خوا با بەس بێ دەرەلنگ دڕاو
|
بەس بێ موحتاجی بۆ نان و بۆ ئاو
|
چل و دوو ساڵە من دروست کراوم
|
ڕزقی ساڵێکی خەڵقت پێ نەداوم
|
دەست بڕیوم لە هەموو لایێ
|
بە هیچ کلووجێ تەسەلام نابێ
|
بۆ لای هەرکەسێ کە پەنا ئەبەم
|
داوای ڕبەیەک گاڵی لێ ئەکەم
|
ئەڵێ خەم مەخۆ خوا ڕەزاقە
|
پیاوی بێ باوەڕ مەعلووم فاسقە
|
تەواو لێم ئەگرێ ڕێگەی ڕووناکی
|
ئەمکا بە فاسق لەباتی چاکی
|
یا ئەڵێ هەرکەس کە دیانی داوە
|
مەعلووم کە دیانی بۆ نان داناوە
|
توخنی حیکمەتی خوا نەکەوی
|
سەری بێ ڕۆزی وا لەژێر زەوی
|
تۆ دیانت دامێ نانم پێ نەخوارد
|
هەموو هەڵوەرین بەهەناسەی سارد
|
نیم لە ژێر زەوی و ڕۆزیشم نییە
|
ئیتر شاردنەوەی فایدەی چییە؟
|
خوا با بەس بێ قسەی بێ سەمەر
|
وەعدەی من و تۆ، دیوانی مەحشەر
|