سەر لە بۆ سەربازی چاکە نەک لەبۆ چەتفەی گران
|
دڵ لە بۆ خەمخۆری چاکە نەک لەبۆ میهری کچان
|
چاو ئەگەر فرمێسکی خوێنین دانەڕێژێ بۆ وڵات
|
دەک بە کوێری هەر بمێنێ تاوەکوو ئاخر زەمان
|
دەم ئەگەر هاواری هۆزی خۆی نەکا پڕ بێ لە قوڕ
|
سینە وەک کۆتر نەناڵێ، پڕ بێ لە ژان
|
بۆیە شانم پێ ئەوێ، باری خەمم بۆ هەڵگرێ
|
یا زمانم بۆیە چاکە، ببڕێ وەک تێغی دەبان
|
بۆ جلیت بازی قسە و مەیدانی فێڵ و دەس بڕین
|
شەهسوارێکم بە چەشنی ڕوستەمی مازەندەران
|
بێتە سەر باری کەرەم یەک دانە جۆ نادەم بە کەس
|
خۆم بە جۆیێ ئەیفرۆشم، ئاو و خاکی نیشتمان
|
من بە دەم میللەت پەرەستم، خزمەتی کوردان ئەکەم
|
خوێنی بابیشم ئەڕێژم بۆ تەماعی یەک قەران
|
ئافەرینم بارەکەڵڵا ئیشی خۆمە چاو و ڕاو
|
دوو دڵ و سێ دولبەر و چوار مامەڵە و پێنج شەش زمان
|
تاوێ گاندیم بۆ وەتەن تەرکی هەموو خۆراک ئەکەم
|
تاوێ شێخی خانەقام و تاوێ جەردەی سەر ملان
|
تاوێ ئەمبینی ئەفەندیم، عەتر و سابوونم هەیە
|
لەحزەیێ سەیرم ئەکەی شێخ و مەلا و ڕیشێکی پان
|
هەر شەوێ پارەم ببێ تەقلیدی سەد خەییام ئەکەم
|
هەر سەعاتێ مەی نەبوو، بەرماڵ و شانە و تەیلەسان
|
تاوێ کوردم، ڕانک و چۆغە و مێزەر و پەستەک لە بەر
|
گاهێ شەپقە، گەهـ قەلەنسوو، گاهێ خوودەی سەر گران
|