دەوری زەمانە وەها گۆڕاوە
دەوری زەمانە وەها گۆڕاوە | یاریی پێشوومان مۆدەی نەماوە |
یاری ڕۆژ جوێ بوو، کوڕگەلیش بە شەو | بەزم و ئاهەنگ بوو تا دەکەوتنە خەو |
فنجانێن، گەنم گەنم، مشعەران | ڕێوی چوو لەگەڵ سیخورمە لێدان |
ڕۆژیش شەڕەتۆپ بە دووبەرەکی | کە ئەیشهاتنەوە شەڕەگەڕەکی |
کەوشەک و یەکەوحەیزەران باو بوو | بە بابی بابی کەر خواپێداو بوو |
کە ئەیان پرسی کەر سوار بێ یا سوار؟ | بیوتایە کەر! سوار ئەهاتە خوار |
وەک ئێستا سواری ئەدرایە کەر | بەڵام دەورێکیان نەئەبردەسەر |
قەلەمردارێش وەک ئێستە دوونان | بە تەڕووشکی ئەبوون بە چوار نان |
ئەوسا ئەیانگوت نادان پەسەندە | دانا بە پارە ئەکا بە بەندە |
گڕ و پفێکە ئاگری دزان | دوایی کە گیران ئەکەونە زیندان |
کەچی درۆ بوو ئەو تەسەلایە | دز و پارەدار لە برەو دایە |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 983
1949/09/29
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|