دەردێکمان هەیە دەرمانی کەمە
|
زۆر کەس بەو دەردە کەوتە و پڕ خەمە
|
لەناو ئێمەدا بەستن مەشهوورە
|
بەیان کردنی نەختێ زەروورە
|
گەلێ جاهیلمان کە ژن ئەهێنێ
|
ناجووڵێتەوە عەمری نەمێنێ
|
ئەوەن وتراوە دەخیل هۆشت بێ
|
نەبەسرێی نەکوو بێت بە پەندی دێ
|
ژنەکەی دەردی ئەزانێ چییە
|
پێی ناڵێ ئەویش لە بێ ئەقڵییە
|
ئیتر لە پاشا لێی ئەبێ بە شێر
|
ئەم ئەبێ بە مێ و ئەو ئەبێ بە نێر
|
خەمناک و عاجز مات و پەشێو حاڵ
|
بێ نوتق و بێ دەنگ هەروەک کەڕ و لاڵ
|
ڕۆژ و شەو ئیشی هەر ئاخ و داخە
|
باوکیش دڵخۆشە ساحێب وەجاخە
|
توولی پێ نەدەین ڕێ ئەگرنە بەر
|
بە پاڕانەوە لە خوا و پێغەمبەر
|
نەجاتمان ببێ دۆستمان دڵشاد بێ
|
دوشمنمان کوێر بێ عومری بەرباد بێ
|
ئەڕۆن بە تەعجیل بە شین و گریان
|
بۆ خزمەت ئوستاد شێخی عازەبان
|
نابێ بۆی بەرن دوو دینار کەمتر
|
بە سەد مەعزەرەت بە هەزار خاتر
|
شێخ دێتە لایان ئینجا زووبەزوو
|
نیشانیان ئەدا نەختێ کوڵکووموو
|
ئەڵی مژدە بێ جنۆکەکەم هات
|
نەیزانی ئێوە هاتوون بۆ شکات
|
گرتم خەریک بوو بیخەمە ئاگر
|
لێم پاڕایەوە مەلعوونی کافر
|
سوێندی بۆ خواردم ئەو بە ئەدیانی
|
مەرەخەسم کرد چوو ئەمەی هانی
|
ئینجا واهیمەی لەسەر لا ئەچێ
|
ڕەگی ئەجووڵێ کابرا جێبەجێ
|
شێخ ئوسووڵەکەی لێ حاڵی ئەکا
|
کابرا ژنەکەی خۆی ماڵی ئەکا
|
ئەم دەردە تووشی دانایان نابێ
|
هەرکەس دانا بێ وەها دانا بێ
|
بۆ چی ئەجنەبی بەستنیان نییە
|
مەراقم زۆرە پێم بڵێن چییە؟
|
جوابی دامەوە شەخسێکی هوشیار
|
وتی گوێ بگرە پێت بڵێم ئەی یار
|
لای ئەوان جن و دێو هیچ نەماوە
|
پاکیان دەورەیان لە ئێمە داوە
|
ئەمان فەنباز و ئەوان فەنبازن
|
لەگەڵ یەکترا مەعلووم ناسازن
|
هەر ئێمە ماوین وەحشی و هیچ نەزان
|
جێگەیان خۆشە لە ئێمە ڕەزان
|