ئەی نەوڕەسی غونچەی ڕەزو باغی گەلی کوردان
|
هیوای دڵ و وەی موفتەخەری قەیرەو و لاوان
|
ئەی ساحیبی فیکری حیکەمی و کەللەیی پڕ هۆش
|
ئەی دائیرەیی مەرکەزی موڵکی شەهی بابان
|
ئەی تازە نەمامی چەمی شیرینی سمایل
|
ئەی لالەیی بەڕڕاق و گەشی چیمەنی عەدنان
|
ئەی نوتفەیی پاکیز و گوزیدەی شەهی مووسڵ
|
ئەی ڕۆڵەیی قۆچاخی عەلی شێری یەزدان
|
ئەی تەرزی درەختی تەڕ و سەبزینی حوسەینی
|
ئەی عەرعەری دەسنێژ و وەچی دوانزە ئیمامان
|
ئەی گەوهەری بیزەرخ لە بەرزنجەیی یەکتا
|
ئەی باعیسی ژین و ئەمەلی گەورەیی کوردان
|
پێی ناوێ بکا مەدحت ئەسیری، وەکو ڕۆژی
|
ئەی سەروەری گەل، بابە عەلیی مەنبەعی عیرفان
|