شارێ ئاوێکی خەمڕەوێنیان بوو
شارێ ئاوێکی خەمڕەوێنیان بوو | ئەیانخواردەوە عەقڵیان تێک ئەچوو |
یەکێ لە لاوە هاتە ناو ئەوان | بە شێتیان زانی کەوتە بەر زبان |
هیچ کەس لە عەقڵی ئەو ڕەزا نەبوو | لێک کەوتنە ڕوو مابەینیان تێک چوو |
دوایی کە زانی تەنها مایەوە | ئاوی خواردەوە و کەوتە کایەوە |
بە «ورپاتلاسون» بە «چال اونیاسون» | خۆشیان ڕابوارد ئەوانیش وەک من |
بەڵام من بەبێ ئەوە دەبەنگم | قەلەندەرێکی بێ نام و نەنگم |
ئەوەندە هەیە یەکڕوو یەکدڵم | لە مەتانەتدا پەروەردەی گڵم |
هەندێکی وا هەن هەسانی مەککەن | سەما بە دڵی بزورگان ئەکەن |
بە مێچکە مێچکە پێ ئەلێسنەوە | کە هەڵخلیسکا خۆ ئەکێشنەوە |
ئەمە تەجرەبەی ئەوەندە ساڵە | هەرچی باوەڕیان پێ بکا منداڵە |
باوجود ئێستا منداڵ پەسەندە | کەس بە پیر ناڵێ کەرت بە چەندە |
پیر قڕان داهات، تو خوا با بمرن | خووی چڵوچۆیی ئەم دەورە نەگرن |
ڕۆژنامەی ژیان، ژمارە 531
1937/06/21
This work is first published in Iraq and is now in the public domain because its copyright protection has expired by virtue of the Law No. 3 of 1971 on Copyright, amended 2004 by Order No. 83, Amendment to the Copyright Law. The work meets one of the following criteria:
|