سەرگوزەشتەی پیرێژنان
پوور تڵێخان بزنێکی بوو | سبەینان بۆ بێرە ئەچوو |
کیتەڵەی ئەبرد ئەیدۆشی | لە ماڵەوە دایئەپۆشی |
ڕۆژێک مام ڕێوی دۆزیەوە | سەری لادا بە دزیەوە |
مڵچە مڵچ شیری هەڵقوڕاند | پوور تڵێخان کلکی پەڕاند |
ڕێوی ڕایکرد بۆ ناو ڕێویان | لێیان کرد بە چەپڵەڕێزان |
هەی ڕێوی کلکی بڕاوە | ئێجگاری ئابڕووی تکاوە |
ڕێوی هاتە لای تڵێخان | لێی پاڕایەوە بە گریان |
وتی: کلکە قوڵێم وێدە | داپیر وتی: شیرم پێدە |
ڕێوی وتی: شیرم نییە | داپیر وتی: ئەی بز چییە؟ |
ڕیوی ڕۆیشت سەری کز کرد | خوازبێنی شیری لە بز کرد |
وتی: بز شیر وە داپیر دا | داپیر کلکە قوڵێم وێدا |
بز وتی: با دار گەڵا دا | گوانی بز لە شیر قەڵا دا |
ئەمجا بز شیر دا بۆ داپیر | کلکە قوڵێت بێتەوە گیر |
ڕێوی هەڵسا چوو بۆ لای دار | گریا و دەستی کرد بە هاوار |
دار وتی: با کانی ئاو دا | لقی من سەوز بێ و گەڵا دا |
ڕێوی ڕووی کردە لای کانی | مشووری بەر ئەویش هانی |
کانی وتی: کیژ چۆپی کا | ئارەقی خۆی لە کانی کا |
کانی ئەوسا ئاو بۆ دار دا | دار سەوز بێ و گەڵا بە بار دا |
گەڵا بۆ بز بێ و بز شیر دا | لە تۆڵەی شیری داپیردا |
داپیر شیری دی لە جێدا | ئەوسا کلکە قوڵێی وێدا |
هاواری بۆ لای کیژ هانی | کیژان بێنێت بۆ سەر کانی |
کیژان کەوشی سووریان نەبوو | پەنایان بردە بەر کەوشدروو |
کەوشدروو ناردیە لای مامر | هێلکەی بۆ بکات بە قڕەقڕ |
مامر، دانی لێ داوا کرد | هاواری بۆ بەر جووتیار برد |
جووتیار دانی دا بە مامر | مامر چێکڵدانی بوو پڕ |
بە گارەگار هێلکەی بۆ کرد | بۆ وەستای کەوشفرۆشی برد |
وەستا کەوشی بۆ کیژ دروو | کردیانە پێیان زوو بە زوو |
چۆپی لەسەر کانی کرا | لە کانی ئاو بۆ دار برا |
دار گەڵای دا و بز شیری دا | ڕێوی شیری داپیری دا |
داپیر کلکە قوڵێی دایەوە | بە بنێشتەتاڵ گیرسایەوە |
ڕێوی چووە ناو ڕێوییان | لێیان کرد بە هەللا کێشان |
وتی: بۆنی بنێشتەتاڵ دێ | دەریان کرد هاتەوە بۆ دێ |
دەستێک جلی جوانی دزی | کردیە بەر بە دەعیە و فیزی |
هاتە ناو ڕێویان زوو بە زوو | وتیان: هەی ئەمەت لە کوێ بوو؟ |
وتی: لە بن گۆمێکایە | سەد ئەوەندەی دی تێدایە |
وەرن بچین نیشانتان دەم | وەک من دەریبێنن بە دەم |
بردنیە سەر گۆمی سەر ئاو | یەکێکیان خۆی خستە بن ئاو |
بە بڵقەبڵق ئەو دەخنکا | ئەیوت: ئەوا بانگتان ئەکا |
هەموو خۆیان تێ فڕێدا | بە جارێک خنکان لەوێدا |
ڕێویش دنیای نەبردە سەر | کردەی بەدی خۆی هاتە بەر |
ڕاوکەرێکی لێ پەیدا بوو | کوشتی و بازاڕی کۆتا بوو |
هەرچی وەک ڕێوی فێڵباز بێ | تووش ئەبێ نابێ دەرباز بێ |
خوا ڕاستە و ڕاستی لا خۆشە | چەوتیی سەرەنجامی بۆشە |
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|