیە مەشهوورە بە بێمانەندی بێشک و شوبهە، خودا شاهیدە، مانەندی نییە
ئەهلی دنیایی لەبەر حیرس و تەمەع هوشیارن بە خوسووسی بگەڕێی مەست و خیردەمەندی نییە
خانەقاش هەروەکوو مەیخانە، کە هەر ئاوا بێ مەجلیسێکی هەیە، ئەمما گەپ و گۆبەندی نییە
واقیعەن خانەقە خۆش زەمزەمەیێکی تێدا یە، بەڵا قەندی هەیە، گەندی هەیە، ڕەندی نییە
مەدرەسە، مەحبەسەیە، مەبحەسەیی وەسوەسەیە کەسی تێدا هەیە، ئەمما خۆش و خورسەندی نییە
تالیبی ڕاهی حیجازم، لە موخالیف هەڵدەن بێ نەوا قەلبی حەزینم قووەتی بەندی نییە
شیعرەکانم، کە جگەرگۆشی منن، دەربەدەرن دڵی نالی چ ڕەقە، قەت غەمی فرزەندی نییە!
سەرمایەیی سەودا کە دەڵێن زوڵفی دوو تایە هەر پێچشی تایێکی سەد ئاشووبی تیایە
بیدە بە دڵم، شیفتە بۆ شیفتە چاکە... بیخە ملم، ئەو قەیدە بە دێوانە ڕەوایە...
ئەو خاکی دەرە مەسکەنی سەد ساڵەمە، شایەد جارێ لە دەمی تۆ ببیەم: «سەگ بەوەفایە»
زوڵفت سەبەبە، دڵ بە عوزارت کە دەسووتێ سووچی شەوە وا قاتیلی پەروانە چرایە
نالی کە ویقاری نییە، بێباکە لە خەڵقی سۆفی کە سلووکێکی هەیە، عوجب و ڕیایە
گەرمی و تەڕی بەهارە کە پشکۆ کوژایەوە پشکۆی گوڵاتەشین بە نەسیم بوو گەشایەوە
لالە کە مەجمەرێکە بە با خۆش و گەش دەبێ ناوی کە پڕ خەڵووزە بە شەبنم گەشایەوە
گوڵ زاری وا، کە هەرچی دەمێکی بوو پێکەنی غونچەی گەشا کە یەعنی گرێی دڵ کرایەوە
فەسڵێ کە هەر لە فەرقی بەشەر تا ڕەگی شەجەر وشکی بە غەیری سۆفی و عاسای نەمایەوە
لەم فەیزی نوورە هەرچی کە وا نارە مردووە بەم نەفخی سوورە هەرچی کە خاکە ژیایەوە
هەنجیری نەو شکۆفە کە پڕ بوو لە شیری ساف، تیفلی عینەب شکۆفەیی کرد و ڕشایەوە
دایەی زەمین کە حامیلی ئەبنایی مەحشەرە هەر تۆوێکی تیا کە ئەمانەت بوو، دایەوە
سونبول لەبەر ڕوعوونەتی شمشادی تازەدا هات و بە تەعن و دەورە بەسەریا شکایەوە
خەزرا، دەڵێی زەمینە بە چین و «خەتا»یەوە غەبرا، دەڵێی سەمایە، بە شەمس و سوهایەوە
بَرْدُ العَجوزەیێکی کە نەیبوو بە غەیری بەرد دنیا ئەمە چ ڕەنگە، چ بێنێکە دایەوە!
غەیری تەڕیی عیشقی حەرارەتنوما، نەما بەفریش لە سەرد و گەرمی خەجاڵەت توایەوە
هەر چاوەیێ کە وشک و عەقیمی بوڵەندییە، وەک تەبعی من بە نەزمی خۆشی نەغمە زایەوە
ساف و ڕەوان و نەرمە وەکوو زەمزەم و فورات نەک ڕەنگی نیلە یەعنی کە هات و گەڕایەوە
سۆفی ڕیایە خەڵوەتی، بێنی بەهاری کرد هاتەدەرێ لە سایەیی چایەر، حەسایەوە
نالی بە داوە شەعری دەقیقی خەیاڵی شیعر بۆ ئەو کەسەی کە شاعیرە سەد داوی نایەوە
بنواڕە وشکە سۆفی و ڕەقسی بە هەلهەلە دیسان لە بەحری وشکی هەوا کەوتە پێمەلە
ئەم ئەرزە مەزرەعەی عەمەلە و گوڵخەنی ئەمەل هەندی بووە بە مەسجید و، هەندی بە مەزبەلە
شێخم، چ گەرمە حەڵقەیی زیکرت بە ڕەشبەڵەک! حاڵی ئەمانە خۆ بە جەنابت موحەووەلە!
