دیوانی وەفایی/ا

دیوانی وەفایی  (1902)  by وەفایی
پیتی ا

1 edit

هەرچی لە سەر تۆ گەڕا شاد بوو بە دەوڵەتی ڕووت زولفی شکستە بۆیێ دەستی لە دامەنت دا
سەد ڕۆح ئەگەر فیدا کەم ناگەم بە خەتت و خاڵت من نائومێد و مەحرووم هیندوو لە گوڵشەنتدا
زولفت لە پێ کەوت و خەت هات بە تەمای قەتڵی دڵ ئاخر بە دەستخەتی خۆت گرتت بە کوشتنت دا
ئەی نەوبەهاری خووبی ڕوحمێ بە حاڵی بولبول نەوەک سەرمای هەناسەی لە گوڵ و یاسەمەنت دا
ئەی خەت بە زولفی دولبەر تۆ بوویە فیتنەیی دڵ دڵ بێغەم و خەیاڵ بوو هاتی بە گرتنت دا
وا تێمەگە عەزیزم کوشتمت و نائومێد بووم دەستم ئەگەر نەگەییێ خوێنم لە گەردەنت دا
بە قسەم بکە وەفایی بمرە هەتاکوو ماوی وەسڵی بەقا بە ئایات ئەوا لە مردنت دا

2 edit

تابی سەری کوڵمت بوو کە وا زولفی بە با دا یا ڕۆژی ویسالت شەوی هیجرانی وە لا دا؟
خاڵی دەمتە یا مەگەسی حوققەیی شەککەر یاخۆ حەبەشی زادە لەنێو ئابی بەقادا؟
خوێنین جگەرن تالیبی ئەو زارە دوو عالەم ئەو جەوهەرە بۆ هیچێ بە دوو عالەمی نادا
هەر تارە کە وا مەسکەنی بارێ دڵ و ڕۆحە سەد ڕۆحی بە با دا کە بە داو پەرچەمی بادا
بازاڕی شکا وەک دڵی زارم گوڵ و نافە تا تای سەری زولفی کە بەسەر عاریزیدا دا
ئەو زارە کە وا هەر بە تەبەسسوم هەیە حاڵی پیرێکە دەڵێی گا لە بەقا گا لە فەنادا
حەیرەتزەدەیی نێرگس و ئەبرۆتە وەفایی کافر نییە وا مەست و لە میحرابی دوعادا

3 edit

لەو شارە خەدەنگی سەنەمێکم لە جگەر دا شۆخێکە غەمی ئایینەداری بە قەمەر دا
خەمڵیوە وەکوو گوڵ بە سەر و بەرگی بەهاری خۆی گوڵ، دەمی گوڵ، چەپکەنی گوڵناری لەبەردا
بۆ زەوقی تەکەللوم کە دەمی هاتە تەبەسسوم خەندەی لە دەمی غونچە و تەعنەی لە شەکەر دا
شەڕیانە لەسەر موڵکی دڵم غەمزە و نازی بۆیێکی بە جووت دێن وەکوو نەشتەر لە جگەردا
گەنجینە تەلیسمی هەیە بەو چاوە لەسەر هیچ وەجهی چییە ئاشوفتەیە زولفت لە کەمەردا؟
تیرت کە قەراری جگەرم بوو وە دڵم کەوت تا ڕۆژی حەشر داغی خەدەنگت لە جگەردا
ماڵێکە هەموو وەقفە لە شەوقی سەری کوڵمت عومرێکە هەموو سەرفە لە ناڵینی سەحەردا
هەر لەحزە وەفایی وەکوو بولبول کە دەناڵێ کەس مەنعی نەکا عەشقی گوڵەندامی لەسەردا

4 edit

مەششاتە کە شانەی لەسەری زولفی سەنەم دا ئاشوفتەگیی حاڵی وەفایی لە قەڵەم دا
قوربان وەرە سەیرێکی دڵ و عالەمی دڵ کە هەر زەوقە بە دڵ، شەوقە لە سەر، ئاهە لە دەمدا
ئاوێنەیی دڵ وا لە جەلادا بە تەجەللا دێوانەیی ڕووت کەی لە هەوای شەوکەتی جەمدا؟
بۆ خاتری خەندێکی بە ڕەنگی گوڵ و باران عاشق ئەوەتا هەر کوڵی گریانی لە دەمدا
خەندەی گوڵی زارت کە نەبوو باعیسی مەستیم بۆ چی دڵی من دەستی لە گوڵزاری ئیرەم دا؟
ئاخر سەگی خاکی دەری تۆ بووم بە جودایی مروەت نەبوو تیغت لە سەری سەیدی حەرەم دا
ڕۆحم بە نیساری قەدەمت! بۆ چی دەڕەنجێی؟ ڕۆحم کە بە من بایە، وەکوو دڵ، چییە؟ دەمدا!
وا عاشقی زار و کەمەری تۆیە وەفایی لەو نێوە وجوودێکە لە بەینی دوو عەدەمدا

