یاران فەرهادم، یاران فەرهادم
|
بە وێنەی فەرهاد هەر ڕەنج بە بادم
|
هەم مەجنوونیشم لە هۆش ئازادم
|
کوردێکی پەتیم بۆیە ناشادم
|
دوو عاشقی کۆن هەردوو ناودارن
|
هەردووکیان کوشتەی عەشقی دڵدارن
|
هەرچی شاعیرە بۆ ئەفسانەی عەشق
|
پیشەی ئەوانیان کردۆتە سەرمەشق
|
تاهربەگ ئەڵێ: یاران فەرهادم
|
جێنشینی خاس قەومی فەرهادم
|
وەلی دێوانەش ئەڵێ: مەجنوونم
|
دێوانە، وارس قەومی مەجنوونم
|
ئیتر مەجنوونە یاخود فەرهادە
|
تەرانەی عاشق داد و بێدادە
|
یەکێکیان مەجنوون قەیسی عامری
|
ئەوی تر فەرهاد لە دنیا بەری
|
فەرهاد کوردێکی دەوری بێستوون
|
لە عاشقیدا شێتتر لە مەجنوون
|
مەجنوون هیچ نەبێ لەیل دڵخوازی بوو
|
لە منداڵیشدا لەیل هامڕازی بوو
|
فەرهاد بە تەفرەی شیرینی بەدناو
|
هەر لە خۆیەوە پێی خۆی خستە داو
|
نەدیو، نەناسیاو، ڕەدوو کەوتبوو
|
وەک کچە مەنگوڕ هەڵیانگرتبوو
|
بە سیاسەتی ڕەقابەت هێنای
|
فەرهادی کردە دۆستی جانفیدای
|
خوسرەو لەشکری ئیسفەهانی بوو
|
شیرینیش ڕێکەوت فەرهادی بۆ بوو
|
فەرهاد ئەیزانی کە بۆ ڕەقابەت
|
پێی ئەکەوێتە داوی سیاسەت
|
بە عەشقی شیرین تەشوێی ئەوەشان
|
بە زۆری بازوو کێوی ئەڕووخان
|
شیرین و خوسرەو بوونەوە بە یار
|
فەرهاد قوڵنگی خۆی لێ کەوتە کار
|
خۆ من عاشق نیم عەشقیش نەماوە
|
لە ناو دڵخوازا بێ شەرمی باوە
|
بەڵام من لەسەر عاشقانی پێشووم
|
تەشوێی سیاسەت بووە بە تێشووم
|
ئەمەوێ کێوی بێستوون کون کەم
|
بە زمانی شیرین شوێنی خۆم ون کەم
|
ئاخ چی بکەم لەگەڵ سەرنویشتی خوا
|
کورد بە قاڵەی دەم زوو تەفرە ئەخوا
|