دەورە وای هێناوە ئیمڕۆ شەمعی دیوان پارەیە
|
نەشئەبەخشی خاتری بەزمی حەریفان پارەیە
|
پارەیە دەرد و نەخۆشی نایەڵێ غەم لا ئەبا
|
بۆ دەوای دەردی دەروونی دەردەداران پارەیە
|
شێر بە گوێ بگرە وەیا خود جەوهەرت لێ بێتە خوار
|
نایەتە بەرچاو برادەر شاهی مەردان پارەیە
|
گەر بزانێ یا نەزانێ هەردوو یەکسانە لە لای
|
ئەهلی ئەم دەورە و زەمانە حورمەت و شان پارەیە
|
حورمەتت نابێ بە قەد پووشێ ئەگەر پارەت نەبێ
|
پارەیە عیزز و بڵندی سەدری دیوان پارەیە
|
پارەدارە کاکی خۆم باڵانشینی مەجلیسە
|
شەوچراغی مەجلیس و بەدری درەخشان پارەیە
|
دینی چی ئیمانی چی دینارە سەربەرزت ئەکات
|
حافزی جەمعی شەریفی دین و ئیمان پارەیە
|
پارە یاخۆ مەنسەبت بێ با کە خۆت هیچیش نەبی
|
پێشڕەوی سەد ئەهلی عەقڵی فەرموو قوربان پارەیە
|
ڕاستە خوا ڕاستی ئەوێ پەردەی نهێنی لابەرە
|
بێینە سەر ڕێی حەق ڕەواجی حوکمی شاهان پارەیە
|
نەوەک وەکوو من موفلیس ئەبێ لە دونیا و ئاخرەت
|
جنة الماوىت ئەوێ دیسان بە قورئان پارەیە
|