5 edit

کاکۆڵی بەدەم باوە کە بادا بە بەدەندا بازاڕی شکا نافە بەسەر چین و خوتەندا
تورکانە گوڵم پەرچەمی کەوتۆتە عیزاری وەک سونبولی ئاشوفتە لەبەر بەرگی سەمەندا
تا هەوری بەهاری نەبزووت غونچە نەپشکووت بۆیە دەگرێ خەندە بەسەر گریەیی مندا
گۆیا وەکوو من بەو قەدە سەودایییە زولفت سەرگەشتەیە وا تا بەری پێت چین و شکەندا
من کوشتە ئەتۆ بەو دەمە شیرینە مەسیحی من تەشنە ئەتۆ ئابی حەیاتت لە زەقەندا
هێشتا دڵەکەم سەرخۆشە نایێتەوە سەرخۆ ساقی بە کەرەم دوێنێ کە جامێکی بە مەن دا
ماچێکی دەمت خوێنی شەهیدی سەری زولفە سا ئەو دەمە وا بێنە ئەمن خۆم لە ڕەسەن دا
زولف و ڕوخ و لەب، عاریز و خەت، زایقەبەخشن وەک زوهرە لە شەو، مەی لە قەدەح، گوڵ لە چەمەندا
کەی بەستەیی زەڕڕێکە دوسەد بەرقی لوئالی ئەو خەندە مەگەر موعجیزە وا دێ بە دەهەندا
بۆ ڕۆژی نیساری قەدەمت ئەشکی وەفایی مروارییە، پەروەردە لەنێو کانی یەمەندا

6 edit

بیا ای جان من ساقی فدای ساغرت بادا ئەمان سووتام ئەمان جامێ لە نۆبەی دەورە بەم لادا
هوا خود نافه می‌ریزد صبا مشک ختن بیزد مەگەر دیسا بە دەم بادا حەبیبم پەرچەمی بادا؟
گدا و بزم شاهان؟ ما و وصل دوستان، هیهات! لەبەر وەی ئارەقی کوڵمی لە باتی مەی بە مەی نادا
پریشان کرد چون بر چهره دو زلف عنبرین گفتی: بەهارێک سونبولی تاتای بە بارێ یاسەمەندا دا
عرق بر گردن و خط بر عذار و خنده در لعلش دەڵێی شەککەر لەمەڕ عەنبەر لەگەڵ ئارەق لە مینادا
به چشم اشکبارم عکس روی و موی جانان بین شەو و ڕۆژ ڕۆژ و شەو هەردوو لەنێو عەقدی سورەییادا
بهای بوسه‌ی ناکرده جان باشد به چشم اما دەمت وا بێنە - چاوم - قەد بووە گەوهەر لە دەریادا؟!
فغان و گریه‌ی دل از غم روی تو در زلفت دەڵێی بۆ گوڵ دەناڵێ شەو لە نێو بولبول لە سەحرادا
وفایی! تا منم گریان و سوزان در پی یارم تەمەننام هەر لە یارە گەر بە ئاو و ئاورمدا دا

7 edit

بە خۆڕایی نییە سووتاوی ڕووتە عاشقی شەیدا لە ڕووتی دیوە جیلوەی ئاتەشی سینا لە سینەیدا
کوتم: عەقدی سورەییا ماهی من تونگی شەکەرنەی بوو کەچی بۆ ڕاستی ئیعجازی خۆی یارم لە خەندەی دا
عەسای فەتحی مووسا کول بوو بە موعجیزە شکافی کرد کە فیرعەونی خەتی هات و ئیحاتەی تووری کوڵمەی دا
درۆت فەرموو حەزم بێ نایەڵم، گەر ڕاست دەڵێی سادەی! فەرەنگی قەومی دەججال - ئەی مەسیحا - دەوری کەعبەی دا
لە سینەمدا چ شیرین دڵ دەناڵێنێ بە مەحزوونی وەرن لەو شیوە گوێ بگرن بە شین و شیوەنی نەیدا
مەکەن مەنعی وەفایی چونکە سەرگەردانی جانانە لە سەر دینی کە شێخی خانەقا بردی کە تۆبەی دا

