دیوانی کوردی/ێ
1
editدڵ گرفتاری غەمانە چاوی جانانی دەوێ | لەعلی لێوی شەککەرین و گەوهەر ئەفشانی دەوێ |
حەپسی چاهی میحنەت و دەرد و غەمی تۆیە مودام | بۆ شفایی دەردی خۆی وا ماچی کوڵمانی دەوێ |
زەخمەکەی دڵ کارییە هەرگیز عیلاجی ناکرێ | وا لە گوڵزاری جەماڵت دەستە ڕەیحانی دەوێ |
گاهـ بە وەسڵت دڵ فەڕەحناکە لە غەم ئازاد دەبێ | مەستی جامی عوشرەتێکە قەترە بارانی دەوێ |
بەسکی سەرگەردانی عیشقە ئیختیاری بۆ نییە | میسلی غونچە و زاغە و سیبی زەنەخدانی دەوێ |
غەرقی بەحری حەسرەتە بیماری تیری غەمزەیە | ماچی کوڵمەی ئاڵ و لەعلی لێوی خەندانی دەوێ |
هیجری ئەمڕۆ شەوقی دیداری بە سەردا کەوتووە | تەشنەیی دیداری تۆیە ئابی حەیوانی دەوێ |
2
editئەمان! مردم عیلاجێ، سا لە ڕێی پێغەمبەرا چارێ | ویسال یا قەتڵ یا تەسکین لە هەر سێ بۆم بکەن کارێ |
وەها سووتاوم ئەسڵەن تابی فەریادم نەما سادەی | ڕەفیقان نیوە سووتن، ئێوە نامەرد، عەرزە هاوارێ |
لە کونجی سینە دەنگی ئای و ئۆی دڵ دێ بە مەحزوونی | وێران بێ، نەمدی ساتێ لێی نەیە ناڵەی بریندارێ |
ئەلای هەرکەس دەچم مەنعم دەکا خۆت بۆ چی ڕیسوا کرد؟ | درێغ کوا حاڵ زانێ؟ ڕەببی تووشم بێنی بیمارێ |
لە ژێر باری خەما وا شانی سەبرم ڕێشە ئێستاکە | فیراقی یار لەبەر ئاخر شەڕی لێم بوو بە سەربارێ |
لە نەزعا پێی دەڵێم قوربان جەفا بەس بێ دەڵێ کافر | ئەمە چیت دیگە؟ تۆ سەگ مەرگی کارم ماگە پێت جارێ |
سەبا! یارانی مەجلیس گەر هەواڵی من دەپرسن لێت | بڵێ کێشاویەتە مەیخانە چاوی بێچووە عەییارێ |
دوڕ و یاقوت دەبارێ لەم کەلامە شیرینەی کوردی | خوا سا کوا لە دنیادا قەدر زانێ، خەریدارێ؟ |
3
editلاوی قەد لاو لاوی من گەر بێ بە ناز چاو هەڵبڕێ | وا دەزانم شێخ لە من زووتر لە ئیمان وەرگەڕێ |
ڕۆژێ بێجام کرد و ساتێ چوومە لای شێخ بۆ سەماع | وەک کوزە کەمتیاری پێ بێ دەسبەجێ لایدام لەڕێ |
واعیز ئەمڕۆکەش ئەوا هەڵواخوری کەوتۆتە یاد | نەک لە ڕێگەت لابدا گوێ مەگرە لێی با هەڵتڕێ |
وا ڕەقیب دەستی بە فیشاڵ کردەوە وەک بای غەزەب | بۆیە وا ئەمشەو لە بەزمی یار چرای من ناگڕێ |
خوێنی من بۆ شوێن ونی دەسڕێ بە پەنجەی قاتڵی | وەختە خۆی ئەنگوشت نما کا لێی گەڕێ با بیبڕێ |
تیغ بە ملما دێنێ و بە درۆ دەڵێ نابڕێ قوبان | تیغی تۆ بوڕڕەندەیە هاوارە بەختم نابڕێ |
پێم دەڵێ کوردی خۆ تۆ عاقڵ بووی بۆچ شێت بووگی؟ | سیحری چاوی خۆت نەدیوە، حەقتە لۆمەم کەی لە ڕێ |
