هەور ئەگری بە کوڵ، گوڵ پێئەکەنێ
|
باوک و فرزەندی بێرەحم ئەنوێنێ
|
نێرگز بە بۆنەی چاوی مەستەوە
|
ئەژاکێ لە دەس دەستاودەستەوە
|
گوڵاڵە ئاڵای ئاڵ و واڵای خۆی
|
بووە بە لەکەی داخی دەروون بۆی
|
بەڕەزا ئەڕوێ لە پەنا هەردا
|
بای مەینەت سەری ئەدا بە بەردا
|
وەنەوشە شێوەی شینی شینی خۆی
|
بووە بە باری گەردنکەچیی بۆی
|
پیشۆک لە خاکا بە خاکساری
|
پەرێشان پرچە لەبەر هەژاری
|
خۆی لە ژێر خاکا ئەشارێتەوە
|
ژنەلادێیی ئەیدۆزێتەوە
|
هەڵەکۆک کە باو لە بەفر ئەسێنێ
|
بێڵەکان سەر و بنی دەردێنێ
|
شنگی شۆخ و شەنگ بە سنگێکی دار
|
سنگی ئەشکێنن ئەیخەنە بازاڕ
|
لاولاو کە بە شەو ئەگەشێتەوە
|
ڕۆژ ڕووی خۆی لە ڕۆژ ئەپێچێتەوە
|
مێخەک گەردنی هەڵئەقرتێنن
|
سنگ و بەرۆکی پێ ئەڕازێنن
|
گوڵ بەو جوانییە ئەیخەنە مەنجەڵ
|
جواناو ئەڕێژێ بە هەڵم و دووکەڵ
|
بە بۆنەی بۆنە وا ئەیخنکێنن
|
ئامانی نادەن هەڵیەپچورکێنن
|
چیمەن کە سەوزەی نەوخیزی ناوە
|
بە لەقەی فتبۆڵ پێپەست کراوە
|
ئەرخەوان پەنای بردە بەر مردوو
|
لەویشدا ئەیکەن بە داری مردوو
|
ئەمە ناو ئەنێن سەیرانی بەهار!!
|
منیش ئەڵێم: داد لە دەست ستەمکار!
|