8 edit

سەری کوڵمت لە نێو زولفی سیادا ئیشارێکە لە نووری شەوچرادا
سجوودی بردە ئەبرۆت ڕۆژ لە سەر ڕوو شەوی دوێنێ کە تۆ زولفت وەلادا
ئەمن چاوم لە ڕۆژ وا پڕ لە خوێن بوو کە ئاوێنەی جەمالی خۆی جەلا دا
شەو و ڕۆژ هەر لە فیکری زاری تۆ دام بە هیچێ عومری شیرینم بە با دا
ئەرێ ڕۆحم بە لێوی پڕ لە خەندەت ئەرێ هۆشم بە چاوی سورمەسا دا
لەبەر تاقی برۆت بمرم چ نابێ کە من شا بم لە بن باڵی هومادا
مورادی ڕۆحمە بۆیە وەفایی! بە دڵ ماچێ لە غونچەی لێوی نادا

9 edit

نەسیمی بادی نەورۆزی شەمیمی عەبهەری هێنا بەریدی عاشقان دیسان پەیامی دڵبەری هێنا
نەوید، ئەی عاشقانی دڵفگار! یار هاتە سەر خەندە سەڵا، ئەی بولبولان! دیسان درەختی گوڵ بەری هێنا
مەگەر ڕێی کەوتە زولف و ڕووی حەبیبم بادی نەورۆزی؟ حەیاتێکی بە دنیا دا و بۆی گوڵعەنبەری هێنا
بە فەتحی دڵ دەڵێی یار زولف و سینە و ڕووی وەدەرناوە لە نەسرین و گوڵ و سونبوڵ بەهار هات لەشکەری هێنا
دەڵێی چاوی منە هەوری بەهاری دەم بە دەم دەگری دەڵێی ئاهی منە بەرقی درەخشان ئاوری هێنا
هەوا چوو پڕ بە دامانی دەر و دەشتان، گوڵی کێشا سەبا هات پڕ بە جەیبی کۆهساران، عەنبەری هێنا
لە نێو بەزمی وەنەوشە و جۆکەناران، لالە پەیدا بوو بە تاریکی خزر بۆ چەشمە شای ئەسکەندەری هێنا
کە ئیسلامی بەهار فتوای جیهادی کافری دەی دا سنەوبەر نێزە، گوڵبون گورز و سۆسەن خەنجەری هێنا
نیسارئەفشان بە پایەندازی سوڵتانی بەهار هاتن سەمەن دیبا، شەقایق ئەتڵەس و گوڵ مەخمەری هێنا
لە شایی دارە، گوڵ مەسنەدنشین بوو هاتە پشکووتن چەمەن تەختی زوموڕڕود، گوڵ لە یاقووت ئەفسەری هێنا
لە بەزمی نێرگس و نەسرین بە دەفعی چاوەزاری گوڵ وەنەوشە دەستە دەستە عوود و، لالە مەجمەری هێنا
لە مەیخانەی چەمەن بەزم و تەرەبیان گرت قەدەحنۆشان شەقایق بادە، زەنبەق شیشە، نێرگس ساغەری هێنا
لە چەهچەی ساز و نەغمەی عەندەلیبان سووت هەموو دونیا سەدایی تارزەن، ئاوازی خۆشخوان، ئاوری هێنا
حیکایاتی غەریبی پێیە بولبول جوملە خۆکردی دەڵێی چاپاری ئێران ڕۆژنامەی ئەختەری هێنا
بە شەوقی ڕوویی لالە و گوڵ لە باغان وا چراغانە دەڵێی باغی جینان ئەمساڵ بەری حۆر و پەری هێنا
لە گوڵشەندا ڕەیاحین مەست و شادابی هەوای خۆشن دەڵێی ڕیزوانە بۆ ئەهلی بەهەشتی کەوسەری هێنا
شکۆفە و گوڵ بە خەندە و عیشوە ئارامی دەروونیان دا بەهار بۆ خەستەکانی خۆی چ شیر و شەککەری هێنا؟
بە زەرد و سوورەوە خەمڵیوە بۆ دامادی بولبول هات وەرەق میعجەر، ئەرز گوڵگوونە، شەونم زێوەری هێنا
هەموو کەس چاوەڕوونی لێک دەکەن وەک سورمەیان دیبێ مەگەر بادی سەبا خاکی گوزاری دڵبەری هێنا
چ دڵبەر؟ ئافتابی ماهڕوویان و شەکەرلێوان! بە خەندێکی لە سەحرا گوڵ لە دەریا گەوهەری هێنا
بە بێ شاباشی سەر، بە قسەی وەفایی گوڵچرا نابێ کە بولبول هەر زمانی هەن، وە پەروانەش سەری هێنا

