دەبا ساتێکی ساکین بێ لە ناڵین قەلبی خوونخوارم
|
دەبا تاوێکی فاریغ بێ لە گریان چاوی خوونبارم
|
هەتاکەی غەرقی سێڵاوی سریشک و ئەشکی خوێنین بم؟
|
دەبا جارێ بە گۆشەی چاوی مەیلێکی بکا یارم
|
بە نای ناڵە و بە سینەی چەنگ و تاری غەم موهەییا بووم
|
بڵێن بۆ سەیری ئەم بەزمە دەمێ با وا بێ دڵدارم
|
دەرمکەی گەر لەلای خۆت، یا جوێنم پێ بدەی، ناچم
|
بە زنجیری دوو گیسووت چونکە پێبەند و گرفتارم
|
نییە تەئسیری وەعزت واعیزا! دەس هەڵگرە لێمان
|
کە موددێکە بە بادەی چاوی مەستی مەست و خەممارم
|
شەتی ئەشکم هەتاکەی بێ، مەگەر سەیحوون و جەیحوونە؟
|
بە چاوم کوت دەبا بەس بێ، وتی: ڕۆبار و جۆبارم
|
لەتاوی زولفی چین چینت ئەسیری چین و ماچینم
|
لەسایەی زولف و ڕووت، گا ڕۆژپەرەست، گا بەستەزوننارم
|
ئەگەرچی حیکمەتە دەرسم، لە حەڵقەی مەدرەسەی عیشقت
|
گەهێ دەرسم گوڵستانە، گەهێ مەشغووڵی تۆمارم
|
ترازا دوگمەکەی سینەت، سپێدەی سوبح زاهیر بوو
|
لە یەک مەشریق دوو ڕۆژم دی، بەجارێ بەو شەوی تارم
|
بڵێسەی ئاهی سەردم ئاسمانی شین و تاریک کرد
|
یەقین گوێی ئاسمان کەڕ بوو لەبەر فیغان و هاوارم
|
حەسەن! چەن خۆشە ناڵینت، ئەگەر یار بێتە باڵینت
|
بە شەرتێ بێتە سەر قەبرم، بە مردن زۆر منەتبارم
|