هاوار تێپەڕی، هاوار تێپەڕی
|
دووری باڵاکەت لە حەد تێپەڕی
|
پەژارەت هێزی لە ئەژنۆم بڕی
|
لە هێلانەی دڵ شەوقی دڵ فڕی
|
فراقت فەرقی کرد بە کۆی مەفرەق
|
دڵ بە شەوقی غەم وەک شەبەق بوو شەق
|
تۆ جوێ بوویتەوە و گیان جیا بووەوە
|
ڕۆژی ڕووناکم تاریک بووەوە
|
تیرێکی وەهات داوە لە جەرگم
|
بێزارم لە ژین لام خۆشە مەرگم
|
توخوا خۆت بیڵێ نەونەمامی نۆ
|
مردن خۆشترە یاخود دووری تۆ؟
|
مردن جارێکە و زوو ئەبڕێتەوە
|
دووریت دەردێکە ئەتەنێتەوە
|
ڕەنگە جەستەی من شووشەی پۆڵا بێ
|
هێند بیڕەنجێنن هێشتا هەر ما بێ
|
چەرخی چەپکردار خستوومیە سەما
|
وەک بەردم دابێ لە شوشەی سەما
|
نایەڵێ ساتێک بسرەوم بۆ خۆم
|
ئەمە ساڵێکە من چاوەڕێی تۆم
|
با شەوێک لە لات دەردم هەڵڕێژم
|
تامی شیرینی ڕازت بچێژم
|
ئەنجا بشمرم هیچ باکم نابێ
|
گەرمەگۆڕمە نان و کەبابێ
|
ئێستا لە داخا هیچم پێ ناخورێ
|
نەوسن چۆن بەرگەی برسێتی ئەگرێ
|
دوو شتە ڕێگەی ڕزگاری من بێ
|
یا یار هی من بێ، یا یار هێمن بێ
|