دائیم لەدووتە مێگەلی ژن، نێرگەلی پیاو بەم ڕیشەوە لەپێشەوە بوویی بە سەر گەلە!
دنیا مەحەللی کەون و فەسادێکە، حیز و دوون مەعلوومە چەن بەحیلەیە، عەییارە، چەند دەڵە!
تۆ شێخ و ئەو عەجووزە، عەجەب دۆستی یەکترن! بێ شاهید و نیکاحە دیارە موعامەلە...
نالی! سەرت لە گونبەدەکەی خانەقا دەکا لایێ پڕە لە مەشعەلە، لایێ پڕە لە مەشغەلە...
ئەی ساکینی ڕیازی مەدینەی مونەووەرە لوتفێ بکە، بفەرموو: مەدینەی منەو، وەرە
عەرشی بەرین کە دائیرەیە، ڕەوزە مەرکەزە فەرشی زەمین بە عەرسەیی تەیبە موجەوهەرە
تەیبە کە یەعنی عەکسی بەقیعی هەموو عەبیر تەیبە کە یەعنی مایەیی ئەو میشکی ئەزفەرە
تەیبە کە یەعنی ڕۆژ و شەوی تیبی عالەمە ڕۆژی کە وشکە، شەو تەڕە، کافوور و عەنبەرە
لێوم، لە ڕۆژی ڕۆشنی کافووری وشکی، وشک چاوم، لە شەبنمی شەوی وەک عەنبەری تەڕە
تەیبە کە یەعنی تەییب و تاهیر بە ڕەوحی ڕۆح فەرقی ئەڵێن: گڵی لە گوڵ، ئاوی لە کەوسەرە
یەعنی گوڵاوی قودسە گڵاوی ڕەفع ئەکا ئەو خاکە چاکە پاکەوو ئەو ئاوە مەتهەرە
نالی کە وا سەگی سەگی ئەو مەرز و بوومەیە ئەمما سەگی موعەللەمی بێدەنگ و بێوەڕە
فەرشی پەڵاسە، دۆشەکی خاکە، سەرینی بەرد بێ تووک و، ڕووت و قووت و، فەقیر و قەلەندەرە
بێ تووکی جیفەخواری و گورگین و بێوجوود لەم ئاو و خاکە زاهیر و باتین موکەددەرە
گەردەن کەچی قەلادەیی ڕستی وەفاتە، دێ بۆ ڕاوی بێنی ئەو دەر و دەشتە موعەتتەرە
دا کووچە کووچە خۆڵی بەسەردا بکا بە چنگ لەو خاکە ئەفخەرە کە هەموو تاج و ئەفسەرە
کهف الأنامی هیجرەتی ئەسحابی بێ ڕوقوود! بیکە بە خاکی خادیمی قیتمیری ئەو دەرە
بەڵکوو لە فەڕڕی تەیبە کە تیبی پەیەمبەرە ساکن ببێ گەڕۆڵیی ئەو کەلبە بێ فەڕە
پەیغامبەر و حەبیبی خودا، خاتَمُ الرُّسُل ڕەوزەی لە ئەرز و سایە لەسەر چەرخی ئەخزەرە
قەت سێبەری دەبێ لەسەر ئەم ئەرزە فانییە ئەو تاقە نەخلی عەرشە کە تووبایی سێبەرە؟!
