زیندانی ئەژدەهاک
ئەژدەهاک! زیندانت قەڵاقەڵایە؛ | دیواری کۆنکرێت، دەرگای پۆڵایە |
ئەژدەهاک! کون بڕە، سەختە زیندانت، | ناڕووشێ بە بڕبەن بەندی گرانت! |
هێزی لەش مرێنە کۆت و زنجیرت؛ | کارییە لە دەمار ناپاکیی بیرت |
دڵ ڕەقیت هەر تاوە چەشنە سزایە | بۆ بەندیی خاوەن هۆش ئەخاتە کایە |
هێند چەشن سەربڕ و زیندانەوانت، | سەرخۆشن بە خوێنی گشت بەندییەکانت! |
ئەژدەهاک! ئەی دێوی لە «بیر» زراوچوو، | ئەی ناشتای مارانت بە مێشک کردوو! |
ئەو مێشک تازانەی زنجیرت کردوون، | لە لێوی پێچاڵی مەرگا ڕاتگرتوون، |
چاوەڕیێ فەرمانن بە ڕێی نەهاتا | ببرێنە بەر تەناف لە نۆرە و کاتا، |
مێشکیان، ئامانجیان، هیوا و تاسەیان | لە پەتا بتاسێ وەک هەناسەیان! |
ئەمانە گشت ئەڕۆن، ئەیانڕەوێنی، | هیچ نەبێ لە بەندا ئەیانڕزێنی... |
بەڵام تۆ، ئەژدەهاک! لە هەڵپەی خۆراک | ناتوانی بکەوی بۆ ماری ناپاک؛ |
هەر ئەگری، ئەکوژی، ئەدەی لە گەردن، | مێشک دەرخوارد ئەدەی بە ماری نەوسن |
تا ڕۆژێک ئەو خوێنەی بە ناحەق ڕشتت، | ئەو بیرەی وات زانی ئێجگاری کوشتت، |
تاو ئەدەن تەنووری دەماری کاوە، | ئەو چەکوش وەشێنەی ڕۆڵە کوژراوە |
ئەخرۆشێ و ئەجۆشێ و کۆمەڵ یەک ئەخا، | هەر هەڵسا و ئەبینی زیندانت ڕووخا! |
ئەو حەلە هەر لاوێ لە زیندانتا مرد | ئەبێتە مایەی بەخ بۆ نەتەوەی کورد؛ |
لە بنکەی پەیکاریا ئەنووسرێ ناوی | لەگەڵ گشت کردەوەی پەسەندکراوی! |
1953
سلێمانی
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|