313101دیوانی کوردی — پیتی ز1850کوردی
دڵ لە میحنەت کەیلە ئەی پیری موغانی بەزم ساز! هەر ئەتۆی بۆ بارەگای عەیش و تەڕەب مەسنەدتەراز
مەی حەرامە گەر بە فتوای موفتی و قەولی جەدید پیری من جار جار بە قەولێکی قەدیم داویە جەواز
بانگ کەنە زاهید نومای ڕەندانی گۆشەی خانەقا بێن، کە وازە دەرکی مەیخانان و خەڵوەتگاهی ڕاز
خابی غەفڵەت نازڵە بۆ چاوی شەحنە و موحتەسەب دەرفەتە جامێ ئەسەر کێشێ بڵا بێ ئیحتیراز
با بە شەرتێ بادە مەردئەفگەن بێ، ساقی نەوجەوان دیدەمەست بێت و کڵاو کەچ کات و دوگمەی سینە واز
زولف و کاکۆڵ و غوڵامانەی هەموو ئەفشان بکا بێ بە زانوودا بدا جامێ بە عیشوە و شەرم و ناز
دەستی یار و گەردنی قەڕڕابە، لێوی جامی مەی فێس و تەڕلگ بگرێ دەوری دیدەیی وەک باز
خاوکەرەی خانمە قەنارەی سۆڵ و سەوزەی نەسمە جان ڕەقسی سەمکە، نازی شەهبە، ئاشووب و غەمزەی سەروی ناز
دائیرەی میسری چەقانەی گەوهەر و لەنجەی سەمەن دەنگی چاوەش بێ بڵا ها دێتە گیانم بێ نەواز
ئاغە زەننوون لێ بدا، سینە کەمان، حارس گرفت ئەلکە تەنبوور و دەف و ئەسعەد بدا دەستێ لە ساز
مستۆ ئیبراهیمی ئاوڕەحمان نەوا و فەتحی حەزین مستەفا ناری و سێگا، یۆنس بڵێ دەشتی و حیجاز
با ڕەسووڵ هەڵداتە ڕاست، ساڵح بڵێ نیوەشەوێ محێدین چوارگاهـ و قەرە دەنگی بڵند کا بۆ قەزاز
جار بە جار بە کزێکەوە هەڵسێ لە پەردەی زاهیری یارەکەی عاشق کوژ و مەعشووقەکەی دوژمن نەواز
موتریب ئەر وا بن فیدایان بن نەکیسا و باربود ساقی ئەر وا بێ بە قوربانی دوو دیدەی بێ، ئەیاز
مەجلیس ئەر وا بێ هەزار جەمشیدی جەم فەڕڕاشییە مەی ئەگەر وا بێ بەهای جامێکی، ئێران و حیجاز
ڕێ مەدەن لەو بەزمە شێخی تەکیە و سۆفی خانەقا کۆنەلۆتی جندە پەروەر، سپڵەیی بەچچەنەواز
وا فەرەج بۆ نیک بەختی بێ بچێتە سەر حەقیق کووسی ڕێحلەت لێ بدا دەرچێ لە مەنزڵگەی حیجاز
وا نییە کوردی مائیلی ئەو جۆرە ئەتوارانە بێ لازمە شاعیر لە هەر چەشنێ بڵێ بۆ ئیمتیاز