زەردەشتی
تازە گوڵ ڕۆیشت لە باغا، دڕکی پیر هەر مایەوە | گێژە هەرچی خۆی ئەخاتە گێژی ئەم دنیایەوە |
دادی ئایینمان لە دەست مەی نۆشی و ڕەشپۆشییە | هەژ بەسەر ئەو جەژنە یا سەرخۆشی یا سەر خۆشییە |
عادەتی جەژنی موسوڵمانانە یەکتر ماچ ئەکەن | جەژنی ئێستا ماتەمە ئەو ماچ و مووچە لادەبەن |
بێت و شەو تۆ بێیتە لام ڕۆژە حەرام پێویست نییە | بێجگە لەو تەشبیهە من پیشەم چراوەکوژێنییە |
زوڵف کە ڕووی داپۆشییایە، داد و هاواریان ئەکرد | خەڵکە! مانگ گیرا لە تەپڵ و دومبەڵەک دەن دەستوبرد |
ئێستە زوڵف بڕرا، شەهاب گیراوە، مانگگرتن نەما | حەیفە! هێلانەی دڵان شێواوە، بیبینە سەبا |
هێند بە ئازادی درۆ ئەم عالەمە پێی هەڵبەزی | کەوتنە ژێڕ قەیدی بڕین هەر قەیدی ڕووی زوڵفیان بڕی |
پیری بێ پیرە و لە سەرمانا دەماغم وا سڕە | ئێستە هاڵاوی لە پێڵاو و پڵاوی خۆشترە |
1942/01/15
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|