ئەو سێبەرە کە قوببەیی فیردەوسی باقییە ئەو سێبەرە کە خێوەتی سەحرایی مەحشەرە
ئەو سێبەرە کە عالەمی عولویی لە نوورییە شەمس و نوجووم و هەرچی لەواندا موقەڕڕەڕە
ئەو سێبەرە کە مەزهەری حوببی خودایییە کەنزی موتەلسەمی نەزەری حەییی ئەکبەرە
جێ بازی مەقدەمی شەوی قەدر و مەعاریجی سەربانی عەرش و کورسی و جوبریلی شەهپەڕە
دنیای چلۆن دەوێ کە بە قەد هیممەتی نەکرد ئەم خەلعەتە کە ئەتڵەسی نۆ چەرخی ئەستەرە
تەشبیهی حوسنی فائیقی، ئاخر، بە چی بکەم! نووری سونووحی تەلعەتی سەد لەوحی ئەنوەرە
مەعلوومە چونکی جەمعی ڕوسول موقتەبیس لەون یووسف یەکێ لەوانە کە سەرلەوحی دەفتەرە
گوفتاری نۆشی شاهیدی سەد شەهدی فائیقە ڕوخساری خۆشی أَظْهَرُ مِنْ شمسی ئەنوەرە
ئەو شاهی ماهی میسرە، ئەهالی لە ڕێی سوجوود قورئان دەڵێ کە بەندە ئەمەو بەندە پەروەرە
ئەو دێ دەبا بە کەشمەکەش، ئەم دێ دەبا بە لوتف ئەو شاهی دڵبەرە، نە شەهەنشاهی دڵدەرە
ئەفرادی مورسەلین هەموو یەک ڕازە، ئام کەلام لەم جێگەدا بزانە موقەددەم موئەخخەرە
شوبهەی نییە کە شەمس و قەمەر سێبەری ئەون نیسبەت بە هەردوو وەجهی وەکوو نوور و سێبەرە
بورهانە سوورەتی بەشەری چونکە نوورە، نوور بێ زیللە، ماسیوای بە دوو نیسبەت موعەببەرە
واقیف بە هەرچی کەتمی خەبایایی مازییە عالیم بە هەرچی دێت و دەبێت و موقەددەرە
ئەو ڕووی لە کەعبە، کەعبە بە ڕووی ئەو موشەڕڕەفە یەعنی جەبینی قیبلە و میحراب و مینبەرە
با بێینە سەر وەجاهەتی قەدری لەکن خودا بۆ عاسیان لە مەغفیرەت و سەرفی مەغفیرە
ڕەحمەت بە حوسنی سوورەتی ئینسان زوهووری کرد خَیرُ الْبَشَر لەقەب بە شەفاعەت موبەششەرە
موژدە لە عاسیان کە ئەو ئیقبالی ڕەحمەتە ئیسمی ڕەحیم و غەوس و شەفیع و موخەییەرە
ئەی شەمسی مایە پەروەر و ئیکسیری قەلبی خاک! بنواڕە حاڵی هالیکی ئەم خاکە ئەحقەرە
حیفزت شەبان و، ئێمە ڕەمە و، ئەو لەعینە گورگ ئەم نەفسە گورگە مێشە لەگەڵ ئەو بەد ئەختەرە،
دائیم لە جەنب و خوار و کەمیندا بە ڕۆژ و شەو بۆ فرسەتە لە ڕێگەیی ئیمانی ئەم مەڕە
ئێمە بەقیعی غیرەتی تۆمان حەزیرەیە ئەم نەفسە گورگە مێشە شەیاتینی عەسکەرە
خۆی کردووە بە گەورە و قەڕڕاڵی موڵکی تەن پشت و وەزیری ئەو سەگە دەججالی ئەعوەرە
قوربان! دەخیلی حەلقەیی شوبباکی ڕەوزەتم سێ ئیلتیجام هەیە، کە لەگەڵ ئەو دووەم شەڕە
ئەووەڵ لە ئیلتیجام ئەوەتە ئەی غەیووری دین حازر ببی لە کەشمەکەش و شۆری غەرغەرە
گۆچانی غیرەتت لە ملمدا موعەوزە بێ تا موژدە دێ کە نووری یەقینم موزەففەرە
