دەردی غەمی دڵدارە کە وا عاجز و پەستم
|
وەرنێ بە بڵندی وەکوو لووتکەی ئەڤەرستم
|
ئەو شۆخە کە هاوسوحبەتی ئەییامی غەمم بوو
|
داغی جگەرم بۆ چی لەپڕ دەرچوو لەدەستم
|
غائیب لە دوو دیدە، وەرە سەربانی دوو دیدەم
|
بێ دیدەنی تۆیە شەو و ڕۆژ بادەپەرەستم
|
تەئسیری فیراقت منی خستۆتە خەیاڵی
|
لەو ڕۆژەوە ئەترسم کە بڕۆم بت بپەرەستم
|
ئەی یار بزانە سەبەبی مات و مەلوولیم
|
دووریی تۆیە غەمبارە بە دائیم دڵی پەستم
|
ڕازی بە قەزا، جەوری ڕەقیب تانەی ئەغیار
|
بێدیدەنی دیدارتە وەڵڵاهی مەبەستم
|
خۆزگە لە دووچاوی منەوە ڕووی خۆت ئەبینی
|
ئەوساتە ئەبی حاڵی کە بۆچ سەرخۆش و مەستم
|
من بووم لە ئەزەل هەمنەفەسی مەجلیسی ڕەندان
|
مەستی قەدەحی بادەخۆریی ڕۆژی ئەلەستم
|
عورفی سەرت وا دیارە لەگوێ قەبرە ئەلەرزێ
|
عومرم بە حەسابی سەری ساڵ سێ یەک و شەستم
|