سالیک دەبێ لەوحی دڵی سادە و سپی بێ شوبهی بەت
|
ئەوسا دەبێ سیڕڕی خودای تێدا بنووسن خەت بە خەت
|
ئەی موستەعید ئوستادی تۆ بەو جوملە بەحری عیلمەوە
|
چونکە سڕی عەشقی نەبوو بەو عیلمەوە خنکا لە شەت
|
هەرکەس سەماعی مەدرەسەی عەشقی حەقیقەت تا نەکا
|
تەرکیبی ئەشیاکەی دەکا بێ عەیب و نوقسان و غەڵەت
|
دەرسێ لە عیلمی عەشق ئەگەر تەحسیل بکەی بیکەیتە بەر
|
دنیا ببێ زیروزەبەر ڕێگەی خودا ناکەی غەڵەت
|
نەحوت هەموو مەحوییەتە سەرفت غەم و بێ سەرفییە
|
ئاداب و مەنتیق دەرئەخەی ناکەی بەیانی عەشق قەت
|
گەر تۆ موسوڵمانی لە سەر ڕێگەی شەریعەت لامەچۆ
|
ڕۆح و سەر و ماڵت هەموو هەر سەرفی مەولات کە فەقەت
|
شەخسێ حەکیمانە وتی ڕۆژێ بەجێ دێ کامی دڵ
|
وا شیوەن و زاری بکەی فرمێسکی چاوت بێ بە شەت
|
ناحەق نییە نەوعی بەشەر دێوانەوار و بێ خەبەر
|
کەوتوونە کێو و دەشت و دەر، دیویانە حوسن و خاڵ و خەت
|
لەو مەدرەسەی پڕ وەسوەسە، سی ساڵە کەسبی عیلم ئەکەی
|
مانەندی تیفلی ئەبجەدی، ئەرکان و ڕێی دینت غەڵەت
|
ئاداب و عیلمی هەندەسە هەر قیل و قالە و وەسوەسە
|
تۆ وەرگرە لەم مەدرەسە دەرسێک بێ حەرف و نوقەت
|
سابیر بە یار و ئاشنا چاو و دڵی بوو ڕۆشنا
|
حەمد و سەنا يا ربّنا لێم دوور نەبێ ئەو یارە قەت
|
سابیر ئەگەر تۆ ئارەزووی دەرسی ئەدیبی ئەشق ئەکەی
|
عیلمێکە قەت حەل ناکرێ بێ حەرف و ئیعڕاب و نوقەت
|
سابیر چییە هاواری تۆ، پێی خۆش نییە دڵداری تۆ
|
گەر هەمزوبانە یاری تۆ لادە لە گوفتاری سەقەت
|
زۆرکەس بە تەحمید و سەنا چاوی دڵی بوو ڕۆشنا
|
سابیر ئەبێتە ئاشنا دوور ناکەوێ لەو یارە قەت
|