ساقی نامە

ساقی نامە (1950)
by قانع
307313ساقی نامە1950قانع
دە ساقی بە حەقی پیاڵەی شەراب بە جەرگی پڕووزاوی هەر وەک کەباب
دەرونم لە خەم کەیک، کەللەم لە تەم جگەر پڕ لە زووخاو، دڵ پڕ لە غەم
بشۆرە بە مەی چڵک و ژەنگی دەروون چ مەی وەک چرای نوور ڕووناک و ڕوون
ئەوا فەسڵی نەورۆزە و وەعدەی گوڵە سەدای چەهچەهەی شیوەنی بوڵبوڵە
گوڵاڵە بە خەیمە سەمەن گڵ بە کوڵ سپی چووزەرە و ساق هەر وەک سەهۆڵ
لەبن قەڵبەزە و شاخ و تافا چنوور لەگەڵ بەرزەلنگ تێکەڵ و خوار و ژوور
کەمەر گوڵ گوڵ و بەر کەمەر ئاڵ و واڵ نمی شەونمە بێ دەغیلە و زەڵاڵ
وەنەوشە بە گەردەن کەچی وەک هەتیو دڵۆپە لە ئەشکەوت وەک شووشە زیو
چەمەن سەوز پۆش و چیا زەرد و سوور بریقەی سەرئاوان هەر وەک بلوور
***
دە ساقی بە میحرابی هەردوو برۆت بەناز و کرشمەی دووچاوانی خۆت
ژمارەی پیاڵەم مەکە تا بەهار نەچێ با بچێتە هەزاران هەزار
سەرم مەست کە با سوڕێ مەستانە دەم دەمم تەڕ کە با، نوتقی مەردانە دەم
بڕێژم بەسەر خاکەدا سیم و زەڕ بنێژم لەسەر بەردەدا سەوڵی تەڕ
کە هەر کەس لە سەوڵم گوڵێ بۆ بکا وەیا پارەیێ زێڕ و زیوم ببا
لە پەستی هەڵی سێنمۆ بێتە باڵ بەفڕکە لە فڕگە هەتا نووکی یاڵ
بکێشم قەڵەم وەک پەڕی جەبرەئیل فوارەی تەڕی نیکتە وەک سەلسەبیل
بنووسم سەراسەر بەیەک داستان لە ئێمە هەتا خلقەتی جن و جان
***
دە ساقی بەحاجەت ڕۆژی لانزار بەزەردی خەزان و بەسەوزی بەهار
من و خۆت و مەجلیس بە مەی داگرە کە مەستی لە سستی گەلێک چاترە
دوو گوێم پڕکە پەی پەی لە قەهقاهی جام شەکر دە، وەکوو تووتی بێمە کەلام
شەرابێ کەرەم کە! پیاڵەی بلوور نەوەم پشت بە پشت مەست بێ تا نەفخی سوور
ئەگەر سەرخۆشم کەی بە دوو جامی مەی ئەڕێژم حکایاتی جەمشید و کەی
دە ساقی بەخاتر شەرابی دروست بە نەشئەی سەری لاوی میللەت پەرست
هەتا چنگ و چنگاڵی شەهبازی مەرگ لە سینەم سەری هەڵ نەداوە لە جەرگ
بڕێژە لە بارانی مەی سوبح و شام زڕەی ئیستیکان و جەلاجیلی جام
وەها سەرخۆشم کەی بەسەیرانی گوڵ لە مەیتیم دووسەد مەرگ مات و خەجڵ
***
دە ساقی بەسەر گەردی سەرپەنجەکەت بە گۆزەی بلورینی پڕ گەنجەکەت
بڕێژە و بگێڕە و بنۆشە شەراب بەناڵینی عود و بەزیکەی ڕوباب
وەها بم کە ئاگام نەبێ قەت لە خۆم کە خەم هات بەسەربەستی من خەم بخۆم
چ خۆشە بە مەستی بناڵێنی شەو چ خۆشە نەترسی لە ئەم یا لە ئەو
بە گەرمی سەرم با بسووتێ وڵات بە شۆری دڵم شێت ئەکەم کایەنات
سەدایێ بخوێنم بە سۆزی گرین مەلایتک بڵێن سەد هەزار ئافەرین
***
دەساقی بە عەشقی سەری پڕ هەوەس بەیادی برۆی چەوت و چاوانی مەس
کەرەم کە پیاڵەیێ گوڵی زەڕ نیگار هەتا فرسەتە ماوە وەعدەی بەهار
کە فەوتا بەهار و نەما نەستەرین من و بوڵبوڵیش دێینە سەر زار و شین
ئەمن هەر دەگریەم لەبەر داخی دڵ ئەویش هەر ئەزیڕێنێ بۆ بۆنی گوڵ
ببارێنە بەحری سەخا و کەرەم لەسەر دەرکە مێحنەت، لەدڵ دەرکە هەم
***
دە ساقی خوا حافیزی نازەکەت سەر و ڕۆح پێشکەش سەدای سازەکەت
بخوێنە بەدەم نازەوە فەرد، فەرد لەبەر دەفعی هیجران و تەسکینی دەرد
مقامێ بڵێ خوێنی دڵ بێتە کوڵ کە یادی زەمانەی قەدیم بێتە دڵ
چ خۆشە سەدای موزیک و چەنگ و نەی چ خۆشە من و ساقی و یار و مەی
چ خۆشە دەف و بەربوت و هەڵ هەڵە چ خۆشە سەدای شیوەن و وەل وەلە
هەتا زیندوم یەک دوو جامێ گران کەرەم کە بە فیدیەی قەزای باخەوان
کە مردم وەکوو شێخی سەعدی قەدیم لە ژێر خاکەدا ئەبمە عەزمی ڕەمیم
نە ئێستە ئەزانن کە من چیم و کێم نە کەس قابلە پێ بنێ جێگە پێم


This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
  • It is an anonymous work or pseudonymous work and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a work where the copyright holder is a legal entity or a work of applied art and 50 years have passed since the year of its publication
  • It is a photographic or cinematic work that is not compositive (artistic in nature) first published before 1 January 1999
  • It is work published in Iraq before 1 January 1954, and the author died before 1 January 1979
  • It is another kind of work, and 50 years have passed since the year of death of the author (or last-surviving author)
  • It is one of "collections of official documents, such as texts of international laws, regulations and agreements, judicial judgements and various official documents."
  • It is the work of a body corporate, public or private, published by January 1st, 1980 (Article 20, 1971 law).