4
editچاوەکەم! زانیوتە بۆ چی خەو لە چاوم ناکەوێ؟ | چونکە من پێشخزمەتم، پێشخزمەتان نانوون شەوێ |
ڕۆژ و شەو دایم لەبەر دیدەی خەیاڵم حازری | سا چ فەرقێکی هەیە بۆ من ئیتر ئێرە و ئەوێ؟ |
بەس نییە لێرە دەوێرم جار بە جار باست بکەم | نەمدەوێرا قەت لەبەر ئەغیار کە ناوت بەم لەوێ |
دڵ لە تاو زامی فیراقت دائیمەن زاری دەکا | ڕۆژ بە ڕۆژ مەنعی دەکەم، باز دەردی سەختە و ناسرەوێ |
عەقڵ و هۆشم داوە پێت لێشی دەتۆرێی ماڵ وێران؟ | دەوڵەتێکی مفت و بێ ساحیبە، بۆ چی ناتەوێ؟ |
گەر موخەییەر بم لە نێوانی بەهەشت و وەسڵی یار | وەسڵی تۆ بۆ من جەهەننەم پڕ لە جەننەت نامەوێ |
ئەی ڕەقیب! وێڵم لە دەستت لێرە بۆ لێم ناگەڕێی؟ | باوکە کوژتەت نیم ئەرێ هەی بەدمەزەب چیت لێم دەوێ؟ |
هەروەکوو کێوی دەماوەندێ سەرم پڕ شۆڕشە | قەت تەمی هیجران و خەم ساتێ لە دەوری ناڕەوێ |
گەردنی کوردی لە کێوی بێستوون مەحکەمترە | چونکە چەند ساڵە لە ژێر باری غەمایە نانەوێ |
5
editئەو سەرە بۆ چی بە دایم پڕ لە عەشقی یار نەبێ؟ | ئەو دڵە بۆ چی بە دایم عاجز و غەمبار نەبێ؟ |
بۆ دەڵێن عاشق کەسێ لاف و گەزافێ لێ بدا؟ | تا لە سەر گۆنەی نیشانەی جێگە گەزتەی مار نەبێ |
هەرکەسێ بێت و بڵێ من عاشقم باوەڕ مەکە | تا بە پەیکانی موژەی مەحبووبەکەی زامار نەبێ |
دڵ بە مەحبووبە مەدە مەششاتە گەر بێ و حیلەباز | ئەسمەر و قەد عەرعەر و خونخار و چاو بە خومار نەبێ |
گیان فیدای مەحبووبەیێ بێ دڵنەواز و حاڵزان | هەمدەمی ناکەس بەچە و هەم سوحبەتی ئەغیار نەبێ |
قەدری عاشق کەی دەزانێ چونکە تفڵە و بەدخووە؟ | تا خەتی موشکین لەسەر سەفحەی ڕوخی ئیزهار نەبێ |
ئەو جەفا و جەورەی کە کوردی لەو نیگارەی چەژتووە | سەد کە بێعار بێ دەبێ بۆ چی لە ڕوح بێزار نەبێ؟ |
6
editدڵ گرفتارە خودا چبکەم عیلاجی ناکرێ | زۆر زویر و عاجزە غەم دەستی لێ هەڵناگرێ |
غەم ڕەوێنێکی نییە بێچارە ساتێ بێتە لای | باری دەردی سووک بکا نەیهێڵێ غەم وا دایگرێ |
هەوری میحنەت بەرق و بارانێ دەبارێنێ لە تاو | بای جەفای دێ خێوەتی کەیفی دڵم هەڵنادرێ |
دڵ بە دەم دەردا دەناڵێ پێی خۆشە ئەم حاڵە زۆر | بەڵکە تەئسیرێ بکا فەڕشی وەفای بۆ ڕاخرێ |
ڕۆژ و شەو بەدکاری بێ فەڕ، کاری هەر بەدگۆیییە | وا دەزانێ هەر دەمێنێ ئەم سەگە قەت نامرێ |
کوردی دانیشە لە کونجی بێ کەسیدا دەنگ مەکە | بەڵکە پەیدا بێ لە بۆت جوابێ لەلایەن قادرێ |