سەرم دەردی سەری تووش بوو کە دوێ ڕوانییم بە دولبەردا
|
دڵم سەهوی گرانی کرد کەخۆی بەر شیپی خەنجەردا
|
بە عەقڵی خۆم قیاسی چاوی ئەو شۆخەم بە ئەختەر کرد
|
بە عیشوە چاوی بەرزۆ کرد هەزار جوێنی بە ئەختەر دا
|
مەلای بێ شور و بێ زەوقیش بە عەزمی پەندی بۆ من هات
|
کە یاری دی لە من بەدتر دڵی بەر نووکی نەشتەر دا
|
وتم بولبول بە دینی خۆت گوڵت پێ چاکە یا کوڵمی؟
|
بە بانگی ئاشکرا بولبول دووسەد تەعنەی لە شەسپەڕ دا
|
سوئالم کرد کە بۆچ چەرخی فەلەک وا شێت و شەیدایە؟
|
وتی من تیری برژانگم لە جەرگی بورجی ئەخزەردا
|
بە شمشێری برۆی جەرگی لەت و پەت کردم و فەرمووی
|
هەتا قەوسی برۆی من بێ چە ئێشت هەس لە مینبەردا؟
|
بە چاوی بێ غەرەز کاکە تەماشای شێعری قانع کە
|
هەمووی وەک لەعلە تێکەڵ بن لەگەڵ ملوێنکی گەوهەردا
|