سەد شوکری خودا پاکە دەروونم لە عەداوەت
|
وەک بەعزە کەسێ نیمە دڵی پڕ لە قەساوەت
|
ئەحواڵی سیاسەت نە ئەپرسم نە ئەزانم
|
عاشق بە قسەی عاقڵ و دانایی زەمانم
|
قەت چەرخی فەلەک ناکەمە دوژمن بە ژیانم
|
چۆن دێت و دەچێ لەککەیی ئەو ناخەمە شانم
|
قەرزی ئەم و ئەو ناخەمە پشتگوێ بە فڕوفێڵ
|
بۆ نانی بەلاش نیمە خەیاڵێ کە ببم وێڵ
|
سواڵی عەرەق و ئەلبیسە و قۆندەرە ناکەم
|
مەیلی شەڕە جرت و قسەیی مەسخەرە ناکەم
|
خوو نادەمە سەر کۆنکەن و سەر پۆکەر و ڕامی
|
گوێ نادەمە سەر شیعر و غەزەلیاتی غەرامی
|
ئەم ڕێیە کە گرتوومە لەلام ڕاست و ڕەوانە
|
بەم ڕەنگە ژیانی بەشەرییە چ جوانە
|