لە پێش چاوم هەموو عالەم بە چەشنی پەڕەکایێکە
|
سەرم گەرمە لە مەستیدا چ دەربەستی کڵاویێکە!
|
هەموو مڵکی بەڵا و میحنەت بە تەنیا ملک و تاپۆمە
|
کەسێ وا بێ لە ناو شارا چ دەربەستی سەرایێکە؟!
|
بە غەیرەز خەم کە خواردنمە نەهار و شام و بەرقلیان
|
لە ئەنعامی خوا حیسسەی ئەمن تەنیا نیگایێکە
|
لە ئاسمانا بەلایێ بێ لە پێشا دێتە مالی من
|
بەڵای غەیبی لەگەڵ مندا عەجایەب ئاشنایێکە
|
بە چەن زەحمەت یەکێ هاودەم ئەبینم تێگەیشتوو بێ
|
کە وەختێ دێتە گفتوگۆ لە بەختم نێرەگایێکە
|
ئەوەندە یاس و بێزارم لە عالەم چۆلییە جێگەم
|
سەفی نەگبەت لە چوار دەورم بە عەینی وەک سوپایێکە
|
دەخیلت بم لە دەس میحنەت فیرارت قەت نەبێ هەرگیز
|
لە بۆ دەفعی خەم و غوسسە بەڵا پشت و پەنایێکە
|
ئەیا ملهوڕ بە مەهتووکی مەفکرە سەرکزی بێدەست
|
کە چون دەرمانی چەن دەرد و برینی زل گیایێکە
|
لە دوورۆ پێم ئەلێن «قانع» پیاوێکی ملئەستوورە
|
بە دیقەت بێن تەماشا کەن کە هەر فرمێسک و ئاهێکە
|