شۆخەکەی بێ ڕەحم و ئینساف قاتیلی جانم وەرە
|
باعیسی گومڕاهی شاهـ و شێخی سەنعانم وەرە
|
دڵ هەمیشە ئینتیزاری لوتف و ئینعامی تووە
|
دەردەمەندی قامەتی تۆم چاو بە گریانم وەرە
|
دڵ وەکو بولبول دەناڵێ تالیبی ئاوی گوڵە
|
هەر ئەتۆی پڕشەنگی ژینم ماهی تابانم وەرە
|
گیان و دڵ بۆ تۆ نەماوە پڕ لە ئاهـ و حەسرەتە
|
سینە پڕ جۆش و خرۆشە جانی جانانم وەرە
|
دائیما وەک سۆفی مەجزووبە بە عیشقی دولبەران
|
تا نەفەوتاوم عەزیزم پێشی فەوتانم وەرە
|
عاشقی وەک من لە بۆ تۆ زەحمەتە پەیدا ببێ
|
چاوەڕێی تۆم زوو لە بۆ باغ و گوڵستانم وەرە
|
پایزی هیجرانی تۆ وا ڕەنگی ڕووی زەرد کردووم
|
هەم لەبەر ساردی فیراقت ڕوو لە کێوانم وەرە
|
عاجزم ڕووحی ڕەوانم، پڕ لە ئێشە جەرگ و دڵ
|
تۆی تەبیبم زوو لە بۆ دەرمانی دەردانم وەرە
|