سەرگەشتەی چەرخی فەلەکی بێ سەر و پا خۆم
|
ئاوەرەی شام و حەلەب و حومس و حەما خۆم
|
پاماڵی هەم و میحنەت و هیجرانی زەمانە
|
موستەغرقی دەریای غەم و جەور و جەفا خۆم
|
پەیوەستە جگەر خەستە لە ناو ماڵی پەڕۆدا
|
بێ زەمزەمە و عوشرەت و بێ شەمع و چرا خۆم
|
ماتەم زەدەی بێ کەسی و مەوسمی مەغریب
|
ئاشیفتەی دەرس خوێندنی هەنگامی عیشا خۆم
|
سبحەینێ لەبەر نەعرەی چادرینم و یورمش
|
حەیران و پەرێشان و سەراسیمەیی چا خۆم
|
گەهێ گۆشم بە ئاوازەی نەقارەیی تەعلیم
|
گەهێ شیفتەی دەنگی دەهۆڵ بانگی هەوا خۆم
|
گەهێ پەستی سەلام هەمزە و گەهێ مەستی سەلام دوڕ
|
گەهێ خەستە دڵ و باخەبەری سایلەسا خۆم
|
ساغابەگوسولا بەگ فکری شەو و ڕۆژم
|
باق باقە بووەتە ویردم مەشغوڵی ئەدا خۆم
|
سوڵدەن چەری دون سوڕم وای بە چی نەوعێ
|
وەک فڕفڕە گەهـ ڕوو لەبەر و گەهـ لە قەفا خۆم
|
تۆپ قاڵدار و تۆپ ئەندری خستومیەتە جومبوش
|
وەک ورچ خەریکی تەرب و ڕەقس و سەما خۆم
|
دیس چۆک پەرەیان هەمهەمەی بانگی ئەیاخ قاخ
|
شێواندمی گاهێ لە زەمین گەهـ لە سەما خۆم
|
هەنگامی ئەلەر قەجەیە وەزعییەت ئاڵ ئاخ
|
وەک مەردە پدەر دەست بە کەمەر دەم بە سەدا خۆم
|
سەرسامی هەوای مۆسیقا و بوڕیەیی تەدریب
|
دایم لە خەیاڵ بادشەهـ و جوق یەشا خۆم
|
ڕۆژ تا بە عیشا توربە و یامنلینمە بارم
|
مانەندی کەوی کاهکەشی دەستی فەلا خۆم
|
تەعلیمی هەدەف نووری بەسەرمی بە فەنا دا
|
کوێرانە سیفەت شام و سەحەر دەست بە عەسا خۆم
|
وا کەشمەکەشی مانۆرە جەرگی بڕیوم
|
قەدی بەدەنم ڕەویوە دوچاری سزا خۆم
|
بێ زینەتی فەقیانە و لاپێچی نیگارین
|
بێ شەوکەتی سەڵتەی پەمەیی بێ شان و عەبا خۆم
|
بەم بەرگەوە لەبەرما کە ئەڵێی گورگی زەهاوم
|
دایم لە شەڕی سەگ سیفەتان ئاوڵە پا خۆم
|
ئەوسا بە هەوای شەوقی گوڵ و زەوقی دڵ ئەموت
|
سەد شوکری خوا بولبولەکەی گوڵشەنی شا خۆم
|
ئێستا لە شەوقی چەرخی فەلەک وێڵی ووڵاتان
|
ئیفتادەی بەردەگای ئوستادی جۆڵا خۆم
|
دایم لە جیاتی شەهد فرۆشی شەو و ڕۆژم
|
مەشغوڵی هەوا بەستن و هەم ڕایەڵە و تا خۆم
|
ترسم هەیە بۆ سوننەتی دڵ و سەبری
|
مانەندی سەمەندەر هەمدەمی ئاتەشی چا خۆم
|
بەم حاڵە پەرێشانە و بەم ڕێگە پەشێوە
|
پابەندی وڵاتی کۆ مەقامێکی وەها خۆم
|
هەرچەند کە نەزەرگەی غیلمانی بەهەشتن
|
هەریەکە بە ئیشارەت کە ئەڵێن حۆری لەقا خۆم
|
دڵ تەفرەم ئەدا کوچە و بازاڕم ئەگیرێ
|
چی بکەم لەدەست ئەم زاڵمە ؟ قەد نابێ ڕەها خۆم
|
لەش و لاری وجوودم بە حەزانی خەمی دەوران
|
زەرد بووە وەرەق و پەڕی بێ نەشئە و نما خۆم
|
ناتیق بە خوا گەر لە خوا نابێ خەلاسی
|
حەسرەت زەدە و غوتەوەری بەحری فەنا خۆم
|