سەبەب چییە ئەی دڵی دێوانە دووبارە پەشێواوی
|
لە عەقڵ و فەهمەوە دەرچووی، لە عەیب و عارە وا ماوی
|
مەگەر مەحکوومی یاری یا لەبەر ئیعدامێ ترساوی
|
وەکوو کوشتەی قەساب ئەی دڵ چییە وا غەرقی خوێناوی
|
لە گۆشەی بێکەسی دائیم لە غەمدا مات و داماوی
|
لە موڵکی حوسن و ئیقلیمی مەلاحەت تاکە ئەم شۆخە
|
عەجائیب شاهـ و عارز ماهـ و تینەت پاکە ئەم شۆخە
|
دلا سەد کوشتەیی وەک تۆی لە ژێر پێ خاکە ئەم شۆخه
|
ئەگەر فەرمووی لە قەتلی عاشقان بێباکە ئەم شۆخە
|
هەزاری کوشتووە وەک تۆ قەدی لاولاوی و لاوی
|
بە حەلقەی زولفەکەی، یارم عەجائیب داوی داناوە
|
بە دانەی خاڵەکەی سەر ڕووی فەریبی عالەمی داوە
|
لە وەحشەت بوو کە تەیری دڵ بە نێویا هات و تێ ماوە
|
چ سەیادێکە، سەد وەحشی لە چینی پرچی پێچاوە
|
خەڵاسی تۆ نییە ئەی دڵ لە داوی زوڵفی باداوی
|
لە سەر سەفحەی شەهیدانە لە سایەی عەشقی تۆ ناوم
|
بکە ڕەحمێ بە من قوربان بە غەمزەی تۆیە کوژراوم
|
لە ڕوویی دۆستی جارێ بنۆرە ئەشکی خوێناوم
|
ئەگەر فەڕزەن عەدوو بێتن ببینێ چارەیی چاوم
|
لە بۆ من خوێن دەبارێنی لەسەر دوو چاوەیی چاوی
|
دڵا بۆچی دەوام ناکەی لە عەشقا هەرچی تووشت بوو
|
گوتی چ بکەم کە شێواوم بە سیحری چاوەکەی جادوو
|
لە پیری عەشقەوە پرسیم ئەویش دووبارە وای فەرموو
|
دڵا، دێوانەیی خۆتە کە یار بێمەیلە دەرهەق توو
|
وەئیللا ئەو لەسەر ئەو عەهدە ماوە تۆ ئەگەر ماوی
|
لە تەسویری برۆی با جەدوەلی نەققاشی چین دەرچی
|
لە تەرزی قامەتی بەرزی قەدی شمشاد عەرعەر چی
|
لە وەسفی نەوخەت و خاڵی تەواو بوو عومرەکەم گەرچی
|
لە تەعریفی بڵێم چی با قەڵەم دەرچی بڵێم هەرچی
|
تەواو نابێ بەچی ئەوسافی پێچی پەرچەمی خاوی
|
لە دەردی بێ دەوا بوویمە غەریب و شووهرەیی شاران
|
دوعامان بۆ بکەن ئێوە و خودا زومرەی وەفاداران
|
لە ڕاستم، گوێ مەدن بە قسەی ڕەقیب و قەولی بەدکاران
|
مەڵێن سافی کە ئێستێکە لە یادی یار نییە، یاران
|
لە دڵدا فیکری دڵدار و هەمیشە زکر ئەکا ناوی
|