پێشوو و ئێستەم پەرێشانی بوو، ئاهو دەرد و غەم
|
جێگە وو دەورم لەبەر فرمێسکی چاوم بوو بەنەم
|
ئاگری سینەم بەفرمێسکم گڕی دانامرێ
|
داغە جەرگی ئاگرینم زەهر ئەنۆشم دەم بەدەم
|
گەرچی وەک ئاسک لە بێستانی وڵاتم گەشت ئەکەم
|
فائیدەی چی هەر وەکو ڕێوی گرفتاری تەڵەم
|
کەوتمە دەریایی داگر دەردی بێ پایانی تۆ
|
ڕۆڵەیی کوردم نەجاتم چۆن ئەدا مەرگە مەلەم
|
چوار سەد ساڵ بوو لە بۆ تۆرانییان ڕەنجت ئەدا
|
وا بەناهەق دەتکوژن بۆ تۆیە ئاهـ و وەلوەلەم
|
ڕووت و قووت و برسی وو بێ عیلم و جاهیل مایتەوە
|
تێگەیشتووی میللەتت سینەی بووە کانی ئەلەم
|
بێ بەشی عیلم و مەعاریف، سەنعەتن تۆرانییان
|
لاکن ئوستادی جیهانن هەر بەفیشاڵ و بەدەم
|
چەر کەس و کورد و عەرەبیان خستە دەردی ئەرنەود
|
بۆ خۆیان ماوەتەوە دنیا سەروژێر بێ چ غەم
|
گەر بنووسی کردەوە و بەدخووییی تۆرانییان
|
ئیکتیفا ناکا ئەسیری قاقزی دنیا و قەڵەم
|