لە مەی نۆشیم ئەگەر مەنعم بکەن مەئمورەکانی شەرع
|
شکاتی خۆم ئەبەم بۆ لای حەکیمی حاڵ زانی شەرع
|
بەڕۆژوو بووم برۆم دی وامەزانی مانگە بۆم دەرکەوت
|
ئەبینم شۆڕشی مانگە، لە ناو دێوانەکانی شەرع
|
ئەگەر زاهیر تەنەفوور کا لە سەیری ڕوومەتی ئاڵت
|
ئەبێ تووشی جەزای خۆی بێ، بە ئەمری ئامیرانی شەرع
|
خەیاتەی زوڵفی دووتا کرد، کە یەعنی لا لە جادەی دین
|
لە نەفییۆ بردی بۆ ئیسبات، هەموو فەرمانەکانی شەرع
|
لە شەوقی سەفحەکەی کوڵمی، ڕەشی ئەگریجەکەی تایتای
|
خەیاڵم هاتە سەر وەسفی هەموو نەقڵ و بەیانی شەرع
|
ئەلا ئەی ئافەتی دڵ ئەمڕۆ بۆ چی بێ مرەوەت بووی؟
|
مەگەر بیمت ئەسڵەن نییە، لە ئەمری حاکمانی شەرع
|
لە بۆ تەحسینی مەسنووع خوا وەک چاوی تۆ نابێ
|
لە ناو دووسەد کتێبخانە و کتێب و دەفتەرانی شەرع
|
لە باخی فیکری میللەت، تازە نێژرا دارەکەی ئومێد
|
ئەترسم ڕیشەکێشی کەن، برا بێکارەکانی شەرع
|
ئەفەوتێنێ حوقووقی ئێمە بۆ نەفعی خسووسیی خۆی
|
درۆی زل زل ئەکا بۆمان، بە زمانی ساحیبانی شەرع
|
بە مەستی قانع هات و بە مەستانە بە چۆکا هات
|
لە سەر دەردی دڵی ئیجرا ئەکا ئەمر و بەیانی شەرع
|