سەوزەڵەی چاوڕەش، سەوزەڵەی چاوڕەش
|
ڕۆژی ڕەش کردم سەوزەڵەی چاوڕەش
|
وەختێ زوڵف و پرچ لێک ئەبن بە نەخش
|
عەقڵ و هۆشی من هەردوو ئەبن پەخش
|
پرچت لوول مەکە حاڵم پەشێوە
|
کێ ناشێوێنێ ئەو توڕڕە و شێوە؟
|
پڕ «روح القدس» ە سڕڕی ئەو لێوە
|
هەرتای زوڵفێکت دڵێکی پێوە
|
ڕەشیی بەختی من کلی چاوتە
|
ڕشتەی حەیاتم زوڵفی خاوتە
|
ئەم چەند ڕۆژەیە کەوا باوتە
|
دڵم مەشکێنە کە پێناوتە
|
کوشتەی نازی خۆت زۆر مەدە ئازار
|
زوڵفت نەبێتە پەرژینی ڕوخسار
|
با ڕۆژ نەگیرێ و نەکەومە هاوار
|
عاشق لە بێزار زوو دەبێ بێزار
|
پرچت لوول مەکە، دڵم مەلوولە
|
شێوەی مەلوولیم وەک پرچی لوولە
|
تۆماری شەرحی دەردم بەتوولە
|
تەریبی وەسڵ و بەختم شەفتوولە
|
بەسم بکوژە بە تیری غەمزە
|
غەمزەت ئەندامی هێنایە لەرزە
|
قەتڵی دڵدادەت لە لای تۆ فەرزە
|
سەوزەی بێ بەینەت! ئاخ داخت سەوزە!
|
ئیشارەی دیدەت بە من ئەنوێنیت
|
خەریکی ئەوەی گیانم بستێنیت
|
وا گیانم دایتێ هەر تۆ بمێنیت
|
بە مەرجێک لە سەر قەبرم بخوێنیت
|