زەمانەیەکە کار بە زوبانە
زەمانەیەکە کار بە زوبانە | تیغمان زوبانە، چەوری هەسانە |
دەست و زوبانی پاک بێ زیانە | بەد زوبانییە ئافەتی گیانە |
هەر هەڕوگیڤە، هیچە و پڕوپووچ | لە پڕ خاوەندی ئەخا لنگەوقووچ |
درۆزن چەرمی ڕووی هێند ئەستوورە | درۆشی ئەگڕێ ئەو بێ فتوورە |
ئەوی جارێ درۆی لێ بووە بە خوو | پێی تەرک ناکرێ بیشکەوێتە ڕوو |
«پواسون داوریل» یەکی نیسانە | هەمانە هی وا، پڕ بە هەمانە |
دوور نییە دەوری درۆ بگۆڕێ | ناڕاست گۆڕ وایە بیخەیتە گۆڕێ |
دەرگای درۆمان دروومان بکرێ | درەختی هیوا بەرمان بۆ بگرێ |
ئەمڕۆ بە حیساب چلە تەواوە | شینەکەی خاتوو زەمهەریر ماوە |
ئێمە لاوانمان هاتوونە مەیدان | خوا یار بێ لامان بەهارە زستان |
بەردێکیش ئەدەین لە «بَرْدُ الْعَجوز» | ڕزگاڕمان ئەبێ لە دەست نازونووز |
ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 908
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|