10 edit

غەمزە و نیگەهـ و ڕوو لە خەمی زولفی دو تا دا وەک نەشئە لە مەی، زوهرە لە نێو شامی سیادا
تۆی جیلوە دەکەی یانە مەلاییک لە سەمادا؟ خەندەی گوڵە وا عەتری لە شەبنم بە سەبا دا
یاخود ز شکرخنده عرق کرده لبانت؟
ساقی بە سەری نەرگسی ئاهوویی تەتاری بەو چاوە خۆمارەت بدە جامێکی بە یاری
تۆ خەندە ببارێنە ئەمن گریە بە زاری جامی مەی و خەندەی گوڵ و بارانی بەهاری
زین هر سه توان گشت من پیر، جوانت
ئەی زولفی ڕەشت قافڵەسالاری تەریدان بنواڕە! سەفی عاشقی غەمدیدە لە چیدان؟
هێندەت بە جەفا خەنجەری موژژەت لە دڵی دان خۆ وەختە بگاتە کەمەرت خوێنی شەهیدان
کی باز کشی آخر از این عزم، عنانت؟
بەو چاوی سیاهت کە دەڵەی ئاهویی چینی قەد وا دەبێ تۆ خۆش دڵ و ئەمنیش بە حەزینی؟
ڕوومەت گوڵ و قەد سەروی ڕەوان زوهرەجەبینی مەهـ عاریز و سیمین کەمەری تۆ بە یەقینی
بگذار در آغوش کشم سرو روانت
بۆ قەتڵی وەفایی کە بە دڵ ئەو گوڵی خەندان فەرموویە بڕۆ نێرگسی سەرمەستی بە موژگان
قوربانی نیگاهی بوو بە غەمزێکی دڵ و جان نەمدیوە دوو نیشانە بە تیرێکی لە ئینسان
قربان شوم ای تُرک به این تیر و کمانت

11 edit

هەر کە دی جەننەت بە ڕوودا زولفی پڕتابی شکا تاری سونبول، حورمەتی گوڵ، بەرگی سیرابی شکا
ماهی شەوئارام بە خەندە هات نیقابی کردەوە ئاسمان نەزمی سورەییا، شەوقی مەهتابی شکا
کارگا خاکی بە سەر، وەستا بە ڕوو و سینە و برۆت! نرخی قاقوم، قەدری خەز، بازاڕی سنجابی شکا
دەوری تووری کوڵمی دا فیرعەونی خەت چارەی نەهات ئەی درێغا! سەد کەڕەت مووسا بە بێ تابی شکا
تاقی پەیوەستی برۆت وا بوو بە قیبلەی خاس و عام کەعبە گەر بۆ خۆی بزانێ پشتی میحرابی شکا
کەس نییە لەو نوکتە حاڵیم کا وەفایی! دڵبەرم خۆی دەمی هێنا، ئەمن گەستم، دڵی بابی شکا!

12 edit

غەمزەدەی زولفم بە غەمزەی چاوی حەیرانم دەکا بەستەیی داوم خەدەنگی تیرەبارانم دەکا
عاشقی زارم لەسەر هیچ ئەو نیگارە دەمکوژێ تیفلی نادانم لەسەر ماچێ لە گریانم دەکا
داعیەی ئاوێنە دینی کوفرە نەک ڕوحمێکی بێ حەقیەتی بەو چاوە کاڵانە کە تاڵانم دەکا
یاری من هەرگیز لە قەتڵی عاشقی پەروای نییە چونکە ڕوومەت شەمعە بۆیە حەز بە سووتانم دەکا
ئاو لە چاوانم لەبەر زولف و عیزارت دێنە خوار دووکەڵی ئەو مەجمەرە هەردەم لە گریانم دەکا
من دەڵێم: یاقووت و ڕەیحان خەتتی کامیان خۆشترە؟ ئەو بە عەییاری ئیشارەی لەعلی خەندانم دەکا
قامەتی تۆ نەخلی توورە تەلعەتی تۆ نووری توور دەم بە دەم وا وەجهی جیلوەت مەست و حەیرانم دەکا
فیکری زولفت عیللەتە، وەسفی دەمت ناکەم بە دڵ نیکتەگۆیی پیشەمە هەودای پەرێشانم دەکا
ڕوو لە ئەبرۆی تۆم دەکا چاوت بە موژگانی کەچی قیبلە نیشانم دەدا، کافر موسوڵمانم دەکا!
پێم دەڵێ: بگری وەفایی گەر ئەسیری لێومی یەعنی مرواریم دەوێ، چی نرخی مەرجانم دەکا؟!

