سەد نامی خودا ڕوومەتی وەک ماهی تەمامە
|
لەو چاوە نەخۆشانە دەڵێ مەستی مودامە
|
ڕوخساری گوڵی نازک و دەم غونچەیی تەنگی
|
لەو زولف و خەت و خاڵە دەڵێی دانە و دامە
|
وا چاکە نەمامی قەدی تۆ تازە و تەر بێ
|
بینێژە لەسەر دیدەیی من جێگە نەمامە
|
لەوساوە کە تۆ ڕوومەت ئەشاریتەوە گیانە
|
مەجنوونی بیابانم و شەو شین و هەرامە
|
بەو غەمزە دڵم کون کونە وەک خانەیی زەنبوور
|
بەو قەوسی برۆ هەم جگەرت لەت لەت و زامە
|
سەد جا کە دڵم عاجز و بیمارە لە دووریت
|
یادت تەرەب و شەوچەرەس و بەزم و چرامە
|
ساقی بە فیداتم بدە ئینساف و مەیی ساف
|
دەرمانی دڵی خەستە بەڵێ بادە و جامە
|
موتریب وەرە تۆش ئەم غەزەلە تازە لەبەر کە
|
لوقمانی هەموو دەرد و غەم و مەرهەمی زامە
|
حیفزی بکە یا ڕەببی لە چاوی حەسەد و بەد
|
ئەو دولبەرە قەد عەرعەرە ئەو کەبکی خەرامە
|
عەیبت نییە غەیرەز ئەمە بێ ڕەحم و وەفایی
|
بۆ شیمەیی تۆ چا نییە ئەم ڕەسم و نیزامە
|
تا ناوی خۆشت ویرد و دوعای سابیرە قوربان
|
دەرمانی هەموو دەرد و غەم و مەرهەمی زامە
|