فائیز دەبێ بە نووری نەجاتی حەبیبی حەق لەو جێگەدا بە کوێری ئەو خەسمە ئەبتەرە
ڕوو زەرد و وشک و خائیب و خاسیر ببێ عەدوو واسیل ببم بە ڕەحمەتی بارانی، مەقبەرە
دوومینە ئیلتیجام ئەمەتە ئەو دەمەی دەبێ ئەلواحی ئەڵحەدم بە زەنابیلی مەعتەرە،
تەنگە ئەوا دەبێ کە لە ئەو جێگە تەنگەدا سائیل نەکیر و عاریف و مەعرووف و مونکەرە،
ئیمدادی فەتحی بابی زوبانم بە فەزڵی تۆ زوو بێ، کە ئەووەلین گوزەری پرد و مەعبەرە
سێمینە ئیلتیجام دەڵێم ئەی غەوسی عاسیان هاواری بگرە بەردەیی ئاشووبی مەحشەرە
ئەو ڕۆژی ئاخیرەی کە چ ڕۆژی لە دوو نیە ڕوو ترش و قەمتەریر و عەبووس و غەزەنفەرە
ئەم فەرشە خاکییە دەتەکێنن لە تۆز و گەرد ئەم عەرشە نۆ سەحیفەیە دەیکەن بە یەک پەڕە
دەنگی فوغان و جۆش و خورۆشی جەمیعی خەڵق گوێ لێرە دەیبیێ، کە لەوێ گوێ هەموو کەڕە
ڕۆژی قیامەتی فَإِذا هُمْ قِیام و، شەخس قائیم چەقیوە، کێلە، لەسەر خاکی مەحفەرە
ئایا قەد و قیافەیی خۆی بوو بە کێلی خۆی، یا ساقی عەبهەرە کە دوو چاوی لەسەر سەرە!
دنیا بووە بە تاوە و، سەحرا بە ژیڵەمۆ دنیا دەڵێن کە ئاگرە، ناری سەمەندەرە
دیوانی گەرمی باری خودایە، بە پایە عام ئیسغایی خەڵقە، ساعەتێکی عەرزی مەحزەرە
لایەک «زەبانیە» لە سەروکاری نارە، نار هَلْ مِنْ مَزِیدْ زوبانیە وەک ماری ئەژدەرە
لایێکی کەش لە جەننەت و ڕیزوان تەدارەکە حۆری ئەوا بە مونتەزیری دێنە مەنزەرە
ئەشخاسی خاسسە تَشْخَصُ أَبْصارُهُمْ هەموو وا نفسْییانە هەریەکە بۆ خۆی موحەییەرە
زێر و زەبەر دەبن بە دوو فیرقە، لە فیرقەتەین واوەیل و ئیمتیازە کە کێ بێنە کێ بەرە
ئەکسەر کەسینە، تابیعی بەرد و حەرارەتە یەعنی وەقوودی نارە، بوخاری موسەییەرە
باقی کە ڕووی لە کەففەیی میزانە، یەکسەرە هەرچەند سەرە موتابیعی میعیاری دوو سەرە
لەو کێشە کێشەدایە کە وا ڕەش سپی دەبێ لەو کێشە کێشەدایە کە وا ئەحمەر ئەسفەرە
ئەعمالمان لەگەڵ هەموو ئەوزاعی حاڵمان مەغشووش و جەمعی، حازرە، گەر خەیر، ئەگەر شەڕە
مەخزوونی ڕوقعە، حەببە بە حەببە، لە کەففەدا خالیس دیارە، مس کە مسە، عەینی زەڕ زەڕە
زەڕڕێک لە چاوی بۆتەیی سەڕڕافی کەففەدا مەخفی نیە، دیارە، وەکوو ڕۆژی نیمەڕە
گریان هەموو ڕەشاوە لەبەر ئاهی دوود ڕەنگ موژگان بووە بە خامە و، دیدە بە مەحبەرە
میزماری شەهسەواریی تۆیە کە سەف سەفە کۆگایی حاسیلاتتە بەیدایی بەیدەرە
ڕۆژی جەزا ڕجا بکە بۆ نالیی دەربەدەر چون لەم جیهان گوناهی گەلێ زۆر و ئەکسەرە