13 edit

گەردشی چاوت قەراری عاشقی مسکین دەبا ساحیری چاوبەستە، ئارێ، دڵ دەکێشێ دین دەبا!
قیبلەکەم بەو زاری هەر وەک غونچە بۆیە پێکەنی تا بڵێن خەندێ لە گوڵ بێ ئابڕووی پەروین دەبا
من کوتم: گرتی حەبەش کەعبەی جەماڵت؟ ئەو دەڵێ: کاروانی میشکە بۆ شاری گوڵ و نەسرین دەبا
گەر ببینێ تاقی پەیوەستی برۆت فەرهادی چین ڕۆحی شیرینی بە قوربانی، بە سەد ناڵین دەبا
پێچ و تابی زولفی خاو و ڕەمز و غەمزەی سیحری چاو ئەو لە لایێ رۆح دەکێشێ ئەم لە لایێ دین دەبا
نەشتەری چاوی حەبیبم دێ بە سینەمدا دەچێ مەرهەمی نازی تەبیبم بۆ دڵی خوێنین دەبا
من وەها مەستی گوڵەندامم کە نازانم ئەبەد هۆشی من دوگمەی تەڵا، یا ساعیدی سیمین دەبا؟
تا وەفایی لەو دەرە بێت و بچێ مەنعی مەکە سورمەیی خاکی دەرت بۆ چاوی پڕ ئەسرین دەبا

14 edit

لێوەکەی ئاڵت دەڵێن عاشق لە سووتان بەردەدا زەڕڕەیەک نوورە بەڵێ ئاگر لە ئینسان بەر دەدا
من لە سیڕڕی حیکمەتی چاوت عەجەب ماوم، عەجەب! ئەو نەخۆشە خوێنی قەلبی من بە موژگان بەر دەدا
ئەژدەهای زولفت تەلیسمێکە لە سیحری بابلی میهری ئاگر شوعلە دەگرێ، ماهی تابان بەر دەدا
هیندوویی خاڵت وەنێو باغی جەماڵت کەوتووە باغەبان خانەخەرا بێ! بۆچ گوڵستان بەر دەدا؟
لێوی یاقووتت ئەگەر قووتی ڕەوانی عاشقە پێم بڵێ وەجهی چییە ئاگر لە ئینسان بەر دەدا
زاری تۆ گوڵزارە خۆ، بۆچ ئابی حەیوانی هەیە؟ سەروی تۆ ئازادە، بۆچ نارنج و ڕوممان بەر دەدا؟
لێوی ئاڵت چاوی کاڵت بوونە فیتنەی دین و دڵ حەقیەتی - باللّه - وەفایی دەست لە ئیمان بەر دەدا!

15 edit

ما رأيتُ اللیلَ إن من لحظة صار الغدا في الذوایب وجهك أم فی الدجی شمس بدا؟
قەت نەهاتە دەست و جارێ نەبوە ئارامی دڵم تا قیامەت داغی زولفانت لە جەرگی ئێمەدا
بمکوژی، سەد جار دەرم کەی، ڕووی من و خاکی دەرت کیف يحْرَم سائڵ مِن بابِك حاز الندی؟
ئاگری عیشقت لە ڕۆحم بەربووە سەر تا قەدەم وەک نەیستان هەر دەسووتێم مات و خامۆش بێسەدا
دڵ بە مەحزی ڕوئیەتی زولفت بە ڕوودا کەوت و مرد مرد و نەمزانی: نە گەنج خستی نە ماری پێوەدا؟
چەند بە ناز دێی و دەچی سەرخۆش و شۆخ و شەنگ و مەست ئەی گوڵی نازدار، ئیلاهی، بای خەزانت لێ نەدا
باغ دەبێ هەر گوڵفرۆش بێ، یار کە دێتە پێکەنین «با» دەبێ عەنبەر بە با دا، ئەو کە زولفان با دەدا
دین و دڵ سەبر و قەرارم چۆتە ڕێگای یەک نەزەر تۆ بڵێی ئەو شۆخە وا سەرمەستە قەت بێتە ڕەدا؟
بۆچ برۆم لێ تێکدەنێی ڕووت وەردەگێڕی چاوەکەم؟ کابە کەچ بوو؟ قیبلە گۆڕا؟ ماچێکم لەو لێوە دا!
دەست و دامان زولفەکەت کەوتۆتە بەر پێت و دەڵێ: تۆ غەنی من بێنەوا، تۆ پادشاهـ و من گەدا
خەندە بەم شیرینییە، دەم بەم نموونەی حیکمەتە قەت وەفایی نەبوە وا خۆش بێ، خەبەر بێموبتەدا!