زۆردار کە لێکەوت بایەزیدێکە
زۆردار کە لێکەوت بایەزیدێکە | بای ڕێکەوت بیبا یا یەزیدێکە |
«إِنَّ اْلإِنْسانَ لَیَطْغَی» دیارە | کردەوەی خواری بەندەی بێعارە |
هیتلەر بە غروور هاتۆتە مەیدان | «أَنَا رَبُّکُم» ئەڵێ بە جیهان |
بەڵام ئەو تەونەی گرتوویەتە دار | نایتەنێ بۆ کەس دەستی ڕۆژگار |
ئەو کەسەی کەوا زۆر بەرز ئەفڕێ | کە کەوتە خوارێ هیلکی ئەبڕێ |
لەو ڕۆژەوە خوا دنیای داناوە | هەمووی بە جارێ بە کەس نەداوە |
ئەو دەوڵەتانەی دڵ بریندارن | کێ دەڵێ لەگەڵ قاتڵدا یارن |
برینی ناحەق قەتماغەیش بێنێ | بیر ناچێتەوە، ئێشی دەمێنێ |
دونیا شێواوە و پشتمان نەوییە | سا بزانین خواستی خودا بە چییە |
دەست بە کڵاوی خۆمانا بگرین | بۆ خوێن ڕشتنی ناڕەوا بگرین |
ئێمە شەڕکەر نین، هیچمان لێنایە | بە فێڵ گرانی دێنێتە کایە |
«ڕازیانە» لەبەر دەرگامان بارە | کەچی زگ یێشە کەوتە ئەم شارە |
کاری ناڕەوا تاسەر نامێنێ | خوا حەقی «بزنی بێ شاخ» ئەسێنێ |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 612
1940/11/28
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|