زۆر توولی کێشا، «عەزیز» هیجرانت!
|
لاڵ بم نابینم مەیلی جارانت
|
چ قەوما ئەوساڵ لەبەر چاو کەوتم؟
|
چلۆنت دڵ هات لە دڵ دەرکەوتم؟
|
لە چێشتانێڕا تا بانگی شێوان
|
چاوم لە ڕێدا، لە دەشت و کێوان
|
چاوم هەر لەڕێی «کانی کووزەڵە»
|
دنیام لەبەر چاو تەم و دووکەڵە
|
ساڵان هەر مانگێک، مایەی حەیاتم!
|
یا تۆ دەهاتی، یا من دەهاتم
|
هەر هاتەهات بوو ئەوساڵ، نەهاتی
|
ئەویش بەدبەختیم مایەی نەهاتی
|
دەورانی دووریت وشکەسەرمایە
|
لە بەختی ڕەشمە، باش ڕەشەبایە
|
هەمڕازی شەوێم فیکر و خەیاڵت
|
ڕەفیقی ڕۆژێم یادی جەماڵت
|
ژینی بەبێ تۆم ناخۆش و تاڵە
|
وەتاغم زیندان، ماڵم پێ چاڵە
|
هەناسەی ساردم، فرمێسکی گەرمم
|
بەستوویە لەسەر ڕووی زەردی نەرمم
|
شەوانم شین و گریە و ڕۆڕۆیە
|
ژیربوونی ڕۆژم بۆ هاتنی تۆیە
|
ڕاستت پێ بڵێم «عەزیز»، براکەم!
|
ناژیم، نامێنم، بێ تۆ هەڵناکەم
|
موژدەی هاتنت «ئەولێ» پێی داوم
|
بەو بۆنە دەژیم، هەر بۆیە ماوم
|
هیلالی ئەبرۆت چونکە نەبینرا
|
جێژنمان تێک چوو، ڕۆژوو نەگیرا
|
ڕۆژووشم بێ تۆ لێ قەبووڵ نابێ
|
سەرفترەش بدەم، سەرم چا نابێ
|
نوێژ و ڕۆژووی تۆ یاخودا قەبووڵ بێ
|
جێژنت مبارەک، حەجت وسووڵ بێ
|
لە ئینتیزاریت عەیشم نەماوە
|
هەر لەحزێک حەسەن سەد جار کوژراوە
|
زووتر نووسیبووت لە دەی دوایە
|
کە دێم و دەچین بۆ خانەقایە
|
ئەو دەیە ڕۆیی ئەوا دەی دیش هات
|
دەی مانگیش گەیی لە سەرمان نەهات
|
ئەوە دوو ساڵە مەحروومم لەوێ
|
بە حاڵی من بێ هەر کەس تۆی نەوێ
|
هەر کەس بە تەمای دین و دنیا بێ
|
دەبێ لەو دەرکە خاکی دەرگا بێ
|
قیبلەیە بۆمە، زۆر لەمێژ ساڵە
|
ڕووی لێ وەرگێڕین، نوێژمان بەتاڵە
|
فیکر و وەسوەسە و خوتوورە و خەیاڵ
|
نامێنێ لەوێ خواردنی حەڵاڵ
|
دڵ وەک ئاوێنە جەلای هەڵدێنێ
|
ژەنگی گوناح و ژاری نامێنێ
|
جێگا و بارەگای شەمسی بورهانە
|
شەیتان وەک شێتان لێی سەرگەردانە
|
ڕۆژ، لە عاسمانێ دنیا پاک دەکا
|
ئەو، لە ژێر عەرزی دین ڕووناک دەکا
|
فەرقی دەگەڵ ڕۆژ، عەرز و عاسمانە
|
دنیا ڕادەبڕێ، مایەی دینمانە
|
بۆخۆی فەرموویە: ئەو بستە خاکە
|
مەنعی بەرەکەت، قەت لەنگۆ ناکا
|
لەپاش من خۆتان بە کەس مەسپێرن
|
خوێنوو بڕێژن ڕوو وەرمەگێڕن
|
چەن خۆشە خەتمی پاش نوێژی شێوان
|
فەیز و بەرەکەت، جەزبە و پەشێوان
|
نوێژی سبەینان، پاش خەتمی قورئان
|
لە سووڕەی یۆسف یا ئالی عیمران
|