سەرخۆشم پەروام نییە، بێ باک ئەڵێم: با بێ شەراب
|
سێوی ترش و پرتەقاڵ و هەم هەنار یاخۆ کەباب
|
بۆ مەزەی مەی، بێنە ساقی، لازماتی نۆشی مەی
|
مەجلیسی بەزمم تەواو کە، بێنە دەی ساز و ڕوباب
|
بەپەلە سووڕێ بدە، با سەرگران بن مەجلیسم
|
شۆڕشێ پەیدا بکە، دڵ بێتە حاڵی ئیزتراب
|
بەزمی کەیخوسرەو بینا کە تا سبەینێ ساقیا
|
بیرە و ویسکی و مەزە و قۆنیاخ و ئارەق، هەم شەراب
|
گشتم بۆ ئامادە کە تاکوو بە وێنەی ئەنوەران
|
سەیری ئەم دونیایە کەم، لاچێ لە پێش چاوم حیجاب
|
چوون منەووەر شارەزای سەرکەوتنن، تەرفیع ئەکەن
|
شەرتی ئەووەڵیان شەرابە و کەیف و سەیران و حیساب
|
عومری بێهوودەم بەسەر برد، ئێستە بیرم کەوتەوە
|
هیچ نەزان بوون باپیرانمان، ماڵسووتاو، خانەخەراب
|
قانعا تۆش خۆت منەووەر کە بە شێعری فەشقیات
|
گوێ مەدە هەرگیز بە دنیا، دڵفەرەح بە و کامیاب
|